رووداو دێجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە یاریی لووتکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لەنێوان هەردوو یانەی زاخۆ و هەولێر بەڕێوەدەچێت، پرسیاری سەرەکی هاندەرانی هەولێر بەر لەم یارییە ئەوەیە، شێرکۆ کەریم و ئوسامە رەشید بەشداری لە یارییەکەدا دەکەن یان نا؟
مانگێک لەمەوبەر، لە یاریی نێوان هەردوو یانەی هەولێر و زەورا، شێرکۆ کەریم و ئوسامە رەشید تووشی پێکانبوون، شێرکۆ چووە دوبەی بۆ ئەوەی چارەسەرییەکانی پێکانەکەی وەربگرێت و ئوسامە رەشیدیش هەر لە هەولێر مایەوە و چارەسەرییەکانی پێکانەکەی وەرگرت.
بەپێی بەدواداچونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، شێرکۆ کەریم و ئوسامە رەشید، لە پێکانەکانیان چاکبوونەتەوە. بەڵام هێشتا 100٪ لە رووی توانای جەستەییەوە بۆ یارییکردن ئامادەنین و بەشداری لە یاریی یانەکەیان بەرامبەر یانەی زاخۆ ناکەن، راهێنەری یانەکەش نایەوێت سەرکێشی بەو دوو یاریزانە بکات، بۆ ئەوەی لە یارییەکانی داهاتوودا بەشێوەیەکی باشتر بۆ یارییکردن ئامادەبن.
ماوەی هەفتەیەکە، ئوسامە رەشید و شێرکۆ گەڕاونەتەوە نێو مەشقەکانی یانەی هەولێر، بەڵام بە پێی قسەکانی ئەحمەد قەدوری راهێنەری توانای جەستەیی بۆ رووداو، هەردوو یاریزانەکە هەفتەیەکی دیکەیان پێویستە بۆ ئەوەی بەشداری مەشقە بە کۆمەڵەکان بکەنەوە و دوای یارییەکەی بەرامبەر یانەی زاخۆ، بەتەواوی بۆ یارییکردن ئامادەدەبن.
هەولێر لە یاریی رابردوودا بەبێ ئەو دوو یاریزانە سەرکەوتنێکی گرنگی بەرامبەر یانەی نەفتی بەسرە بەدەستهێنا و رۆژی پێنجشەممە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی زاخۆ یاری دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ