بەهۆی ڤینیسیۆسەوە، ریال مەدرید داوای گۆڕینی سیستمی ناوبژیوانانی لالیگا دەکات

دوێنێ کاژێر 12:31
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید ڤینیسیۆس جونیۆر سیستمی ڤار
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید، جەنگی لە دژی سیستمی ناوبژیوانانی لالیگا راگەیاندووە و داوای گۆڕینی هەموو سیستمەکە دەکات.
 
ریال مەدرید، لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵەوە هەست بەناهەقیی لە بڕیارەکانی ناوبژیوانانی لالیگا، بەرامبەر یاریزانەکانی دەکات، دوایین رووداو کە ریال مەدریدی تووڕەکردووە، کارتە سوورەکەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر بوو لە یاریی بەرامبەر ڤالێنسیا کە بەسەرکەوتنی ریال مەدرید بە 2 - 1 گۆڵ، کۆتاییهات.
 
پێشتر لە چەندین بۆنەی جیاوازدا، کەناڵی فەرمیی ریال مەدرید، بەوردی هەڵوەستەی لەسەر بڕیارەکانی ناوبژیوانانی لالیگا کردووە و بەناهەقی بەرامبەر یانەکە تۆمەتباری کردوون.
 
رۆژنامەی 'مارکا' ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید وا هەستدەکات، ئەوەی لە یارییەکەی ڤالێنسیا رووبەڕووی بووەتەوە، دووپاتکەرەوەی ئەو راستییەیە کە لالیگا هیچ گۆڕانکارییەکی لە سیستمی ناوبژیوانانی لالیگادا نەکردووە.
 
لەیارییەکەی ڤالێنسیادا، ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە خولەکی 79 ، ناوبژیوان کارتی سووری بەڕووی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، هێرشبەری ریال مەدرید بەرزکردەوە، پاشئەوەی وایدانا کە دەستدرێژی کردووەتە سەر ستولە دیمتریسکی، گۆڵپارێزی یانەی ڤالێنسیا.
 
لە دوای یارییەکە، کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "کارتە سوورەکەی ڤینیسیۆس شایستە نەبوو، تێهەڵچوونەوەی بۆ دەکەین".
 
ریال مەدرید بەنیازە لەماوەی بوونی تیپەکەی لە سعودیە بۆ بەشداریکردن لە جامی سوپەری ئیسپانیا، جارێکی دیکە داوای گۆڕانکاری لە پەیکەری ناوبژیوانیی لە خولەکەدا بکات.
 
وەک رۆژنامەکە دەڵێ، ریال مەدرید پێیوایە، سیستمی ناوبژیوانانی لالیگا پێویستی بەگۆڕانکاریی گەورە هەیە، روونیکردووەتەوە، ریال مەدرید وای دەبینێت کە "لایەنگیریی سیستمی ڤار بەردەوامە و بەئەنقەست رووداوەکانی بەر لە پێدانی کارتە سوورەکەی ڤینیسیۆس جۆنیۆریان پشتگوێخستووە".
 
'مارکا' زیاتر دەڵێ، ریال مەدرید پێیوایە، "تاوەکو دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، دادپەروەری لە خولی ئیسپانیادا بەرپا نابێت".
 
راپۆرتی رۆژنامەکە زیاتر دەڵێ، "ریال مەدرید پێیوایە کە سیستمی ڤار بەکاردەهێنرێت بۆ ئامانجی دوور لەو ئامانجانەی لەپێناویدا دروستکراوە. ئەوەشی لە میستایا روویداوە بەتەواوی بۆچوونی یانەکە دەسەلمێنێت لەبارەی پێویستیی گۆڕانکاریی ریشەیی لە سیستمەکەدا".
 
بەپێی ئەوەی مارکا ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید پێشتر بەجیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی راگەیاندووە کە ئەوان رەخنەی زۆریان لە سیستمی ڤار هەیە و پێویستی بەپێداچوونەوە و چاکسازی هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە