رووداو دیجیتاڵ
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، گرێبەستکردنی لەگەڵ خڤیچا کڤاراتسخێلیای جۆرجی راگەیاند، ئەو یاریزانە بەفەرمی بووە یاریزانی یانە فەرەنسییەکە و خاوەنی یەکێک لە بەرزترین مووچەکانی یانەکە.
پاریس سانجێرمان لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، ئەو یاریزانە درێسی ژمارە 7ی یانەکە دەپۆشێت، کە پێشتر کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی پێشووی یانەکە پۆشیویەتی. کڤارا یەکەم یاریزانی جۆرجییە درێسی یانە پاریسییەکە دەپۆشێت.
کڤارا گرێبەستەکەی بۆ ماوەی چوار وەرز و نیو دەبێت لەگەڵ یانەکە و تاوەکو ساڵی 2029 درێژدەبێتەوە.
بەپێی سەرچاوەکان، دانوستاندنی درێژ لەنێوان هەردوو یانەدا هەبووە و سانجێرمان دەیویست میلان شکرینیاری بەرگریکەر بکاتە بەشێک لە دەستەوارەی گواستنەوەکە، بەڵام ناپۆلی ئەوەی رەتکردووەتەوە و سووربووە لەسەر رێگەدان بەڕۆیشتنی کڤارا بەرامبەر 75 ملیۆن یۆرۆ.
هەندێک سەرچاوە دەڵێن، سانجێرمان بەسێ بەش پارەی گواستنەوەکە دەدات.
کڤارا لە پەیامێکدا ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانە ئیتاڵییەکە کرد و گوتی شانازی بەوەوە دەکەم بوومە بەشێک لە مێژووی یانەکە و شارەکە.
کڤارا لە تەمەنی 23 ساڵیدا و هاوینی 2022 بەرامبەر بە 12 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی دینامۆ باتۆمی جۆرجییەوە چووە ناپۆلی.
سەرچاوە فەرەنسییەکان ئاشکرایانکردووە، مووچەی کڤارا لە یانە نوێیەکەی 9 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە دەبێت، ئەوەش پێنج ئەوەندەی مووچەکەیەتی لە یانەی ناپۆلی کە 1.8 ملیۆن یۆرۆی وەردەگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ