رووداو دیجیتال
هەرسێ یانەی بارسێلۆنا، ریال مەدرید و یوڤێنتوس، بەیانامەیەکی هاوبەشیان لەدژی هەڕەشەکانی یەکیتیی تۆپی پێی ئەوروپا بڵاوکردەوە.
رۆژی هەینی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا سزای 9 یانە لە کۆی ئەو 12 یانانەی بڵاوکردەوە، کە بەشداریکردنی خۆیان لە سوپەرلیگدا راگەیاندبوو، هەروەها دۆسیەی 3 یانەکەی دیکەشی رادەستی لیژنەی تەمبێکاری یۆفا کرد.
ئەو سێ یانەیەی هەڕەشەی دوورخستنەوەیان لە چامپیۆنزلیگ لەسەرە، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە "یانە دامەزرێنەرەکانی سوپەرلیگ هێشتا رووبەڕووی گوشار و هەڕەشەکانی لایەنی سێیەم دەبنەوە، بۆ دەستهەڵگرتن لە پڕۆژەکە، کە مایەی قبوڵکردن نین، بەمەش یۆفا دووردەکەوێتەوە لە ماف و ئەرکەکانی بۆ پێشکەشکردنی چارەسەری گونجاو بۆ سیستمی تۆپی پێ لە رێگەی پێشنیازی بەرجەستە و گفتوگۆی بنیاتنەرەوە".
هەروەها لە بەیاننامە هاوبەشەکەی ئەو سێ یانەیەدا هاتووە "ئەو هەڕيشانە لە سایەی یاسادا بێتوانان و دادگاکان پێشتر لە بەرژەوەندی پێشنیازی سوپەرلیگدا بڕیاریانداوە و فەرمانیان بە فیفا و یۆفا کردووە، راستەوخۆ یان لە رێگەی دەزگاکانی سەربەخۆیانەوە خۆیان بەدووربگرن لە هەر کردارێک کە لە کاتی دادگاییکردندا ببێتە بەربەست لەبەردەم ئەم دەستپێشخەرییەدا، کارەکان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە".
یۆفا بە دووری نازانێت، ریال مەدرید، بارسێلۆنا و یوڤێنتوس لە بەشداریکردن لە چامیۆنزلیگ بێبەش بکات، کە هەندێک لە سەرچاوەکانی نزیک لەو دەزگایە دەڵێن "یۆفا پێشنیاز دەکات ئەو 3 یانەیە بۆ ماوەی 2 ساڵ لە بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگ بێبەش بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ