پۆرتوگال دوایین یاریی پێش یۆرۆ دەکات و رۆناڵدۆ ئامادەیە

11-06-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یۆرۆی 2024 پۆرتوگال
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی پۆرتوگال، دوایین یاریی ئامادەکاریی بۆ یارییەکانی یۆرۆی 2024 ئەنجامدەدات و کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەکەش بۆ یارییەکە ئامادەیە.
 
پۆرتوگال ئەمشەو کاژێر 21:45 دوایین یاریی دۆستانەی ئەنجامدەدات و بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێرلەندا یاریی دەکات.
 
لە یاریی رابردووی هەڵبژاردەکەدا بەهۆی درەنگ پەیوەندیکردنی بە تیپەکەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریی نەکرد، بەڵام بۆ یارییەکەی ئەمشەو بەتەواوی ئامادەیە و ئەگەری هەیە بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەکەدا بکات.
 
رۆبێرتۆ مارتینێز، لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و تیپەکەیەوە دەڵێت "زۆر گرنگە هەموو یاریزانەکانمان بەیەکەوە بەرگری بکەن و بەیەکەوەش هێرشبەری، لە راستیدا رۆناڵدۆ ئەزموونێکی زۆری هەیە، کە هیچ یاریزانێکی دیکە وەکو ئەو نەبووە و یۆرۆی ئەمجارە بۆ ئەوە دەبێتە بەشداریی شەشەم لە پاڵەوانێتییەکەدا، ئەو یاریزانێکە زۆربەباشی دەتوانێت سوود لە رووبەڕەکان وەربگرێت، لەنێو ناوچەی سزاشدا یاریزانێکی یەکلاکەرەوەیە، بەڕاستی یاریزانێکی نایابە."
 
لەبارەی ئەوەی کێ بەربژێرە بۆ بردنەوەی نازناوی یۆرۆی ئەمجارە، برونۆ فێرناندێز، ئەستێرەی پۆرتوگال دەڵێت "لەسەر کاخەز هەموو تیپەکان بەربژێرن بۆ بردنەوەی نازناوەکە، ئەوەی دێتە ئەڵمانیا بۆ رکابەریکردن دێت، هیوادارم ئێمەش یەکێک بین لەو تیپانەی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکەین."
 
پۆرتوگال دوای یارییەکەی ئەمشەو، بەرەو ئەڵمانیا بەڕێدەکەوێت، رۆژی 18ـی مانگ لە یەکەم یارییدا لە رکابەرییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپادا بەرامبەر چیک یاریی دەکات، دوای ئەوە بەرامبەر هەریەکە لە تورکیا و جۆرجیا یاریی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە