رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەهۆی تووڕەیی هاندەرانەوە رووبەڕووی قەیرانێکی سەخت دەبێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەدەرەوەی سنووری یانە زەبەلاحەکەی مەدرید.
دوای کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، ئێمباپێ لە سەرەتای ئەم وەرزەدا پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کرد.
ئێمباپێ لەسەرەتای ئەزموونەکەی لەگەڵ ریال مەدرید رووبەڕووی رەخنە بووەوە، بەهۆی خراپی ئاستەکەیەوە، بەڵام بەم دواییە تا راددەیەک درەوشاوەتەوە و سەرنجی هاندەرانی مەدریدی راکێشاوە.
بابەتەکە پەیوەندی بە تەقینەوەی تووڕەیی هاندەرانی یانەی کانی فەرەنسییەوە هەیە بەرامبەر ئێمباپێ کە 6 مانگ لەمەوبەر خاوەندارێتییەکەی بەدەستهێناوە.
یانەی کان دوێنێ هەینی لە خولی پلە دووەکاندا، بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە کلێرمونت دۆڕا، و بەجیاوازی گۆڵ لەگەڵ ئەجاکسیۆ پلەی شانزەی ریزبەندی گرتووە، و ئەجاکسیۆ لە پلەی پێش کۆتاییدایە.
ئەو دوو یانەیە مەترسی دابەزینیان بۆ خولی پلە سێی فەرەنسای لەسەرە.
کان لە دوایین 5 یاری خولی پلە دوودا هیچ سەرکەوتنێکی بەدەستنەهێناوە و دوایین سەرکەوتنی بۆ 2ـی تشرینی دووەمی رابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک بەئەنجامی 2-0 لە باستیای بردەوە.
هاندەرانی کان بانەرێکیان لەدژی ئێمباپێ بەرزکردەوە، کە لە مانگی ئابی 2024 یانەکەی کڕیوەتەوە و لەسەری نووسرابوو "ئێمباپێ.. کان یاری دەستی تۆ نییە".
ئەوەی هاندەرانی کانیان زیاتر لە ئێمباپێ تووڕە کردووە، ئەوەیە کە هەفتەی رابردوو نیکۆلا سیۆپی، بەڕێوەبەری تەکنیکی یانەکە دوورخرایەوە و کەسێکی ناشارەزا بە ناوی برۆنۆ بالتازار لە شوێنی دانراوە، کە بووەتە هۆی دابەزینی زیاتری ئاست و ئەنجامەکانی یانەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ