رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئینگلتەرا رایانگەیاند، یانەی لیڤەرپوول رێکەوتنی لەگەڵ محەمەد سەڵاحی هێرشبەریدا کردووە، بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
سەڵاح لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول کۆتایی دێت، پێشتر چەندجارێک ئەو یاریزانە بابەتی نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی لە میدیاکان وروژاندا، بەبێئەوەی یانەکە هیچ روونکردنەوەیەک بدات.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، لە هەفتەکانی رابردوودا، نوێنەرانی سەڵاح و لیڤەرپوول چەندین کۆبوونەوەیان کردووە، لەپێناو دۆزینەوەی رێگەیەکی هاوبەش بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە، بەشێوەیەک کە هەردوولا پێی رازی بن.
رۆژنامەی 'میرەر'ی ئینگلیزی دەڵێ، سەڵاح و لیڤەرپوول پاش ماراسۆنێکی بەرچاوی دانوستاندن، لە کۆتاییدا لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نێوانیان بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە رێکەوتوون.
بەپێی ئەوەی رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، سەڵاح تاوەکو هاوینی 2027 لەگەڵ لیڤەرپوول دەمێنێتەوە.
ئەگەر سەڵاح تاوەکو کۆتایی گرێبەستە نوێیەکەی لە یانەکە بەردەوام بێت، واتای یارییکردنی ئەو ئەستێرەیە بۆ لیڤەرپوول بۆ ماوەی دە ساڵی بەردەوام.
'میرەر' ئاشکرایکردووە، سەڵاح ویستوویەتی گرێبەستەکەی بۆ سێ ساڵی دیکە نوێبکاتەوە، لە کاتێکدا ئامانجی گرووپی 'فینوای سپۆرت'ی خاوەنی یانەکە، نوێکردنەوە بووە بۆ ماوەی تەنیا یەک ساڵ.
لە کۆتاییدا وەک رۆژنامەکە دەڵێ، رێکەوتن لە نێوان هەردوولادا کراوە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ.
لە رووی داراییەوە، رۆژنامەکە دەڵێ بەپێی گرێبەستە نوێیەکە، سەلاح هەفتانە 400 هەزار پاوەند وەک مووچە وەردەگرێت.
لە حەوت ساڵی رابردوودا، سەڵاح ئەستێرەیەکی درەوشاوەی لیڤەرپوول بوو، 370 یاریی بۆ یانەکە کردووە و 226 گۆڵی تۆمارکردووە. سەڵاح لە لیڤەرپوول نازناوەکانی چامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ و شەش نازناوی جامە جیاوازەکانی نێوخۆ و دەرەوەی ئینگلتەرای بەدەستهێناوە.
سەڵاح ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 13 گۆڵی لە پرێمەرلیگ تۆمارکردووە و لە کۆی وەرزەکەشدا خاوەنی 15 گۆڵ و 12 ئەسیستە لە 21 یارییدا.
محەمەد سەڵاح سێیەم گۆڵکاری مێژوویی لیڤەرپوولە بەجیاوازیی 45 گۆڵ، لە پاش رۆجێر هانتی دووەم گۆڵکەری یانەکە و ئیان راشی پێشەنگ، کە سەڵاح 113 گۆڵ لێیەوە دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ