رووداو دیجیتاڵ
رکابەرییەکانی گەڕی دەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکەن، یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی مینا یاری دەکات و دەیەوێت بە سێ خاڵەوە لە بەسرە بگەڕێتەوە.
هەولێر لە دوای یارییەکەیان بەرامبەر نەفت میسان و یەکسانبوونیان بەرامبەر ئەو یانەیە نەگەڕایەوە و هەر لە بەسرە ماوە، بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە خۆی بۆ یارییەکە ئامادەبکات و رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکە بکات.
لە یارییەکەی ئەمڕۆدا هیگۆر ڤیدال، یاریزانی بەرازیلی بەهۆی پێکانەوە یاری ناکات و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەڕاوەتەوە هەولێر.
بەر لەم یارییە هەولێر لە پلەی چوارەمی ریزبەندە و بەبردنەوەی ئەم یارییە یانەکە بەشێوەیەکی کاتی دەتوانێت بچێتە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
لە بەرامبەردا یانەی مینا لەم وەرزەدا ئاست و ئەنجامەکانی خراپن، یانەکە لە 8 گەڕی رابردوودا تەنیا دوو یاریی بردووەتەوە و بە کۆکردنەوەی 8 خاڵ لە پلەی حەڤدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
یانەی هەولێر لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، لە 9 یارییدا 4 یاریی بردووەتەوە، 2 جار دۆڕاوە و لە 3 یارییدا یەکسانبووە، هەردوو دۆڕانەکەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ