کایل واکەر: ئەمشەو لەنێوان من و ڤینیسیۆسدا شەڕە سەگ دەبێت

17-05-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کایل واکەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کایل واکەر، یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی، دووپاتیکردەوە کە ئەو هەمیشە رێز لە ڤینیسیۆس جۆنیۆر و هەموو یاریزانەکانی دیکە دەگرێت، بەڵام لە کاتی یارییدا هەموو شتێک دەکات بۆ راگرتنیان. گوتیشی "ئەمشەو لەنێوان من و ڤینیسیۆسدا شەڕە سەگ دەبێت".
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا دەبێتە میوانی یانەی مانچێستەر سیتی، کە یاریی چوون بە ئەنجامی یەکسانبوون 1-1 کۆتاییهاتووە.
 
کایل واکەر، یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی،، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ میدیاکاران کرد و پرسیاری ئەوەیان لێکرد، کە لە دوای یاریی چووندا چووە لای ڤینیسیۆس و باوەشی پێداکرد.
 
ئەو گوتی "سەبارەت بە ڤینیسیۆس چووم لە باوەشی بگرم، چونکە لە یارییەکدا هەوڵیدا تۆپەکە بەسەرمدا تێپەڕێنێت. بۆیە پێمگوت تکایە ئەوە تاقی مەکەوە. چونکە نامەوێت ببم بە گاڵتەجاڕ، یان شتێکی لەو جۆرە".
 
واکەر زیاتر گوتی "پێموایە بۆکسێنەرەکان شەڕ دەکەن، زۆر لە یەکدی دەدەن و دواتر تەوقە دەکەن. پێموایە ئەوە رێزگرتن بوو لە منەوە بۆ ئەو. لەگەڵ هەموو یاریزانەکانی دیکەش هەمان هەستم هەبوو. تۆ دەچی ئەو ئاستەی رێزگرتنیان پیشان دەدەیت، چونکە ئەوان شایەنی ئەوەن. گوشارێکی زۆریان لەسەرە. وەرزێکی باشیان لە خولەکەیان بەسەر نەبردووە، بۆیە چامپیونزلیگ ئەو خەڵاتە گەورەیەیە کە پێویستیان پێیە بۆ بردنەوە. بۆیە رێزیان دەگرم، بەڵام  ئەگەر بەشداری لەم یارییەدا بکەم، ئەو لەوێ نابێت. دوای یارییەکە ئەو رێزەی کە شایەنییەتی دەیدەمێ. بەڵام پێش ئەوە سەگەکان یەکدی دەخۆن".
 
سەبارەت بەوەی کە پێپ گواردیۆلا گوتوویەتی واکەر ناتوانێت لە هەندێک پلانیدا یاری بکات؟ بەرگریکاری، مانچێستەر سیتی، گوتی "لە راستیدا هەندێکجار، لە تۆپی پێدا لەگەڵ هەندێک بۆچوون هاوڕا نیت، بەڵام ئەوەی گواردیۆلا بۆی کردووم، بەتایبەتی ئەوەی بۆ مان سیتی کردوویەتی لەم شەش ساڵەی دواییدا، هیچ نییە جگە لە سەرسوڕهێنەر". 
 
کایل واکەر، زیاتر گوتی "ئایا ئەوە ئازاری هەبوو؟ بێگومان ئازاری هەبوو. ناکرێت لێرە دانیشم و درۆت لەگەڵ بکەم و بڵێم ئازاری نەبوو.  چونکە بەو قسانە دەست دەکەیت بە گومانکردن لە خۆت. بەڵام پێموایە دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ بنەماکان. دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ ئەوەی کە هەی و بیسەلمێنی کە هەڵەیە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە