نەسڕ چاوی لە چوارگۆشەی زێڕینە و رۆناڵدۆ بەڵێن دەدات

11-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگی ئاسیا کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای شکستی نەسڕ لە یاریی چووندا، ئەو یانە سعودییە بەجۆرێک لە ترس و هەستیارییەوە، یاریی گەڕانەوەی خۆی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا بەرامبەر عەینی ئیماراتی ئەنجامدەدات، بەڵام تیپەکە یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانەکانیشی بۆ یارییەکە لەدەستداوە کە ئاندرسۆن تالیسکایە و ناچارە بەبێ ئەو یاریزانە کاریگەرە رووبەڕووی رکابەرەکەی ببێتەوە.
 
لەنێو کەشی ترس و هەستیاریی هەموواندا، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یەکەم، ناچارە جارێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ گوشارەکاندا بکات و بەرپرسیارێتی دۆخەکە لە ئەستۆ بگرێت. ئەو یاریزانە وەک خووی هەمیشەیی، بەگەشبینییەوە لە دۆخەکە دەڕوانێت، داوای پشتگیریی هاندەرانی یانەکەی دەکات.
 
رۆناڵدۆ بەر لەیارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "هەموومان ئەو راستییە دەزانین کە یارییەکەمان زۆر گرنگ دەبێت، یانەکە و یاریزانان و هاندەران و وڵاتەکەش لەو راستییە تێدەگەن. وەک راهێنەریش گوتی، ئێمە ئامادەین، پێمانوایە شەوێکی باشمان دەبێت. لێرەدا هەلی ئەوەم هەیە داوا لەهاندەرانی نەسڕ بکەم لە یاریگەدا لەگەڵماندا بن، پشتگیریمان بکەن و گەشبین بن، چونکە ئێمە وەک یاریزانان پۆزەتیڤین، متمانەمان بەوە هەیە کە دەتوانین ئەنجامی یاریی یەکەم بگۆڕین و بگەینە یاریی کۆتایی".
 
رۆناڵدۆ لە یاریی چووندا بەرامبەر عەین، هەوڵی زۆریدا بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە و خۆپاراستن لە شکست، بەڵام نەیتوانی هیچ بۆ تیپەکەی بکات و ئەوەی زیاتر ترسی لە دۆخی نەسڕ بۆ یارییەکەی ئەمشەو دروستکردووە، دوورکەوتنەوەی ئیمریک لاپۆرتی بەرگریکەری تیپەکەیە کە لە یاریی چووندا بەکارتی سوور کرایە دەرەوە. بەڵام تیپەکە خۆی بۆ یارییەکە باش ئامادەکردووە.
 
وێڕای ئەوەش کریس پێیوایە هەموو شت بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکە ئامادەیە، "تیپەکەمان بۆ یارییەکە ئامادەکردووە. لە دوو رۆژی رابردوودا کارمان لەسەر چاکبوونەوە کرد دوای دوایین یاریمان، ئەمڕۆ بەرچاومان روونبوو لەوەی پێکهاتەکەمان بۆ یارییەکە چۆن دەبێت، رۆتینی پێش یارییەکەمان کۆتایی پێهێنا و بۆ یارییەکە ئامادەین".
 
نەسڕ لە خولی نێوخۆی سعودیەشدا ئەنجامەکانی باش نین و ئەو شکستەی تیپەکە بەرامبەر رائید لە دوا گەڕی خولەکەدا دووچاریبوو، ئومێدی یانەکەی بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە تاڕادەیەکی زۆر کۆتایی پێهێنا، بۆیە قەرەبووکردنەوەی شکستەکەی یاریی چوون بەرامبەر عەین، دەکرێ دەرچەی هەڵسانەوەی نەسڕ بێت لە وەرزی ئەمساڵدا.
 
کریستیانۆ، دانبەقورسیی ئەرکەکەدا دەنێت، بەڵام ئاڵنگارییەکەی قبووڵە، "یارییەکەمان قورسە. دەزانین لە یاریی چووندا دۆڕاوین، هەر لەبەرئەوە دەبێ ئەو راستییە بگۆڕین بۆ بردنەوە، بەڵام ئەمە دۆخی تۆپی پێ و جوانییەکانێتی، ژیان پڕیەتی لە ئاڵنگاری، کەس هیچت پێشکێش ناکات، ئێمە خۆمان دەبێ خۆمان رزگار بکەین، سەربکەوین و لە یارییەکەشدا هەر ئەوەمان دەوێت".
 
وەرزی دووەمی یارییکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە نەسڕ ئەمشەو لەسەر مەحەکە، ئەگەر تیپەکە بگاتە چوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، گوشارەکان لەسەر خۆی و تیپەکەشی کەمدەکاتەوە و بەدەستکەوتێک لای هاندەرانی نەسڕ دادەنرێت کە چاویان لەوەیە لەگەڵ رۆناڵدۆدا، نەسڕ هەموو بەربەستەکانی پێش گەیشتن بەسەکۆی نازناوەکان ببڕێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە