رووداو دیجیتاڵ
ئەو دۆڕاندنە قورسەی یانەی ریال مەدرید لەسەر دەستی رکابەرە هەمیشەییەکەی، بارسێلۆنا لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیادا تووشی بوو، وەک بوومەلەرزەیەک بناخەی "کۆشکی سپی"ـی یانەی شاهانەی هەژاند و لێشاوێک لە تووڕەیی و ناڕەزایی لەنێو هاندەرانی یانەی شاهانەدا نایەوە.
تیپەکە بەسەرۆکایەتی کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ئیتاڵی ئاستێکی بەرزیان پێشکەش نەکرد و لە هێڵەکانی جیاوازدا بۆشایی روون دەرکەوت، ئەمەش وایکرد فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە بەخێرایی هەنگاو بنێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو یاریزانانەی بەرپرسیارن لەم ئاستە نائومێدکەرە، و بڕیاری تووندیش بدات بۆ گەڕاندنەوەی تیپەکە بۆ سەر رێڕەوی راست.
سەرچاوەکانی ماڵپەڕی fichajes ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێستا 3 ناوی دیار لە لیستی ئەو کەسانەدان کە بە بڕیاری سەرۆک پێرێز لە گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەجێدەهێڵن، دوای ئەوەی متمانەی کارگێڕیی یانەکەیان لەدەستدا.
ئورێلیان چوامینی.. گرێبەستە شکستخواردووەکە
ئۆرێلیان چوامینی، یاریزانی فەرەنسی لە هاوینی 2022 گەیشتە یانەی ریال مەدرید، ئەمەش لەکاتێکدایە کە کارگێڕیی یانەکەی مەدرید بەیەکێک لە پایە گرنگەکان دایدەنا بۆ ئەوەی ئایندەی تیپەکە لە هێڵی ناوەڕاستدا لەسەری بنیات بنرێت.
بەڵام دوای دوو وەرز و نیو لەدوای پەیوەندیکردنی بە لۆس بلانکۆسەوە، چوامینی ئەو ئاستەی پێشکەش نەکرد کە لێی چاوەڕێ دەکرا و ئێستا بەتەواوی هەمووانی بێهیوا کردووە.
ئاستی چوامینی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، کاریگەرییەکەی لە ناوەڕاستی یاریگادا لەدەستداوە، هەروەها وەک پێویست نەیتوانیوە سەرکردایەتی هێڵی ناوەڕاستی مەدرید بکات. پێدەچێت ئەو ئاستەی یاریزانە فەرەنسییەکە لەنێو یاریگادا پێشکەشی کردووە شایەن نەبێت بەو تێچووە زۆرەی یانەی ریال مەدرید بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی خەرجی کردووە، بۆیە سەرۆک بڕیاری دەرکردنی داوە.
فێرلاند مێندی.. سەرئێشەی هەمیشەیی
دووەم یاریزان کە پێرێز بڕیاری دەرکردنی داوە، فێرلاند مێندیی بەرگریکاری چەپی فەرەنسی یانەکەیە، چونکە بەهۆی هەڵەکانی و ئاستە ناجێگیرەکەی رەخنەی تووندی لێگیرا، بەڵام کێشەی مێندی تەنیا لەڕووی ئاستییەوە نییە لەنێو یاریگادا، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ داواکارییە داراییە زۆرەکانی، کە کارگێڕیی یانەکەی تووڕە کردووە.
یاریزانەکە داوای زیادکردنێکی بەرچاوی مووچەکەی کرد بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەدا، کە کارگێڕیی یانەکە بەتووندی رەتیکردەوە، بەتایبەتی کە لەڕووی کوالیتییەوە زۆر باش نییە. بۆیە پێدەچێت رۆیشتنی لە ریال مەدرید تەنیا پرسی کات بێت.
لوکاس ڤاسکێز.. کۆتایی ئەرکەکە
هەرچەندە لوکاس ڤاسکێز بەدرێژایی ساڵانێک یاریزانێکی گرنگی یانەی ریال مەدرید بووە، بەڵام لەم وەرزەدا ئاستەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، چیدی ئەو زیادکردنی پێویست لە پۆستی بەرگریکاری راستدا دابین ناکات.
ئاستە خراپەکەی ڤاسکێز تیشکی خستە سەر پێویستی بەپەلە بۆ بەهێزکردنی باڵی راستی بەرگری تیپەکە، کە یەکێکە لە خاڵە لاوازە سەرەکییەکانی تیپەکە.
پێدەچێت ڤاسکێز یەکێک بێت لە قوربانیانی دووبارە بونیادنانەوەی تیپەکە، کە فلۆرێنتینۆ پێرێز لە هاویندا ئەنجامی دەدات، بەتایبەتی کە سەرۆک لەسەر ئەوە راهاتووە بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی تیپەکە بڕیاری بوێرانە و بەپەلە بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ