یاساکانی ئیسپانیا ناهێڵن ریال مەدرید ئەستێرەیەک بگوازێتەوە

16-11-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئیمریک لاپۆرت ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یاسایەکی تووند رێگرە لەبەردەم گواستنەوەی ئەستێرەی نەسڕی سعودی، ئیمریک لاپۆرت بۆ ریزەکانی یانەی ریال مەدرید.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئەو یاسا توندەیان ئاشکراکرد، کە گواستنەوەی ئیمریک لاپۆرتی یاریزانی ئیسپانی، لە یانەی نەسڕی سعودی بۆ ریال مەدرید ئاڵۆزتر دەکات.
 
هەواڵەکانی ئەم دواییە ناوی لاپۆرتیان بەستووەتەوە بەئەگەری گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید لە مێرکاتۆی زستانەدا، تەنانەت ئاماژەیان بەوە کردووە کە یاریزانەکە لەپێناو ئەم گواستنەوەیەدا کەمکردنەوەی مووچەکەی قبوڵ کردووە.
 
لەکاتێکدا هەندێک سەرچاوەی دیکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە یانەی نەسڕی سعودی رەتیدەکاتەوە دەستبەرداری لاپۆرت بێت لە زستاندا، تەنانەت نرخێکی زۆر گرانی بۆ هەر یانەیەک داناوە کە بیەوێت لە داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵ بکات.
 
بەپێی میدیای سعودیە، یاساکانی باجی داهات لە ئیسپانیا وەک بەربەستێک لەبەردەم لاپۆرت وەستاون ئەگەر بڕیاربدات روو لە ریال مەدرید بکات.
 
ئەو سەرچاوانە روونیشیان کردووەتەوە کە ئەستێرەکەی نەسڕ پابەند دەبێت بە پێدانی نیوەی ئەو پارەیەی لە یانەکەی ئێستای وەریگرتووە بە دەسەڵاتی باج لە وڵاتەکەی، ئەگەر بڕیار بدات لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا خولی رۆشنی سعودی بەجێبهێڵێت و بچێتە خولی ئیسپانیا.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لاپۆرت مووچەی ساڵانەی بە 20 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێت، هەروەها ئەگەر پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات، ناچاردەبێت دەستبەرداری زیاتر لە نیوەی مووچەکەی ببێت.
 
یانەی نەسڕ پەیوەندی بەو یاریزانە نێودەوڵەتییە هەیە، کە لە یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزییەوە پەیوەندی بە نەسڕەوە کردووە و گرێبەستەکەی بۆ ماوەی سێ وەرزە و لە هاوینی 2026 کۆتایی دێت.
 
لاپۆرت تەمەن 30 ساڵ، 54 یاری بۆ تیپەکەی ئێستای ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا 7 گۆڵی تۆمارکردووە و ئەسیستێکیشی هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە