چوامینی: هەرای زۆریان لەبارەی ئێمباپێوە دروستکردووە

14-10-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی فەرەنسا کیلیان ئێمباپی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئۆریلیێن چوامینی، یاریزانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەرگری لە کیلیان ئێمباپێ، یاریزانی یانەکە و کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا کرد، پاش ئەو هێرشە زۆرەی لەماوەی رابردوودا کرایە سەری، بەهۆی بەشدارینەکردنی لە دوو یاریی ئەمجارەی هەڵبژاردەی فەرەنسا.
 
پێشتر دیدێ دیشان، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، بڕیاریدابوو ئێمباپێ بانگهێشتی پێکهاتەی فەرەنسا بۆ دوو یاریی ئەمجارە نەکات، بەرامبەر هەریەکە لە ئیسرائیل و بەلجیکا، بەهۆی پێدانی هەل بۆ چاکبوونەوەی یەکجاری لەو پێکانەی کە تووشی هاتبوو لەگەڵ ریال مەدرید.
 
کیلیان ئێمباپێ، مشتومڕی زۆری دروستکرد، پاشئەوەی بەشداری یاریی ریال مەدرید و ڤیاریالی کرد لە لالیگا، دواتریش لە یەکێک لە یانە شەوانەکانی سوێد بینرا، لەو شەوەدا کە فەرەنسا لە بەلجیکای بردەوە لە نەیشنسلیگ.
 
چوامینی لەبارەی رووداوەکانی پەیوەست بەو یاریزانە دەڵێ، "بەڕاشکاوی بڵێم، پێموایە دەنگۆ و هەرای زۆر لەچواردەوری ئێمباپێ دروستکراون، هەموو کەس مافی خۆیەتی بەو شێوەیە بیربکاتەوە کە دەیەوێت و بەو شێوەیەش هەڵسوکەوت بکات کە دەیەوێت، بەڵام هەر ئەوەندەی کارەکە پەیوەندی بەکیلیانەوە هەبێت، ئیدی هەزاران لق و پۆپی لێدەبێتەوە".
 
چوامینی هەروەها دەڵێ، "هەلی ئەوەمان هەبوو پێش یاریی رابردوو قسەی لەگەڵدا بکەین، گرنگ نییە لە کوێوە تەماشای یارییەکەی کردووە، خۆشەویستیی ئێمباپێ بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا هیچ گومانی لەسەر نییە، ئەو هەموو کات ئامادەیە لەپێناو کۆمەڵەکەدا قوربانیی بدات، بەتاسەی زۆرەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی دەکەین".
 
هەڵبژاردەی فەرەنسا ئەمشەو یارییەکی دیکە لە میانی نەیشنسلیگدا ئەنجامدەدات بەرامبەر هەڵبژاردەی بەلجیکا و ئەوە دووایین یاریی هەڵبژاردەکە دەبێت لەم گەڕەی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە