لالیگا و بۆندسلیگا دەستپێدەکەنەوە و رکابەرییەکە گەرمە

11-09-2024
دیاری حەسەن
نیشانەکردن لالیگا بۆندسلیگا
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی هەینی 13/9 رکابەرییەکانی خولی ئیسپانی و خولی ئەڵمانی دووبارە دەستپێدەکەنەوە و چەند یارییەکی گرنگ ئەنجامدەدرێت.
 
لالیگا دوای وەستانی نێودەوڵەتی دووبارە دەستپێدەکاتەوە، رکابەرییە گەرمەکەی تیپەکانی پێشەوەی ریزبەندی دوای پشوویەکی دوو هەفتەیی دەگەڕێتەوە و چەند یارییەکی گرنگ ئەنجامدەدرێت.
 
یانەی بارسێلۆنا، بە 12 خاڵ لە یەکەمی ریزبەندی خولەکەدا دێت و چاوی لەوەیە درێژە بەزنجیرەی بردنەوەکانی بدات، ئەو یانەیە لە دێربی کەتەلۆنیادا میوانی جیرۆنا دەبێت، ئەو یانەیەی وەرزی رابردوو لە دوو یاریدا توانی 8 گۆڵ لە بارسا بکات و هەمووان شۆک بکات بە گرتنی پلەی سێیەمی ریزبەندی لالیگا و گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ.
 
ئانسۆ فاتی، ئەستێرەی بارسێلۆنا لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە و پێشبینیدەکرێت دوای ماوەیەکی دوورودرێژ، لە خولی ئیسپانیادا یاری بکات.
فیرمین لۆپێز، مارک بێرنال، ئاندریاس کریستنسن، فرێنکی دی یۆنگ، گاڤی و ئاراوخۆ بە هۆی پێکانەوە لە یارییەکە دوورخراونەتەوە.
دوای ئەو یارییە یانەی بارسێلۆنا راستەوخۆ گەشت دەکات بۆ فەرەنسا بۆ ئەوەی لە یەکەم یاری چامپیۆنزلیگدا رووبەرووی یانەی مۆناکۆ ببێتەوە.
 
یانەی ریال مەدرید لەلایەکی دیکەوە میوانی ریال سۆسیداد دەبێت، یاریگەی ئانوێتا ناسراوە بەوەی کە یەکێکە لە سەختترین یاریگەکان بۆ تیپەکانی ئیسپانیا.
 
دوو هەفتە پێش یارییەکە، کیلیان ئێمباپێ ئەستێرەی ریال مەدرید، گرێکوێرەی گۆڵتۆمارکردنی کردەوە، کاتێک توانی دوو گۆڵ بەرامبەر یانەی ریال بێتیس تۆمار بکات و پێشبینی دەکرێت کیلیان، چیدیکە کێشەی گۆڵکردنی نەبێت و ئاستی راستەقینەی خۆی پێشانی مەدریدییەکان بدات.
 
ریال سۆسیداد لە دوایین 4 یاریدا تەنیا 4 خاڵی کۆکردووەتەوە، تاکە بردنەوەی ئەو یانەیە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە بەرامبەر یانەی ئیسپانیۆل.
 
یانەی ریال مەدرید لەلایەکی دیکەوە خاوەنی 8 خاڵە و لە پلەی دووەم دێت، ئەو یانەیە 4 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندییەوە دوورە.
ئوریلێن چۆمینی، فێرلاند مێندی، دانی سیبایۆس و کاماڤینگا ئامادە نابن بۆ یارییەکە و هەر یەکە لە میلیتاو و داڤید ئالابا گومان لەسەر یاریکردنیان هەیە.
 
ریال مەدرید دوای ئەو یارییە، لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ یەکەم یاری خۆی لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر شتوتگارت ئەنجام دەدات.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید بە 8 خاڵەوە و بە جیاوازی گۆڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندییەکە دێت، ئەو یانەیە لە کۆی چوار یاریدا، سێ یاریی گۆڵی لێنەکراوە و تەنیا یانەی ڤیاریال گۆڵیان لە ئاتلێتیکۆ مەدرید تۆمار کردووە.
 
لە گەڕی پێنجەمی لالیگادا یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە میترۆپۆلیتانۆ رووبەڕووی ڤالێنسیا دەبێتەوە، ئەو ڤالێنسیایەی ئێستا بە کۆکردنەوەی تەنیا خاڵێک لە پلەی کۆتایی خولی ئیسپانی دێت.
 
دوای یارییەکەی ڤالێنسیا. ئاتلێتیکۆ مەدرید هەر لە مەدرید دەمێنێتەوە و لە یەکەم یاری خۆیدا لە وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی لایپزیگ دەبێتەوە.
 
سوپرایزەکەی ئەڵمانیا لە سیگناڵ ئیدۆنا پارک دەبێت
 
خولی ئەڵمانی بەهەمان شێوە پاش راوەستانە نێودەوڵەتییەکە دەستپێدەکاتەوە.
 
یانەی هایدینهایم، ئەو یانەیەی پێش دوو ساڵ لە خولی پلە دووی ئەڵمانیا بوو، ئێستا پلەی یەکەمی ریزبەندییەکەی گرتووە، بەبردنەوەی دوو یاری و تۆمارکردنی 6 گۆڵ، بێئەوەی هیچ گۆڵێکی لێ تۆمار بکرێت.
 
ئەم هەفتەیە هایدینهایم لە سیگناڵ ئیدۆنا پارک دەبێتە میوانی بۆڕووسیا دۆرتمۆند.
 
وەرزی رابردوو، هایدینهایم پلەی 8می خولەکەی گرتبوو و بەوەش گەیشتە پاڵەوانێتی کۆنفرانسلیگ، ئەم یارییە تاقیکردنەوەیەکی راستەقینە دەبێت بۆ ئەو یانەیە.
 
لەلایەکی دیکەوە یانەی بۆڕووسیا دۆرتموند، دوای ئەوەی بە یەک خاڵەوە لە یاریگەی ڤێردەر برێمەن گەڕایەوە، چاوی لەوەیە دووبارە بگەڕێتەوە سەر رێچکەی بردنەوەکان و بگاتە حەوتەم خاڵی خۆی لەم وەرزەدا.
 
بۆڕووسیا دۆرتموند ئەم وەرزە چوار خاڵی بەدەستهێناوە، هاوشانی هایدینهایم و دوو یانەی دیکە، تاکە یانان لە پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپا هیچ گۆڵێکیان لێ تۆمار نەکرابێت لەم وەرزەدا.
 
یانەی لایپزیگ دوای ئەوەی گەڕی رابردوو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە یانەی بایرلیڤەرکوزنی بردەوە و زنجیرەی نەدۆڕانە دوورودرێژەکەی ئەو یانەیەی راگرت، ئێستا چاوی لەوەیە پلەی یەکەمی خول بگرێت، کاتێک لە یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی یۆنیەن بەرلین دەبێتەوە، لایپزیگ دوو یاری بردووەتەوە و بە کۆکردنەوەی شەش خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لە پلەی سێیەمی خولی ئەڵمانی دێت.
 
یانەی یۆنیەن بەرلین لە دوو یاریدا چوار خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی بۆندێسلیگا دێت، لە دوایین پێنج یاریی نێوان ئەو دوو یانەیەدا یۆنیەن بەرلین سێجار براوە بووە، لایپزیگ دووجار بردنەوەی بەدەستهێناوە.
 
یانەی بایرن میونشن، میوانی یانەی هۆڵشتین کیل دەبێت و چاوی لە تۆڵەسەندنەوەیە، ئەو یانەیە وەرزی رابردوو توانی هاوشانی سانت پاوڵی سەربکەوێت بۆ خولی پلە یەکی ئەڵمانیا.
 
بایرن و هۆڵشتین تەنیا یەکجار رووبەڕووی یەکبوونەتەوە لە مێژوودا، ئەو یارییە ساڵی 2021 لە جامی ئەڵمانیا روویداوە و یانەی هۆڵشتین توانی بە لێدانی یەکلاییکەرەوە بایرن میونشن بکاتە دەرەوە.
 
تیپەکەی کۆمپانی، شەش خاڵیان بەدەستهێناوە لە دوو یاریدا، هەریەکە لە یاریزانان 'هیرۆکی ئیتۆ، ستانیسیچ، لیرۆی سانێ و تارق بوخمان' ئامادە نابن لەو یارییەدا.
 
بایرلیڤەرکوزن، بەردەوام دەبێت لە جەنگی بەرگریکردن لە نازناوەکەی، ئەمجارەیان میوانی یانەی هۆفێنهایم دەبێت، تیپەکەی چابی ئەلۆنسۆ لە دوو یاریدا پێنج گۆڵی کردووە و پێنج گۆڵی لێ تۆمار کراوە.
 
ئەو یانەیە چاوی لەوەیە دووبارە بگەڕێتەوە سەر رێگای سەرکەوتن و دۆڕانەکەی لایپزیگ لەبیر بکات، سەرجەم یاریزانەکانی بایرلیڤەرکوزن تەندروست و ئامادەن بۆ ئەو یارییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە