نەورۆز سۆرانی گۆڵبارانکرد و چووە پێشەنگی خولی کوردستان

07-02-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خولی کوردستان
A+ A-

رووداو - هەولێر

یانەی نەورۆز پێشەنگی ریزبەندی خولی کوردستانی لە یانەی سیروانی نوێی هاوشاری وەرگرت، دوای ئەوەی سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر یانەی سۆران بەدەستهێنا.

لە رکابەرییەکانی گەڕی چواردەیەمی خولی یانە نایابەکانی کوردستان، نەورۆز لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر سۆران یارییکرد و یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، ئەستێرەی یارییەکەش دیار عەلی بوو، کاتێک هاتریکی لە یارییەکەدا تۆمارکرد.

لە یارییەکی دیکەدا لە دهۆک یانەی سیروانی نوێی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە یانەی زێرەڤانی دۆڕا، تاکە گۆڵی یارییەکەش ئەیوب ئەیادەوە تۆمارکرا.

یانەی پێشمەرگەی هەولێر چووە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە بە 22 خاڵ، دوای ئەوەی بە گۆڵێکی گوران عیماد لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە یانەی شێروانەی بردەوە، لەو یارییەدا کە لە کەلار بەڕێوەچوو.

 

یانەی برایەتی لەنێو یاریگە و هاندەرانی سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە یانەی هەندرێنی بردەوە.

دوای کۆتاییهاتنی ئەم گەڕەی خولەکە، یانەی نەورۆز بە 22 خاڵ چووە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە، یانەی پێشمەرگەی هەولێر هەمان ژمارەی خاڵی هەیە و لە پلەی دووەمی ریزبەندە، یانەی سیروانی نوێ و زێرەڤانیش خاوەنی 20 خاڵن و لە پلەکانی سێیەم و چوارەمی خولەکەدان.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە