تایبەت بە رووداو.. یانەی دەربەندیخان لە سزادانەکەی ناڕازییە

دوێنێ کاژێر 05:41
سیڤەر بێستوون
A+ A-
 
 
 رووداو دێجیتاڵ 
 
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان یانەی دەربەندیخانی بەتووندی سزادا و یاریدەدەری راهێنەری ئەو یانەیەی بۆ دوو یاریی سڕکرد. ئەو یاریدەدەرەش دەڵێ تاوەکو ئێستا نازانم بۆچی سڕکراوم و کۆی سزاکانی سەر یانەکە، جێگەی پرسیارن.
 
یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، لە راگەیندراوێکی 17 خاڵێدا، کۆمەڵێک یانەی بەشداری لە خولی یانە نایابەکانی کوردستان سزادا، لەنێویاندا یانەی دەربەندیخان و بەبڕیاری یەکێتییەکە دەبێی دوو یاریی داهاتووی لە یاریگەی خۆیدا بەبێ هاندەر ئەنجامبدات.
 
زمناکۆ قادر، یاریدەدەری راهێنەری یانەی دەربەندیخان لەبارەی سزادانەکەی بە رووداوی گوت" بەڕاستی پێم سەیر بوو کە من بۆ دوو یاریی راگیراوم، لە راگەیێنراوەکەشدا رووننەکراوەتەوە کە هۆکاری سڕکردنی من چییە؟ نەک هەر من هەر بەگشتی سزادانی یانەی دەربەندیخان بەوشێوەیە بۆ ئێمە جێگەی پرسیارە."  
 
بەهۆی رووداوەکانی یاریی نێوان هەردوو یانەی دەربەندیخان و شێروانە لە رکابەرییەکانی گەڕی 11ـی خولی یانە نایابەکانی کوردستان و بە پشتبەستن بە راپۆرتی سەرپەرشتیاری یاری و ناوبژیوانی یارییەکە یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بڕیاری سزادانی یانەی دەربەندیخانی داوە.
 
بەپێی بڕیارەکە یانەی دەربەندیخان دوو یاریی داهاتووی لەنێو یاریگەی خۆی بەبێ هاندەر ئەنجامدەدات و یانەکە بەپێبژاردنی ملیۆنێک و 500 هەزار دیناریش سزادەدرێت. 
 
هەر لەو یارییەدا، هەڤاڵ محەممەد، نێوەڕاستکاری یانەی دەربەندیخان بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، بەپێی راپۆرتی ناوبژیوانی یارییەکە، ئەو یاریزانە  هێرشی کردووەتە سەر ناوبژیوان و جنێوی پێیداوە، بۆیە بڕیاردراوە یاریزانەکە بۆ دوو یاری سڕ بکرێت.
 
زمناکۆ قادر زیاتر قسەی بۆ رووداو کردووە و دەڵێت "لە یارییەکەی بەرامبەر یانەی شێروانە، رێژەیەکی زۆری هاندەری یانەی شێروانە لەنێو یاریگا ئامادەبوون و چەندین جار دەبەی ئاویان فڕێدایە نێو گۆڕەپانی یارییەکە، بەڵام ئەو یانەیە هیچ سزایەکی بەسەردا نەسەپێندراوە و تەنیا یانەکەی ئێمەیان سزاداوە."
 
جگە لە زمناکۆ قادر، هەریەک لە دڵشاد محەممەد، راهێنەری یانەکە و هەرێم سەعید، سەرپەرشتیاری یانەی دەربەندیخان، ئاگادارکردنەوەی کۆتاییان دراوەتێ، بەوەی کۆنترۆڵی خۆیان بکەن ئەگەرنا تووشی سزای قورس دەبنەوە.
 
دڵشاد محەممەد راهێنەری یانەی دەربەندیخان لەسەر سزاکانی یانەکە گوتی" ئێمە رێز لە هەر بڕیارێک دەگرین کە لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی کوردستانەوە بدرێت، بەڵام خۆزگە چۆن راهێنەر و یاریزانان سزادەدرێن، ئاواش ناوبژیوانانیش سزادرابان، چونکە بەڕاستی کارتە سوورەکەی هەڤاڵ محەممەد بووە هۆکاری تووڕەکردنمان،  کاتێک هەڤاڵ کارتی زەردی یەکەمی وەرگرت دوای چەند چرکەیەک کارتی زەردی دووەمی بەڕوودا بەرزکرایەوە، ئێمەش تەنیا کاردانەوەمان بەرامبەر بڕیارەکە هەبوو، بەڵام بەبێ ناو زڕاندن، بۆیە کە بڕیارەکەمان بینی پێمان سەیر بوو ناوی من و هەرێم سەعیدی سەرپەرشتیاری یانەکەی تێدایە."
 
یانەی دەربەندیخان لە دوایین یارییاندا بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە یانەی ئاکرێیان بردەوە و ئێستا یانەکە بە 16 خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولی نایابی کوردستان دەبینرێت.   
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە