رووداو دیجیتاڵ
سێ رۆژ دوای لەدەستدانی ئەفسانەیەکی مێژووی تۆپی پێ لەلایەن بەرازیلییەکانەوە، ئەڵمانییەکانیش قەیسەر و ئەفسانەی مێژوویی خۆیان لەدەستدا، کە زۆربەی ئەڵمانەکان پێیانوایە باشترین یاریزانی مێژووی وڵاتەکەیانە.
فرانز بێکنباوەری ئەفسانەی تۆپی پێی ئەڵمانی، لە تەمەنی 78 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا هەواڵی مردنی بێکنباوەری پشتڕاستکردەوە.
بێکنباوەر وەک یاریزان و راهێنەر نازناوی جامی جیهانی بردووەتەوە، بە یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی مێژووی یارییەکە دادەنرێت، ئەو بەنێوبانگ بوو بەوەی کە دەیتوانی لەنێو یاریگەدا لە چەندین شوێن یاری بکات و رۆڵی کاریگەر ببینێت.
کارل هاینز رومێنیگێ، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، لەبارەی قەیسەرەوە دەڵێت "بیکنباوەر یاریزانێکی تایبەت بوو، زۆر بەجوانی یاریی دەکرد. شێوازی یاریکردنی لە یارییەکەی ئەڵمانیا نەدەچوو، بەڵکو لە رووی کۆنترۆڵکردنی تۆپەوە لە یاریزانە بەرازیلییەکان نزیکتر بوو. بایرن میونشن لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا گەیشتە لووتکەی ئاستبەرزی، کە هۆکاری سەرەکیش بوونی فرانز بێکنباوەر بوو. ئەو نەبووایە تیپەکە نەدەگەیشتە ئەو ئاستە بەرزە".
ماڵباتی بێکنباوەر لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند: بەداخێکی زۆرەوە رایدەگەیەنین کە هاوژینەکەم و باوکمان، فرانز بێکنباوەر، دوێنێ یەکشەممە، لەنێو خێزانەکەیدا بە ئارامی لە خەودا کۆچی دواییکرد.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا، کە ئاماژە بە هۆکاری مردنەکەی نەکراوە، هاتووە "داواکارین رێگەمان پێبدرێت بەئارامی خەم بخۆین و خۆمان لە هەر پرسیارێک بەدوور بگرین".
بێکنباوەر وەک یاریزانێک سەرکردایەتی ئەڵمانیای رۆژئاوای کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی جامی جیهانی ساڵی 1974، هەروەها راهێنەری ئەو تیپە بوو بۆ بردنەوەی جامی جیهانی 1990، کە لە یاریی کۆتاییدا 1-0 لە ئەرجەنتینی بردەوە.
ئەفسانەی بایرن میونشن کە نازناوی قەیسەری لێنرابوو، لەم چەند ساڵەی دواییدا تووشی کێشەی تەندروستی بووبوو.
بێکنباوەر وەک مرۆڤیش گەورە و سەنگین بوو، ئەڵمانەکان شایەتی ئەوەی بۆ دەدەن کە لە دەرەوەی یاریگەکان و دوور لە وەرزشیش مرۆڤێکی رەوشتبەرز بووە، پیاوێکی راستگۆ و راشکاوانە بووە، بۆیە هەمووان خۆشیان دەویست.
تۆماس توخێل، راهێنەری یانەی بایرن میونشن، دەڵێت "فرانز پیاوێکی چەند گەورە بوو، هەموو شتێکی بە جددی وەرنەدەگرت، ئەوەی دەیبینی دەیگوت و لە هەمانکاتدا زۆر راستگۆ بوو".
بێکنباور ئەگەرچی وەک وەرزشوان هەموو شتێکی کرد و هەموو شتێکی بردەوە، بەڵام لە کۆتا ساڵەکانی ژیانیدا گەیشتبووە ئەو بڕوایەی کە بەیەکجاری لە تۆپی پێ دووربکەوێتەوە و لەگەڵ خێزانەکەی ژیانێکی ئاسایی بژیت، خوی دەیگووت "نامەوێت پەیوەندیم بە تۆپی پێەوە هەبێت، پیشەی راهێنەرایەتی بۆ من لە پرسیار دەرچووە. کاتێک ئاوڕێک لە گەشتەکەم و ژیانم دەدەمەوە، بەخۆم دەڵێم، لەوانەیە لەژێر ئەستێرەیەکی بەختدا لەدایک بووبم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ