رووداو دیجیتاڵ
لەبەر نالەباری کەشوهەوا لە شاری لیڤەرپوول، دەکرێت یاریی نێوان لیڤەرپوول و مانچێستەر یونایتد دوابخرێت.
بڕیارە ئەم ئێوارەیە هەردوو یانەی لیڤەرپوول و مانچێستەر یونایتد لە لوتکەی یارییەکانی ئەم هەفتەیەی پرێمەرلیگ لە یاریگەی ئانفیڵد رووبەڕووی یەک ببنەوە، بەڵام لەبەر نالەباری کەشوهەوا، گومان لەسەر ئەنجامدانی یارییەکە درووستبووە.
شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، بەفرێکی یەکجار زۆر لە شاری لیڤەرپوول باریوە و مەترسییەکان لەو شارە گەیشتوونەتە ئاستی ئاگاداری پرتەقاڵی، لەو ئاستەدا مەترسی لەسەر ژیانی ئەو کەسانە دەبێت کە لەدەرەوەن یاخود لەنێوان شارەکاندا گەشت دەکەن.
ئەم بابەتە مەترسیی لەسەر گیانی هاندەران دروستکردووە، مەترسییەکە زیاترە لەسەر ئەو هاندەرانەی لە شاری مانچێستەرەوە گەشت دەکەن بۆ لیڤەرپوول، لە هەمان کاتدا فڕۆکەخانەی لیڤەرپوولیش لەبەر هەمان هۆکار داخراوە بەڕووی گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا.
ئەم بەیانییە، کۆمەڵەی راوێژکاری سەلامەتیی شاری لیڤەرپوول رایانگەیاند، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدرێت بۆ ئەوەی چارەنووسی یارییەکە دیاری بکرێت بە رەچاوکردنی سەلامەتی هاندەران و یاریزانەکان.
مانگی رابردوو، هەمان ئەو کۆمەڵەیە بڕیاریاندا بە دواخستنی دێربیی مێرسیساید لە نێوان ئیڤێرتۆن و لیڤەرپوول بەهۆی نالەباری کەشوهەوا.
کەشناسان پێشبینی ئەوە دەکەن، بەفربارینەکە ئەمڕۆ نەوەستێت و تاوەکو بەیانی رۆژی دووشەممە بەردەوام بێت و ئاستەنگەکانی گواستنەوە زیاتربن.
تاوەکو ئێستا یارییەکە بڕیارە لە کاتی خۆیدا، ئەمڕۆ کاژێر 19:30 ئەنجامبدرێت، بەڵام ئەگەری دواخستنی یارییەکە زۆر بەرزە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ