هەواڵێکی چاوەڕواننەکراو بۆ تۆپی پێی عێراق

دوێنێ کاژێر 05:49
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە کۆبوونەوەی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ شرۆڤەکار و راهێنەرانی ناوخۆ کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و ناڕەزایەتیی زۆری لێدەکەوێتەوە.
 
دوای ئەوەی هەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداوی 26 کە لە کوێت بەڕێوەچوو، نەیتوانی ئەنجامی باش بەدەستبهێنێت و لە قۆناخی یەکەم کرایە دەرەوە، عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لەسەر هۆکارەکانی کرانە دەرەوەی هەڵبژاردەکە و کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو بۆشاییانەی لە تیپەکەدا هەن لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری شرۆڤەکاران و راهێنەرانی تۆپی پێ لەسەر ئاستی عێراق کۆبووەوە.
 
هەموو ئەوانەی لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون بە سەرۆکی فیدراسیۆنەکەیان گوتووە لە ماوەی رابردوودا چەند هەڵەیەک کراون و پێویستە فیدراسیۆنەکە هەڵەکانی راستبکاتەوە، عەدنان درجال، لە وەڵامدا گوتوویەتی "هەموو کەسێک هەڵە دەکات، زۆر دەمێک بوو دەمویست کۆبوونەوەیەکی لەم شێوەیە رێکبخەین و گوێ لە بۆچوونی ئێوە بگرم، بەدڵنیاییەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی هەڵەکان چارەسەر بکەین."
 
ئەوەی زۆرترین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەوەبوو کە عەدنان درجال، بە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکەی گوت "خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، متمانەی بە تواناکانی هەریەکە لە عەلی حەمادی، زیدان ئیقبال و چەند یاریزانێکی دیکە نییە و ئێمە لە هەوڵداین بۆ ئەوەی متمانەی بۆ دروستبکەین."
 
ئەم قسانە هەر زوو لە سۆشیاڵ میدیای عێراقیدا بڵاوبوونەوە و کاردانەوەی گەورەی بەدواداهات، بەشێکی هاندەران داوادەکەن فیدراسیۆنەکە هەرچی زووە، بڕیاری دوورخستنەوەی خیسوس کاساس لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق بدات و بەدوای راهێنەرێکی گەورەدا بگەڕێت.
 
ئەم قسانەی عەدنان درجال، لەبارەی نەبوونی متمانەی راهێنەر بەو دوو یاریزانە لەکاتێکدایە، هەردوو یاریزان لە بەرزترین ئاستی تۆپی پێی ئەورووپادا یاری دەکەن، عەلی حەمادی، لە پرێمەرلیگ یاری بۆ یانەی ئیپسویچ تاون دەکات و زیدان ئیقبالیش لە یانەی ئوترێختی هۆڵەندی یاری دەکات و پێشتر یاریزانی مانچێستەر یونایتد بوو.
 
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، سوپاسی ئامادەبووانی کرد و پێیگوتن "سوپاس بۆ ئامادەبوونتان و دەستنیشانکردنی هەڵەکانمان، بەدڵنیاییەوە بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو پرسانە دەکەین و هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەین."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە