رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر ئوساسۆنا لە لالیگادا، وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەڤانانی دایەوە و باسی ڤینیسیۆسی کرد و هەروەها لەبارەی بێلینگهام و ئاسێنسیۆش قسەی هەبوو، جگە لەوەش باسی چوونی بۆ خولی سعودیەی کرد.
بایەخی یانەکانی سعودیە بەڤینیسیۆس بەکوێ گەیشت؟
کارلۆ ئەنچێلۆتی: من بێزاربووم لە باسکردنی ئەو بابەتە، بەڵێ بێزارم، بەڵام دەترسم؟ نەخێر، چونکە دەبینم ئەو دڵخۆشە، ئێمەش بەبوونی ئەو دڵخۆشین، هیچ شتێکی نوێ نییە لەوبارەیەوە بیڵێم، هەر ئەوەیە کە دوو هەفتە لەمەوپێش گوتم، ئەم بابەتە پەیوەندی بەئێمەوە نییە، ئێمە قسەشی لەبارەوە ناکەین، ڤینیسیۆس خۆیشی باسی ئەو بابەتە ناکات، من دەیبینم هەروەکخۆیەتی، ئەوەی لە توانایدابێت پێشکێشی دەکات، وەکئەوەی لە دوایین یارییماندا کردی.
دەکرێ تۆ رۆژێک لە رۆژان لە سعودیە ببیتە راهێنەر؟
کارلۆ ئەنچێلۆتی: خولی سعودی ئێستا لە خولەکانی ئەورووپا رکابەریی کەمتری تێدایە، بەڵام دەکرێ لە داهاتوودا ئاستی بەرزتر ببێتەوە. ئایا من دەچمە ئەوێ بۆ کارکردن؟ بۆچی نا؟ ئەگەر بمەوێت لە تۆپی پێدا بەردەوام بم، هیچ رێگرییەک لەوەدا نابینمەوە بچم لەوێ کاربکەم، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە لەبارەی منەوە ئەوەیە، ئایا دوای ریال مەدرید دەمەوێت بەردەوام بم یان نا؟ ئەمە ئەو شتەیە کە لە دوو تاوەکو سێ ساڵی رابردوودا بەردەوام بیری لێدەکەمەوە.
چیت هەیە لەبارەی جود بێلینگهامەوە؟
کارلۆ ئەنچێلۆتی: ئەو یاریزانێکی گەنجە، ماوەیەکی زۆر نییە هاتووەتە یانەکە، بەڵام گومانم نییە لەوەی لە داهاتوودا دەبێتە یەکێک لە سەرکردەکانی تیپەکە. ئەو کوالیتی، کەسایەتیی، لێبڕاوی و عەقڵیەتیەکی پیشەگەرانەی وای هەیە، دەیکاتە سەرکردە، ئەو بۆ چەندین ساڵی داهاتوو، دەبێتە یاریزانێکی زۆر کاریگەری تیپەکە.
رات چییە لەبارەی ئاستی رائول ئاسێنسیۆ؟
کارلۆ ئەنچێلۆتی: زۆر دڵخۆشم بەو ئاستەی پێشکێشی دەکات، ئەو سوپرایزێکی ناوازەبوو بۆمان، ئەو تەنیا بەتوانای خۆی لە بەرگریدا خۆی نەسەلماندووە، بەڵکو بەکەسایەتی و ئاستی لە یارییە گەورە و قورسەکاندا، لە بەرامبەر رکابەرە بەهێزەکان، ئەوەی دووپاتکردووەتەوە. ئەو زۆر باش یارییدەکات، بەردەوامیشە لەسەر هەمان ریتم، لە داهاتوودا رکابەر دەبێت لەسەر بەدەستهێنانی شوێنێک لە پێکهاتەی سەرەکیی تیپەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ