رووداو دیجیتاڵ
لەدوای ئەوەی یانەی دهۆک بەهۆی شەڕ و گرژییەوە لە یاریی لەگەڵ جەوییە بە بڕی 30 ملیۆن دینار سزا درا، هاندەرانی یانەی دهۆک چاڵنجێکیان راگەیاند و بلیتەکانی یاریی یانەکەیان بەرامبەر کەرخ کڕییەوە کە رۆژی دووشەممە یارییەکە بەڕێوەدەچێت و هیچ هاندەرێکیش لە یاریگە ئامادەنابێت.
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی دهۆک و جەوییە لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا کە دهۆک بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا، گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر روویدا و بەهۆی هاتنە ناوەوەی بەشێکی زۆری هاندەرانی یانەی دهۆک بۆ نێو یاریگە یارییەکە زیاتر لە 15 خولەک راگیرا.
یارییەکە رۆژی 31ـی ئادار یارییەکە لە یاریگەی دهۆک بەڕێوەچوو.
دوای ئەوە یانەی دهۆک بە پێبژاردنی 30 ملیۆن دینار سزادرا، جگە لەوەش یانەکە دوو یاری بەبێ ئامادەبوونی هاندەران لە یاریگەی خۆی ئەنجامدەدات.
یانەی دهۆک لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، بە رێژەی 100% بلیتەکانی یارییەکەیان بەرامبەر کەرخ فرۆشراون کە یەکەمجارە ئەمە لە خولی عێراقدا روودەدات.
رۆژی دووشەممە، کاژێر 17:30 یانەی دهۆک میوانداریی کەرخ دەکات، هاندەرانی یانەی دهۆک لە پارکی نەورۆز کۆدەبنەوە بۆ سەیرکردنی یارییەکە کە لە رێگەی شاشەیەکەوە دەبێت.
ئەحمەد مەسعود، هاندەرێکی یانەی دهۆکە؛ هەزار و 150 تکتی یاریی یانەی دهۆکی کڕیوە، بەبێ ئەوەی بۆ تەماشاکردنی یارییەکە بچێتە یاریگە.
لای ئەو، کاری قورس تەنیا دەرهێنانی تکتەکان بوو لە رێگەی حەوت ئامێرەوە؛ ئەحمەد ئەمەی وەکو پاڵپشتییەک بۆ یانەی شارەکەی کردووە.
ئەحمەد دەڵێت، "شتێکی جوانە، وابزانم ئەمە یەکەم جارە شتێکی وا لە عێراق بکرێت کە تکت بکڕدرێن و کەس بۆ تەماشاکردنی یارییەکە نەچێتە یاریگە. ئێمە خۆمان بنەماڵێکی وەرزش دۆستین. ئەمە هاوکارییەکی بچووکە بۆ یانەکە. من دەڵێم هەر کەسێک بەپێی توانای ئەگەر یەک تکتیش بکڕێت، دەتوانێت پاڵپشتی یانەکە بکات. بۆ من بارگرانی نەبوو. بارگرانییەکە زیاتر لەسەر شانی ئەوانە بوو کە تکتەکەیان دەردەهێنا. ئەم تکتانە وەکو یادەوەری لای من دەمێننەوە."
چاڵنجی هاندەران و پاڵپشتیکارانی یانەی دهۆک بۆ کڕینی تکتی یاری، زێرەڤانی نیڤشکانیشی هانداوە بۆ ئەوەی تکت بکڕێت. وێڕای ئەوەی خۆی کرێکارە و بۆ یارییەکانی یانەی دهۆک بێبەرامبەر دەچێتە یاریگەوە.
زێرەڤان دەڵێت، "ئێمەش وەکو هاندەرانی یانەی خۆمان، [تکتەکەمان کڕیوە] هەرچەندە ئەگەر زۆر کاریگەریشی نەبێت. ئێمە وەکو خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەتوانین بێبەرامبەر بۆ تەماشاکردنی یارییەکە بچینە یاریگەوە. داوا لە هاندەران دەکەم ئەوەی روویدا با ببێتە ئەزموون بۆمان."
چاڵنجەکە هەموو چینوتوێژێکی گرتووەتەوە؛ کۆمەڵێک منداڵ 75 تکتیان کڕیوە.
کاڕگێریی یانەی دهۆک دەڵێت، 90٪ـی تکتەکانی یاریی داهاتوو فرۆشراون و سزای سەر یانەکە قەرەبوو دەکرێتەوە.
شڤان محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی دهۆکە و دەڵێت، فرۆشتنی تکتەکان [بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتووانە بەڕێوەدەچێت، تا ئێوارەی سبەی ئامارەکان رادەگەیێندرێن کە چەند تکت فرۆشراون. ئێستا رێژەی 90٪ـی تێپەڕاندووە. وەکو هاندەرێک، نەک بەرپرسی راگەیاندنی یانەکە، پێشبینی دەکەین بگاتە رێژەی 100٪."
ئێستا یانەی دهۆک لە ریزبەندیی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دایە، ئەو سزایانەی لەسەر یانەکە سەپێندراون تا رادەیەکی زۆر هاندەران شانیان داوەتە بەر و چاویان لە ئەنجامی باشە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ