مۆلەر تەنیا لە ئێمباپێ دەترسێت و ڤیراتیش دڵی بە مێسی خۆشە

08-03-2023
ئیحسان تاهیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی بایرن میونشن لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، لەسەر یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی پاریس سانجێرمان دەکات.
 
تۆماس مۆلەری یاریزانی بایرن میونشن و مارکۆ ڤێراتی، یاریزانی پاریس سناجێرمان لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەیان کردووە و هەردووکیان باسی رۆڵ و مەترسی ئێمباپێ و مێسییان کردووە.. ئەمە پوختەی قسەکانیانە:
 
تۆماس مۆلەر، یاریزانی یانەی بایرن میونشن:
 
ئەو یاریزانەی لەم رۆژانەدا لە هەمووان زیاتر سەرسامم دەکات بەدڵنیاییەوە کیلیان ئێمباپێیە. پێموایە ئێستا ئەمە بڕیارێکی ئاسانە. بەهۆی وزەی بەرزی لەگەڵ بڕیارە دروستەکانی. تەنانەت لەناو ناوچەی سزاشدا وەک هێرشبەرێک دەجوڵێت. بۆیە بە سەیرکردنی تەنیا چێژ وەرناگری، بەڵکو کاریگەریشە. بەشێوەیەکی کەسی من حەزم لێیە. بەڵێ، پێموایە هەموو جیهان حەزی لە سەیرکردنی یاری ئەوە. ئێمباپێ گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئێمە، دەبێت بە کۆششێکی بەکۆمەڵ بیوەستێنین، ئەو پلانەی بۆمان داناوە ئەگەر پابەندبین پێیەوە رێگەنادەین شەوێکی خۆش بەسەرببات. سەبارەت بە مێسیش، پێموایە لە چەند ساڵی دواییدا بەسەر مێسیدا باڵادەستبوومە، بەتایبەتی کە لە بارسێلۆنا بوو.
 
 
مارکۆ ڤێراتی، یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان
 
یارییەکی زۆر گرنگە، یاری چوونمان ئەنجامدا و هێشتا یاری گەڕانەوەمان لەبەردەستە، دەزانین لە یاریگای خۆمان و لەبەردەم هاندەرانماندا بە ئەنجامی 0-1 دۆڕاین و ئەوەش پێشکەوتنێکی کەمی بەوان بەخشیوە، بەڵام ئێمە هێشتا کاتێکی زۆرمان لەبەردەستە بۆ یاریکردن و بردنەوە، دەمانەوێت سەرکەوین، بۆیە پێویستە ئاستێکی نایاب پێشکەش بکەین بەرامبەر بە رکابەرێکی گەورە، متمانەیەکی زۆر لەنێو هاوڕێکانمدا دەبینم و ئامادەین ئاستێکی نایاب پێشکەش بکەین و لەنێو یاریگەی ئەواندا سەرکەوین. ئێمە کیلیان ئێمباپێمان هەیە، هەروەها لیۆنێل مێسی، کە هەردووکیان ئەزموونێکی زۆریان هەیە لە ئەنجامدانی ئەم جۆرە یارییانە، دەزانم زۆر یارمەتیدەرمان دەبن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە