رووداو دیجیتاڵ
تیروپشکی یاریی کۆتایی جامی کەنداو، لەسەر ئاستی یانەکان راکێشرا و شوێنی بەڕێوەچوونی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە دەستنیشانکرا.
لە بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی کەنداو، تیروپشک بۆ هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە ئەنجامدرا، کە لەنێوان هەردوو یانەی دهۆک و قادسیەی کوێتی بەڕێوەدەچێت.
یاریی چوونی کۆتایی جامی کەنداو، رۆژی 8ـی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و یارییەکە لە یاریگەی قادسیە دەبێت.
یاریی گەڕانەوەی کۆتایی نێوان هەردوو یانە رۆژی 15ـی مانگی داهاتوو لەسەر یاریگەی یانەی دهۆک بەڕێوەدەچێت و بە ئەنجامی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە پاڵەوانی جامی کەنداو بۆ یانەکان یەکلادەبێتەوە.
عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک لە پۆستێکدا دەڵێت "پشتبەخوا رۆژی 15ـی نیسان مێژوو تۆماردەکەین."
یانەی دهۆک لە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتاییدا، لە یانەی ئیتیفاقی سعودیی بردەوە و بۆ یەکەمجار وەکو یەکەم یانە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق گەیشتە یاریی کۆتایی جامی کەنداو.
یانەی قادسیەی کوێتی لە قۆناخی پێشکۆتاییدا سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی نەسڕی ئیماراتی بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و رووبەڕووی نوێنەری کوردستان و عێراق دەبێتەوە.
یانەی قادسیەی کوێتی، پێشتر لە 2000 و 2005 دووجار بووەتە پاڵەوانی جامی کەنداو بۆ یانەکان، هیچ یانەیەکی عێراقی ئەو نازناوەی نەبردووەتەوە و یانەی دهۆک دەیەوێت ببێتە یەکەم یانە ببێتە پاڵەوان.
دوای گەیشتنی بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، یانەی دهۆک هەلی ئەوەی هەیە رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ نازناو بکات، خولی ئەستێرەکانی عێراق، جامی عێراق و جامی کەنداو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ