ڤیدیۆ؛ دیماریا ئەرجەنتینی لە قەتەر نزیککردەوە

13-11-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین زۆر نزیککەوتەوە لە گەیشتن بە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، دوای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر ئۆرۆگوایدا بەدەستهێنا.
 
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە گەڕی 13ـی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی قەتەر، بووە میوانی ئۆرۆگوای و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لێیبردەوە.
 
لەو یارییەدا کە لیۆنێل مێسی لە پێکانەکەی گەڕایەوە، بەڵام وەک یەدەگ بەشداری کرد، ئەرجەنتینییەکان هەر زوو گورزی خۆیان وەشاند، کاتێک دیماریا لە خولەکی 7 پاسێکی لە دیبالاوە پێگەیشت و بەشێوازێکی زۆر جوان گۆڵی پێشکەوتنی بۆ تانگۆ بەدەستهێنا.
 
تیپی خاوەن یاریگە بە سەرکردایەتی لویس سوارێز تاوەکو فیکەی کۆتایی یارییەکە هەوڵیاندا تۆڕی ئەرجەنتینییەکان بهەژێنن، بەڵام نەیانتوانی، ئەرجەنتینیش بە تاکە گۆڵەکەیان رازی بوون و 3 خاڵە گرنگەکەیان بردەوە بۆینس ئایرس.
 
بەم ئەنجامە ئەرجەنتین بووە خاوەنی 28 خاڵ و تەنیا 3 خاڵی دیکەی پێویستە بۆ وەرگرتنی بلیتێکی قەتەر، کە بەرازیلی یەکەمی ریزبەندی بەفەرمی گەیشتووەتە مۆندیال.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە