پاڵەوانیەتییەکی تۆپی بالە بۆ ئاوارەکان رێکخرا

15-02-2015
محەممەد کارێزی
محەممەد کارێزی
 بالە
بالە
نیشانەکردن بالە
A+ A-
گەڕانەوە بۆ ماڵەوە دروشمی ئەو پاڵەوانیەتیەی بالە بوو کە بۆ ئاوارەکانی کەمپەکانی عەنکاوە بەڕێوەچوو. 

قارەمانیەتیەکە بە بەشداریی ١٠ تیپ بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوامبوو، لیژنەیەکی تایبەت لە وەرزشوانانی ئاوارە بەپاڵپشتی پیاوانی ئاینی مەسیحی بەڕێوەیان دەبرد، ئامانجیش لە پاڵەوانیەتییە ئاسوودەکردن و یارمەتیدانی ئاوارەکان بوو لە رووی دەروونییەوە، ئەمە جیا لە هەوڵدان بۆ لەبیربردنەوەی ئازارەکانی ئاوارەیی و بێ ماڵ و حاڵ بوون. 

یاریی کۆتایی رکابەرییەکە لە نێوان تیپی رووناکی قەرەقۆش و پاشاکانی قەرەقۆش بوو، یاریزانی هەر دوو تیپ ململانێیەکی بەهێزیان نمایش کرد، بەڵام تیپی رووناکی توانی ململانێیەکە بباتەوە بە ئەنجامی سێ گێمی بەرامبەر بەگێمێک، نازناوی نۆبەرەی ململانێ وەرزشییەکانی ئاوارەکانی بەرز کردەوە. 

ئەوەی لەم گۆڕەپانەدا بەشێوەیەکی جیاواز بینرا، بەشداریی کچان بوو لە یارییەکاندا هاوشانی کوڕەکان، ئەوان ئاستێکی بەرزیان هەبوو لە یاری و رکابەریدا، ئەوان کە پێشتر لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان یاریزان بوون، کردنەوەی پاڵەوانیەتییەکە بووە سەرەتایەکی باش بۆ زیندووکردنەوەی یادگارییە خۆشەکانی رابردووی ژیان ئارامیان. 

بەپێی پلانی رێکخەرانی پاڵەوانیەتیەکە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا پاڵەوانیەتیەکانی تۆپی پێ لەگەڵ چەند یارییەکی دیکەی وەرزشی بکرێتەوە بۆ دانیشتوانی کەمپەکانی عەنکاوە. 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە