پیکێ بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا بەرگری لە ریال مەدرید دەکات

04-03-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەستێرەیەکی پێشووی یانەی بارسێلۆنا لەبارەی هەژمارنەکردنی گۆڵی سێیەمی ریال مەدرید لە یاریی بەرامبەر ڤالێنسیا دێتە دەنگ و رەخنە لە ناوبژیوانی یارییەکە دەگرێت. 
 
لە یاریی نێوان هەردوو یانە لە گەڕی 27ـی لالیگادا، خیل مانزانۆ، ناوبژیوانی یارییەکە لە کاتی هێرشێکی ریال مەدریددا فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێدا، کە دوای ئەوە جود بێلینگهام گۆڵی سێیەمی ریال مەدریدی تۆمارکرد، بەڵام گۆڵەکە هەژمارنەکرا و یارییەکە بەیەکسانبوون بە دوو گۆڵ بۆ هەر لایەک کۆتاییهات، ئەو بڕیارە تووڕەبوونی بێلینگهامی لێکەوتەوە و وایکرد کارتی سووری بەڕوودا بەرزبکرێتەوە.
 
جێرارد پیکێ، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی بارسێلۆنا، کە بەوە ناسراوە بەردەوام بە لێدوانەکانی هێرش دەکاتە سەر ریال مەدرید، لەبارەی ناوبژیوانی یارییەکەوە دەڵێت "ئێمە دەزانین ئەو ناوبژیوانە لە چی ئاستێکدایە. لە یاریگەی ئێل سادار کارتی سووری بە مندا، بەڵام من هیچم نەگوت. لە کۆتاییدا ئەوە بۆ من هیچ گرنگییەکی نییە، بەڵام ئەو ناوبژیوانە مێژوویەکی هەیە کە من لێی تێناگەم، چونکە ئەو ناوبژیوانێکی نێودەوڵەتییە و دەبێت لە بەرزترین ئاستدا بێت."
 
دواتر پیكێ باس لە بڕیاری کۆتایی پێهێنانی یارییەکە پێش گۆڵی سێیەمی ریال مەدرید دەکات و دەڵێت "یارییەکەی ڤالێنسیا یەکەم جار نەبوو کە ئەو ناوبژیوانە بڕیارێکی لەو شێوەیە دەدات. تێدەگەم کە ریال مەدرید دەتوانێت گلەیی بکات، ناوبژیوان دەبووایە زووتر فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێدابا، پێموایە درەنگ فیکەکەی لێدا، کۆتایی پێهێنانی یارییەکە لە کاتی ئۆڤەرکردندا هیچ مانایەکی نییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە