دیاز دەچێتە پاڵ هالاند و وەڵامی ئارنۆڵد دەداتەوە

08-03-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی ترێنت ئەلیکزاندەر ئارنۆڵدی یاریزانی لیڤەرپوول لە لێدوانێکیدا گوتی نازناوەکانی رێدز "مانای زیاترە" لەوانەی مانچێستەر سیتی، روبن دیاز وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت "تۆ تەنیا کاتێک دەتوانێت لە هەندێک هەست تێبگەیت کە نازناو دەبەیتەوە."
 
مانچێستەر سیتی زۆرجار رەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت کە پارەیەکی زۆر خەرجدەکات و بەشێکی بینەران دەڵێن کە ئەو یانەیە نازناوەکانیان "دەکڕن". لە ماوەی رابردوودا، ئارنۆڵدی یاریزانی لیڤەرپوول لە لێدوانێکیدا گوتی "لەم چەند ساڵەی دواییدا، هەرچەندە مانچێستەر سیتی نازناوی زیاتری بردووەتەوە و سەرکەوتووتر بووە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بار و دۆخی دارایی هەردوو یانە، نازناوەکانی لیڤەرپوول مانایەکی زیاتری هەبووە بۆ ئێمە و بۆ هاندەرانمان."
 
روبن دیاز وەڵامی ئارنۆڵد دەداتەوە و دەڵێت "ئێمە سەرکەوتنێکی زۆرمان لەم یانەیەدا بەدەستهێناوە، بەتایبەتی ساڵی رابردوو کە سێ نازناوەکەمان بەدەستهێنا. ئەوانە مانایەکی زۆری بۆ ئێمە و هاندەرانمان هەیە. لە کۆتاییدا، تۆ تەنیا کاتێک دەتوانیت لە هەندێک هەست تێبگەیت کە نازناو دەبەیتەوە. بردنەوەی سێ نازناوەکە لە وەرزێکدا تەنیا کاتێک دەزانێک چی هەستێکت پێدەبەخشێت کە دەیبەیتەوە و بەدەستی دەهێنیت."
 
دیاز لەبارەی ئەو رەخنانەی ئاراستەیان دەکرێت دەڵێت "پێموایە لە مان سیتی و یانەکەی پێشووم (بێنفیکا)، گەورەیی ئێمە بەوە دەردەکەوێت کە رەخنەکان کاریگەری لەسەرمان نییە، ئێمە دەزانین چیمان کردووە و چۆن نازناوەکانمان بۆخۆمان قۆرخ کردووە، ئێمە ئەوە بۆ هیچ کەسێکی دیکە ناکەین، بەڵکو بۆخۆمان ئەنجامی دەدەین."
 
ئەستێرەکەی مانچێستەر سیتی لە کۆتایی قسەکانیدا جارێکی دیکە وەڵامی لێدوانەکەی ئارنۆڵد دەداتەوە و دەڵێت "ئێمە تەنیا سەرنجمان لەسەرخۆمان و بەرەوپێشچوونمانە، بوون بە یانەیەکی گەورەش بەمشێوەیە دەکرێت، نەوەک بە قسەکردن لەبارەی سەرکەوتنی کەسانی دیکە و هەوڵدان بۆ بچووککردنەوە یان گەورەکردنی بەوشێوەیەی ئەوەی خۆت دەتەوێت."
 
ئەم قسانەی دیاز لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری مانچێستەر سیتی وەڵامی قسەکانی ئارناڵدی دابووە و گوتبوی "من لە وەرزێکدا سێ نازناوەکەم بەدەستهێنا و ئەوە هەستێکی زۆر خۆشم پێدەبەخشێت، پێموانییە ئارنۆڵد لەو هەستە تێبگات."

 

 
ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە گەڕی 28ـی پرێمەرلیگ، لیڤەرپوول لە نێو یاریگەی ئانفیڵد میوانداری مانچێستەر سیتی بکات و پێکەوە یاریی لووتکە ئەنجامبدەن. سیتیزنس چاوی لە بردنەوەی یارییەکە و گەڕانەوە بۆ پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە، لیڤەرپوولیش دەیەوێت بە بردنەوە یان یەکسانبوون لە پلەی یەکەمی بمێنێتەوە.  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە