کلۆپ: بەهۆی گواردیۆلاوە بووم بەڕاهێنەرێکی باشتر

09-03-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی رەتیدەکاتەوە رکابەری لە نێوان خۆی و پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتیدا هەبێت و جارێکی دیکە رایدەگەیێنێت، پێپ باشترین راهێنەری جیهانە. 
 
لە گەڕی 28ـی پرێمەرلیگ، لیڤەرپوول لەنێو یاریگەی ئانفیڵد میوانداری مانچێستەر سیتی دەکات و پێکەوە یاریی لووتکە ئەنجامدەدەن. سیتیزنس چاوی لە بردنەوەی یارییەکە و گەڕانەوە بۆ پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە، لیڤەرپوولیش دەیەوێت بە بردنەوە یان یەکسانبوون لە پلەی یەکەم بمێنێتەوە.  
 
لە کاروانی راهێنەرایەتیدا، کڵۆپ و گواردیۆلا زۆرترین یاریی خۆیان بەرامبەر یەکدی ئەنجامداوە. لە 29 یاریی نێوانیاندا، راهێنەرە ئەڵمانییەکە 12 جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، شەش یاری بەیەکسانبوون کۆتایی هاتووە و پێپ 11 یاری بردووەتەوە، لەو بارەیەوە کلۆپ دەڵێت "پێیانگوتم من ئامارێکی ئەرێنیم بەرامبەر پێپ هەیە، لە راستیدا هیچ بیرۆکەیەکم نییە کە ئەوە چۆن روویداوە."
 
راهێنەرەکەی لیڤەرپوول زیاتر دەڵێت "پێپ وایکرد راهێنەرێکی باشترم لێدەربچێت و هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەربدەم. دەزانم من زۆر باشم لەو کارەی کە ئەنجامیدەدەم، بەڵام ئەگەر لەبارەی باشترینەوە پرسیارم لێبکەیت، گواردیۆلا باشترینە."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، کڵۆپ رەتی دەکاتەوە رکابەری لەگەڵ گواردیۆلادا هەبێت و دەڵێت "پێموانییە رکابەری لە نێوانماندا هەبێت، بەڵام تێدەگەم ئەگەر ئەو ناوەی لێبنێیت. ئێمە هەردووکمان ویستی بردنەوەمان هەیە و دەمانەوێت یارییەکان ببەینەوە، هەروەها هەردووکمان بەبەختین کە یاریزانی زۆر باش لە تیپەکانماندا هەیە، بەڵام رکابەری لە نێوانماندا نییە."
 
لە ماوەی رابردوودا کڵۆپ رایگەیاند کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لیڤەرپوول بەجێدەهێڵێت، بۆیە پێدەچێت ئەمە لە دوایین رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان ئەو دوو راهێنەرە بێت کە ماوەی چەندین ساڵە نازناوەکانی ئینگلتەرایان بۆخۆیان قۆرخکردووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە