ڤیدیۆ؛ ئەمشەو ئەرکی ریال مەدرید ئاسان نییە

14-09-2024
ئیحسان تاهیر
ریال سۆسیداد - ریال مەدرید 22:00
ریال سۆسیداد - ریال مەدرید 22:00
نیشانەکردن ریال سۆسیداد ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ریال مەدرید کە هێشتا بەدەست کۆمەڵێک پێکانەوە دەناڵێنێت، بەهیوای بردنەوە و پاراستنی زنجیرەی بێ دۆڕانی خۆی بۆ وەرزی 2024-2025 دەست بە یارییەکانی لالیگا دەکاتەوە، کاتێک دوور لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ و لەسەر یاریگای ئەنویتا دەبێتە میوانی ریال سۆسیداد.
 
لۆس بلانکۆس بە کۆکردنەوەی هەشت خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندیدایە، بەڵام هێشتا چوار خاڵ لە بارسای رکابەری دوورە و ناکرێت هیچ خاڵی دیکە لەدەستبدات لە ترسی ئەوەی مەودای نێوانیان بەرفراوانتر بێت و ئەرکی زەحمەتتر لێبێت، سەرەڕای ئەوەی میوانەکەی وەرزێکی خراپی دەستپێکردووە و لە چوار یارییدا تەنیا چوار خاڵی هەیە و پلەی 14ـی ریزبەندی گرتووە.
 
ئەوەی جێگەی مەترسییە بۆ ریال مەدرید ئەوەیە کە ئەمساڵ لەو دوو یارییەی لە دەرەوی یاریگەی خۆیدا ئەنجامیداون نەیتوانیوە سەرکەوتن بەدەستبێنێت و چوار خاڵی لەدەستداوە، کە سەرەتا لەگەڵ مایۆرکا و دواتریش لەگەڵ لاس پاڵماس یەکسانبووە، بۆیە پێویستە کارلۆ ئەنچێلۆتی و کوڕەکانی کار بۆ بردنەوە بکەن بۆ ئەوەی ئەو گرێکوێرەیە بکەنەوە، بەر لەوەی خاڵی دیکە لەدەست بدەن و خزمەت بە بارسای رکابەریان بکەن.
 
یانە باسکییەکە سەرەڕای دەستپێکێکی خراپ مافی ئەوەی هەیە خەون ببینێت بۆ بردنەوە لە ریال مەدرید، بۆ ئەوەی پاڵنەرێک بخاتە نێو وەرزەکەی و سەرەتایەکی نوێ دەستپێبکات، بەڵام بێگومان ئەمە ئەرکێکی ئاسان نابێت، ئەگەرچی هەواڵی ئەرێنی بۆ ئەو یانەیە هەیە، و ئەلڤارۆ ئۆدریۆزۆلا و ئاندەر بارینتێکسیا گەڕاونەتەوە و پێشبینی دەکرێت لە پێکهاتەی یارییەکەدا بەشداربن.
 
سەبارەت بە ریال مەدریدیش، دەیڤد ئالابا و ئێدواردۆ کاماڤینگا بەهۆی پێکانەوە لە ئەژنۆیدا یاری ناکەن، دانی سیبایۆس بەهۆی کێشەی پاژنەی پێیەوە دوورکەوتووەتەوە. جود بێلینگهام و چوامینیش سەرەڕای گەڕانەوەیان، بۆ ئەم یارییە ئامادە نابن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە