مانچێستەر سیتی روونکردنەوە لەسەر بانەری گریانەکە دەدات

12-02-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی ڤینیسیۆس جۆنیۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی مانچێستەر سیتی، بەفەرمی روونکردنەوەیەک لەسەر ئەو بانەرە دەدات کە هاندەرانی لە یارییەکەیاندا بەرامبەر ریال مەدرید بەرزیان کردەوە و دەڵێت "مەبەستمان ڤینیسیۆس جۆنیۆر نییە".
 
لە یاریی چوونی پلەی ئۆفی چامپیۆنزلیگدا، یانەی ریال مەدرید بووە میوانی مانچێستەر سیتی لەسەر یاریگای ئیتیحاد و بەئەنجامی 3-2 لێیبردەوە.
 
لەو یارییەدا هاندەرانی مانچێستەر سیتی بانەرێکی گەورەیان بەرزکردبووەوە و لەسەریان نووسیبوو "گریانەکەت لە دڵەوە بوەستێنە". کە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەبوون کە مەبەستیان ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیلی یانەی ریال مەدریدە، بەو پێیەی لەسەر بانەرەکە وێنەی رۆدری براوەی باڵۆن دۆر دانرابوو، بەڵام دوای یارییەکە کە ڤینیسیۆس تێیدا ئاستێکی بەرزی پێسکەش کرد و بووە باشترین یاریزانی یارییەکە، یانە ئینگلیزییەکە لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا روونکردنەوەی دا و رایگەیاند کە مەبەستیان لەو بانەرە ڤینیسیۆس نەبوو، بەڵکو فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید بوو.
 
لە بڵاوکراوەکەی مانچێستەر سیتیدا، هاتووە "کەس لە میدیاکان لەوە تێنەگەیشت کە لە راستیدا ئەو کەسەی کە مەبەستمان بوو تەنانەت لە یاریگاشدا نەبووە؟ مەبەست لێی فلۆرێنتینۆ پێرێزە".
 
مانچێستەر سیتی لەو بڵاوکراوەیەدا، پاساو بۆ بەرزکردنەوەی ئەو بانەرە دەنێتەوە و دەڵێت "پێرێز هانی دا هەڵمەتێکی سووکایەتیکردن بە رۆدری دەستپێبکات و بایکۆتی رێوڕەسمی باڵۆن دۆری کرد و بڕیاریدا یاریزانەکانی ئامادەی نەبن".
 
یانە ئینگلیزییەکە، زیاتر دەڵێت "ئێمە دەمانەوێت خاڵەکە روون بکەینەوە ئەنجامەکە هەر چییەک بێت".
 
دوای یارییەکە ڤینیسیۆس باسی ئەو بانەرەی کرد و گوتی "کاتێک هاندەرانی بەرامبەر سووکایەتیم پێدەکەن، هێزێکی زیاترم پێدەدەن بۆ ئەوەی یارییەکی باشتر پێشکەش بکەم. بەڵێ من بانەرەکەم بینی و یارمەتی دام بۆ ئەوەی باشتر یاری بکەم".
 
هەروەها کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدیش، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا باسی کرد و گوتی "پێموایە ڤینی بانەری هاندەرانی مانچێستەر سیتی نەبینی، بەڵام بەتەماشاکردنی ئاستی ئەو لە یارییەکەدا، پێموایە ئەگەر بینیبێتی، ئەوە هاندەرێکی گەورەبووە بۆی، تاوەکو باشتر یاری بکات، من ناتوانم کۆمێنت لەسەر ئەوە بدەم، بەڵام ئەو بەدرێژایی کاتی یارییەکە مەترسیداربوو، وەک چوارینەی هێرشبەرییەکەمان مەترسیداربوو".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە