رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەسڕ جارێکی دیکە دوو خاڵی لەدەستدا و یانەی هیلالیش گەڕایەوە سەر رێچکەی سەرکەوتنەکان.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی جارێکی دیکە نەیانتوانی دەرفەتی نزیکبوونەوە لە پلەکانی یەکەم و دووەمی ریزبەندیی خولی رۆشن بقۆزنەوە، کاتێک میوانداریی یانەی شەبابیان کرد و دوو خاڵی دیکەیان لەدەستدا.
یارییەکە بە یەکسانبوون 2-2 کۆتاییهات و تێیدا رۆناڵدۆ گۆڵی ژمار 926ـی کاروانی خۆی تۆمارکرد.
لەخولەکی 44 یانەی میوان بە لێدانی سزا، کە لەلایەن عەبدولڕەزاق حەمدەڵاوە جێبەجێکرا، گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.
نەسڕ لە کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا دوو گۆڵی تۆمارکرد، کە یەکەمیان لە خولەکی 45+2 لەلایەن ئەیمەن یەحیاوە تۆمارکرد، بەرلەوەی رۆناڵدۆ دوای 7 خولەک گۆڵەکەی تۆمار بکات، کە گۆڵی ژمارە 926ـی کاروانی وەرزشیی خۆی بوو.
لە گێمی دووەمدا ناوبژیوان، محەممەد ئەلفەتیلی بەرگریکاری یانەی نەسڕی بە کارتی سوور دەرکرد.
لە خولەکی 67 محەممەد شوێرخ گۆڵی یەکسانکردنەوەی بۆ یانەی شەباب تۆمارکرد.
بەم ئەنجامە نەسڕ لە پلەی چوارەمی ریزبەندیی مایەوە، کە 48 خاڵی هەیە و شەباب بە 40 خاڵ لەپلەی شەشەمدایە.
لەیارییەکی دیکەدا و دوای زنجیرەیەک ئەنجامی نەرێنی لەسەر ئاستی ناوخۆ و کیشوەری، یانەی هیلال گەڕایەوە سەر رێچکەی سەرکەوتنەوەکان و ئەمجارە سێ خاڵی قورسی لە فەیحا وەرگرت.
لە گەڕی 24ـی خولی رۆشنی سعودیەدا، یانەی هیلال بووە میوانی فەیحاو و بەئەنجامی 2-0 لێیبردەوە.
محەممەد کانۆی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی هیلال لە خولەکی 18 یانەکەی پێشخست و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی تیپی میوان بە تاکە گۆڵێک کۆتاییهات.
لەنیوەی دووەمدا هەردوو یانە هەوڵی گۆڵکردنیان دا، بەڵام کەسیان سەرکەوتوو نەبوو تاوەکو لە دوایین خولەکدا ئەلێکساندەر میترۆڤیچی گۆڵکاری هیلال و تازە گەڕاوە لە پێکان گۆڵی دووەم و مسۆگەرکردنی سێ خاڵی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.
بەم سەرکەوتنە هیلالی دووەمی ریزبەندیی ماوەی نێوان خۆی و ئیتیحادی یەکەمی ریزبەندی کەمکردەوە، کە لەم گەڕەدا بەرامبەر قادسیە دوو خاڵی لەدەستا.
هیلال گەیشتە خاڵی ژمارە 54 و تەنیا 4 خاڵ لەدوای ئیتیحادەوەیە. لەکاتێکدا فەیحا 22 خاڵی هەیە و پلەی چواردەمی گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ