رووداو دیجیتاڵ
شەوی سێشەممە یانەی چێڵسیی ئینگلیزی لەسەر یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی دەکات، لەو یارییەی کە چێڵسی دەبێت براوەبێت بۆ ئەوەی ماڵئاوایی نەکات و بگاتە قۆناخی داهاتوو.
یاریی چوون بەئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر لە سوودی یانەی بۆرووسیا دۆرتموند کۆتاییهاتووە، بۆیە بە یەکسانبوون یانیش بردنەوە، یانە ئەڵمانییەکە دەگاتە قۆناخی هەشت، بەڵام چێڵسی دەبێت بەجیاوازیی دوو گۆڵ ئەم یارییە بباتەوە تاوەکو گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو مسۆگەربکات.
لەم بابەتەدا چەند زانیارییەکتان لەسەر یارییەکە پێشکێشدەکەین کە زانیاریی مێژوویی و ژمارەیین..
- چێڵسی لە رابردوو کاتێک میوانداریی یانە ئەڵمانییەکانی دەکرد زۆر باش بوو! حەوت جاری یەکەم نەیهێشت هیچ ئەڵمانییەک لە خاکی لەندەن بردنەوە تۆماربکات لە چامپیۆنزلیگدا، بەڵام لەم دوو یارییەی رابردوودا جارێک دۆڕاوە و جارێک یەکسانبووە، واتا بەگشتی چێڵسی نۆ جار میوانداریی یانە ئەڵمانییەکانی کردووە، حەوت جار براوەبووە و جارێک یەکسان و جارێکیش دۆڕاوە.
- ئایا دەزانی دۆرتموند لە 2013 وە هیچ بردنەوەیەکی لە خاکی یانە ئینگلتەرا و لە چامپیۆنزلیگدا نییە؟ ئەو کات لە ئارسیناڵی بردەوە، دواتر لە پێنج جار هاتووەتە ئینگلتەرا و هەموویانی دۆڕاندووە.
- مێژوو تۆزێک قسەی خۆشی بۆ چێڵسی پێیە، چونکە دوای ئەوەی یاریی رابردووی لە دەرەوەی خاکی خۆی دۆڕان، بووە هەشتەمجار کە بلووز لە یاریی یەکەمدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بدۆڕێت، پێشتر چوار جار ریمۆنتادای کردووە و سەرکەوتووە و سێ جاریش بای بای کردووە، کەواتە ژمارەی سەرکەوتنەکانی زیاترن لە دەرکرانەکانی کاتێک لە یاریی چوون لە دەرەوەی خاکی خۆی دەدۆڕێت.
- لەملاوە مێژووی زەردەخەنە بۆ دۆرتموند دەکات، چونکە کاتێک ئەو یانەیە لە یاریی یەکەمدا بردنەوەی تۆمارکردبێت، زۆربەی کاتەکان سەرکەوتووبوون، شەشجار لە چامپیۆنزلیگدا دۆرتموند یاریی یەکەمی بردووەتەوە، پێنجار گەیشتوونەتە قۆناخی داهاتوو، ئەو جارەشی دەرکرا لەسەر دەستی یانەی پاریس سانجێرمان بوو لە وەرزی 2019-2020.
- یاریگەی ستامفۆرد بریج هەمیشە لەپشت کارە گەورەکانی چێڵسییەوە بووە، بەجۆرێک لە دوایین نۆ یاریدا لەسەر ئەم یاریگەیەدا حەوت بردنەوەی هەیە لەگەڵ یەکسانبوونێک و دۆڕانێک، دۆڕانەکەتان بیرە؟ ریال مەدرید و بنزیما 3-1 لێرە چوونەدەرەوە، یەکسانبوونەکەش سالزبۆرگی نەمسایی بوو، دۆرتموند ئیشی بەوەیە وەک سالزبۆرگ بکات و هیچی دی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ