رووداو دیجیتاڵ
ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا لە یانەی کاستامۆنو سپۆری رکابەری بردەوە و هەنگاوێکی دیکە لە جامی یانە پلە دووەکانی تورکیا و گەیشتنی بە پلە یەک نزیکبووەوە.
یاریی نێوان یانەی ئامەدسپۆر و یانەی کاستامۆنو سپۆر رۆژی یەکشەممە، 14-4-2024، لە 33یەمین هەفتەی خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا بەڕێوەچوو. بەر لەو یارییە ئامەدسپۆر لە ریزبەندی یانە پلەدووەکاندا پلەی یەکەمی گرتبوو و بە 3 خاڵ لە پێش کاستامۆنوسپۆر بوو. دوای بردنەوەی، ئامەد سپۆر جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ دووەم بۆ 6 بەرزکردەوە.
ئامەدسپۆر بە ئەنجامی 1-0 لە کاستامۆنوی بردەوە
لە خولەکی دووی یارییەکەدا یاریزان ئەیوب ئۆسکان، بەرگریکاری باڵی راستی ئامەدسپۆر بە لێدانێک لە دەرەوەی هێڵی سزا، تاکە گۆڵی یارییەکەی تۆمارکرد. ئەگەرچی هەردوو یانە چەندین هێرشیان کردە سەر گۆڵی یەکدی، بەڵام یارییەکە بە گۆڵێکی خاوێن لە بەرژەوەندیی ئامەدسپۆر کۆتاییهات.
ئامەدسپۆر، بەم ئەنجامە کۆی خاڵەکانی گەیاندە 77 خاڵ و شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندیی یانە پلە دووەکانی تورکیا پتەوتر کرد. یانەی کاستامۆنوسپۆر بە 71 خاڵ لە پلەی دووەمە و ئیدرسپۆر بە 65 خاڵ لە پلەی سێیەمە. یانەکانی ئەرزینگان و مەنەمەن سپۆر بە 63 و 58 خاڵ پلەکانی چوارەم و پێنجەمیان گرتووە. یانەی ئیسکەندەرون سپۆر 56 خاڵی هەیە و لە پلەی شەشەمە.
گرووپی سوور و گرووپی سپی چین؟
لە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا، یانەکان بەسەر دوو گرووپ دابەشکراون کە 19 یانە لە گرووپی سوورن و 19شیان لە گرووپی سپین.
ئەو یانانە تاوەکو کۆتایی خولەکە بە شێوازی چوون و هاتن رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و بەگوێرەی کۆی خاڵەکانیان لە ریزبەندیی گرووپەکەدا شوێن دەگرن.
ساڵانە سێ یانەی پلە دووی تورکیا دەبنە پلە یەک. دوای تەواوبوونی خولی یانە پلەدووەکان، یانەیەک دەبێتە پاڵەوانی گرووپی سوور و یانەیەکیش دەبێتە پاڵەوانی گرووپی سپی.
ئەم دوو یەکەمە راستەوخۆ دەگەنە خولی یانە پلەیەکەکانی تورکیا. هەروەها دووەمەکانی هەردوو گرووپ (سوور و سپی) رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و براوە دەچێتە خولی یانە پلەیەکەکان.
ئامەدسپۆر نزیکە لە گەیشتن بە خولی پلە یەکەکانی تورکیا
ساڵانە سێ یانەی پلە دووی تورکیا دەبنە پلە یەک و سێ یانەش لە پلە دوو دەردەکرێن. دوای تەواوبوونی خولی یانە پلەدووەکان، یانەیەک دەبێتە پاڵەوانی گرووپی سوور و یانەیەکیش دەبێتە پاڵەوانی گرووپی سپی.
ئەو دوو یەکەمە راستەوخۆ دەگەنە خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا. هەروەها یانەکانی دووەم تا شەشەم لە هەردوو گرووپ (سوور و سپی) رکابەری لەسەر سێیەمین پلیتی گەیشتن بە خولی یانە پلە یەکەکان دەکەن.
ئامەدسپۆر ئەم ساڵ رکابەرییەکی تووند لەسەر ئەوە دەکات خۆی بگەیەنێتە خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا. بەو یارییەی لە کاستامۆنوی بردەوە، هەنگاوێکی زیاتر لە جامەکە نزیکبووەوە. بەمشێوەیە ئامەدسپۆر دەبێتە یەکەمی کۆمەڵەکەی و راستەوخۆش دەچێتە ریزی یانە پلە یەکەکانی تورکیا.
لەم وەرزەدا تەنیا سێ یاری ماوە. ئامەدسپۆر لەو سێ یارییەی ماوە رووبەڕووی ئیدرسپۆر، سۆماسپۆر و مەنەمەن سپۆر دەبێتەوە.
ئامەدسپۆر و دیاربەکرسپۆر دوو یانەی جیاوازن
دیاربەکرسپۆر و ئامەدسپۆر دوو یانەی جیاوازن و هەردووکیان نوێنەرایەتیی پارێزگای ئامەد دەکەن. یانەی دیاربەکرسپۆر 24-6- 1968 دامەزراوە و رەنگی درێسەکەی سوور و سەوزە. ئێستا یانەی دیاربەکرسپۆر لە کۆمەڵەی سپیی خولی یانە پلەدووەکانە. لە کۆی 33 یاری 42 خاڵی کۆکردووەتەوە و پلەی 11یەمی کۆمەڵەی سپیی گرتووە.
یانەی ئامەدسپۆر
یانەی ئامەدسپۆر ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی (سوور - سەوز - سپی)یە سەرەتا لە ژێر ناوی مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر بەشداری لە خولە میللـیەکانی ئامەد دەکرد.
ساڵی 1990 یانەکە لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا.
ساڵی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیەنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا.
ئەو یانەیە هەوراز و نشێوی زۆری بڕی؛ وەرزی 2013-2014 لە نیو پلیتی بۆ خولی پلە دوو بەدەستهێنا، بەڵام لە یاریی بەرامبەر ئاڵانیاسپۆر دۆڕا و لە خولی پلە دوو مایەوە. رۆژی 28-10-2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر.
ریزبەندی یانە پلەدووەکانی تورکیا (14-4-2024)
ئامەدسپۆر: 77
کاستامۆنو: 71
ئیدر: 65
ئەرزینجان: 63
مەنەمەن: 58
ئیسکەندەرون سپۆر: 56
ئسپارتا: 53
ئینەگۆل سپۆر: 47
سۆما سپۆر: 47
فەتحیە سپۆر: 43
کارامان: 42
ئاکسارای بەلەدیە سپۆر: 41
ئارناڤوتکۆی بەلەدیە: 35
ئێتیمەسگوت بەلەدیە سپۆر: 35
بەلەدیە دەرینجە سپۆر: 34
ساڕیەر: 34
دوزجە سپۆر: 33
دەنیزلی سپۆر: 29
ئوشاک سپۆر: 5
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ