فەرەنسا، کیلیان ئێمباپێی شۆککرد

12-12-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ یانەی پاریس سانجێرمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنساوە شۆککرا، پاشئەوەی ئەو یاریزانە داوای 55 ملیۆن یۆرۆی وەک مافی خۆی لە مووچە و پاداشت لە یانەی پاریس سانجێرمانکرد.
 
ئێمباپێ، کە هاوینی رابردوو بێبەرامبەر لە پاریس سانجێرمانەوە روویکردە ریال مەدریدی ئیسپانی، تاوەکو ئێستا کێشەی وەرنەگرتنی مووچە و شایستەی دارایی لەگەڵ پاریس سانجێرمان هەیە و لە چەند دامەزراوەیەکی تۆپی پێی وڵاتەکە سکاڵای لەسەر یانەکەی تۆمارکردووە.
 
ئەگەرچی دەستەی گشتیی یاریزانە پیشەگەرەکانی فەرەنسا شایستەیی ئێمباپێی بۆ وەرگرتنی بڕی 55 ملیۆن یۆرۆ دانا، بەڵام لیژنەی رێککاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، لە بڕیارێکی نوێدا، ئێمباپێی شۆککرد.
 
کارگێڕیی پاریس سانجێرمان، پێشتر لە بەرامبەر بڕیارەکەی دەستەی یاریزانە پیشەگەرەکانی فەرەنسا، داوای تێهەڵچوونەوەی بڕیارەکەی کرد و گوتی ئامادەنییە پارەکە بدات.
 
لیژنەی جێبەجێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، دواتر داوای تێهەڵچوونەوەکەی پاریس سانجێرمانی رەتکردەوە و لە بەرژەوەندی ئێمباپێ بڕیاریدا کە دەبێ ئەو یاریزانە، شایستە داراییەکانی خۆی وەربگرێت، بەڵام لە نوێترین رووداودا، لیژنەی رێککاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە.
 
لیژنە فەرەنسییەکە لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، داواکاریی ئێمباپێ بۆ پابەندیی یانەکەی پێشووی بەوەرگرتنی شایستەی دارایی دواکەوتوی و ناچارکردنی بەپارەدانەکە، رەتدەکەینەوە.
 
لیژنەکە هەروەها دەڵێ، "بەپێی رێنوێنییەکانی دەستەی خولی فەرەنسا، دەسەڵاتی لیژنەی جێبەجێکار بۆ سەپاندنی سزاکان لە حاڵەتی جێبەجێنەکردنی بڕیارەکان، تێهەڵچوونەوەی بۆ ناکرێت".
 
لیژنەکە روونیکردووەتەوە کە پەیوەندییان بەئێمابپێوە کردووە و لە بڕیارەکەی لیژنەکە ئاگاداریان کردووەتەوە.
 
ئێمباپێ بەدۆخێکی باشدا لەگەڵ ریال مەدرید تێناپەڕێت، نەدرەوشانەوە و پێکانی بەردەوام کێشەیان بۆ ئەو یاریزانە لەگەڵ یانە نوێیەکەی دروستکردووە.
 
ئێمباپێ لە دوایین یاریی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ، بەرامبەر ئاتاڵانتای فەرەنسی، ئەگەرچی گۆڵی پێشکەوتنی یانەکەی تۆمارکرد، بەڵام بەر لە کۆتاییهاتنی گێمی یەکەم، بەپێکانەوە یاریگەی بەجێهێشت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە