تایبەت بە رووداو.. مەسعود میرال نابێتە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق

22-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مەسعود میرال
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە، هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە ئەگەری وەرگرتنی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی عێراق دەکەن لەلایەن مەسعود میرالەوە.
 
لە دوای یەکسانبوونی عێراق لەگەڵ کوێت، لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، جارێکی دیکە دەنگی ناڕەزایەتیی عێراقییەکان بەرزبووەوە و هێرشی زۆر کرایە سەر خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەکە و دەنگۆی دوورخستنەوەی لە کارەکەی بڵاوبووەوە.
 
میدیای عێراق باس لەوە دەکات بە نهێنی کۆبوونەوەیەک لەنێوان سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و راهێنەرە ئیسپانییەکە کراوە و گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکان کراوە، باس لەوەش دەکرێت کە لە ئەگەری شکستهێنان لە بردنەوەی سێ خاڵی بەرامبەر فەلەستین، راهێنەرە ئیسپانییەکە لەکارەکەی دووردەخرێتەوە.
 
چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانی لە سۆشیاڵ میدیادا، دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە کە مەسعود میرال، راهێنەری یانەی دهۆک بەربژێری سەرەکییە بۆ ئەوەی لە شوێنی خیسوس کاساس ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و لە ئەگەری دوورخستنەوەی راهێنەرە ئیسپانییەکە، راهێنەرە کوردەکە بۆ هەردوو یاریی بەرامبەر کۆریای باشوور و ئوردن دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەکە.
 
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەوە، مەسعود میرال بە رووداوی گوت "ئەو دەنگۆیانەی بڵاوکراونەتەوە هیچ بنەمایەکیان نییە و ئەوە روونادات."
 
یانەی دهۆک لە رێگەی رووداوەوە هەواڵی میدیای عێراق بە درۆ دەخاتەوە و دەڵێت "بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بە یانەی دهۆک و مەسعود میرالەوە نەکراوە، ئەو دەنگۆیانەی بڵاوکراونەتەوە بێ بنەمان و هیچ قسەیەکیش لەبارەی ئەو پرسەوە نەکراوە."
 
ئەمە لەکاتێکدایە مەسعود میرال، راهێنەری یانەی دهۆک و دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەکە بۆ پاڵپشتیکردنی پیتەر گۆرگیس و هاروون ئەحمەد، لە بەسرە ئامادەی یاریی عێراق و کوێت بوون.
 
بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیانە لەکاتێکدایە، یانەی دهۆک خۆی بۆ یاریی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرامبەر یانەی زاخۆ و یاریی کۆتایی جامی کەنداو، بەرامبەر یانەی قادسیەی کوێتی ئامادەدەکات.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە