رووداو دیجیتاڵ
یانەی قوە جەوییەی عێراقی، یارییەکانی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا لەسەر یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر ئەنجام دەدات.
یانەی قوە جەوییە، کە وەرزی رابردوو پلەی دووەمی خولی عێراقی بەدەستهێنا و ئەمشەو یاریی کۆتایی جامی عێراق بەرامبەر یانەی هەولێر دەکات، رایگەیاند یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر داواکارییەکەی، بۆ ئەوەی یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر وەک یاریگەکەی دەستنیشان بکات بۆ ئەنجامدانی یارییەکانی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا.
وەشانی نوێی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، بڕیارە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوودا قۆناخە سەرەتاییەکانی دەستپێبکات.
یانەکەی بەغدا، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، رایگەیاند "یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا رازییە لەسەر هەڵبژاردنی یاریگەی فرانسۆ هەریری لە پارێزگای هەولێر، وەک یاریگەی تیپەکەمان لە خولی داهاتووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیادا".
یانەی قوە جەوییە نوێنەرایەتی تۆپی پێی عێراق دەکات لە گەورەترین پاڵەوانێتی ئاسیا لەسەر ئاستی یانەکان، دوای ئەوەی یانەی شورتە داوای لێبوردنی کرد و یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیای لەوە ئاگادارکردەوە لە وەک پاڵەوانی خولی نایابی عێراق ناتوانێت بەشداری لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا بکات.
یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا، پێشتر رایگەیاند کە یەک کورسی بۆ عێراق لە چامپیۆنزلیگدا تەرخان دەکات، لە کاتێکدا دوو کورسی لە جامی یەکێتیی ئاسیای پێبەخشرا، کە یانەی زەورای خاوەنی پلەی سێیەم و کارەبای خاوەنی پلەی پێنجەم لە ریزبەندیی خولی نایابی عێراق بەشداری تێدا دەکەن.
پێشتر کارگێڕیی یانەی قوە جەوییە یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرەی بۆ یارییەکانی لەسەر ئاستی ئاسیا و عەرەبی هەڵبژاردبوو، بەڵام لە کۆتاییدا پێیان باشتربوو روو لە شاری هەولێر بکەن، بەبێ ئەوەی هۆکاری راستەقینەی ئەو بڕیارەیان ئاشکرا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ