رووداو دیجیتاڵ
دۆڕانی بارسێلۆنا بەرامبەر لاس پاڵماس هێشتا کاریگەرییەکەی لەسەر ژووری جلگۆڕین لانەچووە، و فلیک بیر لەوە دەکاتەوە کە شۆڕشی گەڕاندنەوەی بارسێلۆنا بە دەرکردنی یاریزانێکی گەنج دەستپێبکات.
فێرمین لۆپێزی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بارسا، یەکێکبوو لەو یاریزانانەی دوای ئەو شکستە زۆرترین رەخنەی لێگیرا.
وەرزی رابردوو لۆپێز بەسەرکردایەتی چاڤی هێرناندێز درەوشانەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەڵام لەگەڵ هاتنی هانزی فلیک بۆ سەرکردایەتیکردنی ژووری جلگۆڕینی بارسا ئاستی یاریزانە لاوەکە زۆر لە چاوەڕوانییەکان کەمتربوو، ئەمەش گومانی لەسەر توانای بۆ خۆسەپاندن لە پێکهاتەی تیپەکەدا دروستکرد.
فێرمین لۆپێز بووە یەکێک لە ناوە درەوشاوەکانی تۆپی پێی ئیسپانیا دوای ئەوەی وەک یاریزانێکی سەرەکی هەڵبژاردەی ئیسپانیا یاری کرد، کە لە ئۆڵیمپیادی پاریسدا میدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
لێهاتوویی لە سەرکردایەتیکردنی یاری و پاسە وردەکانی و بوێرییەکەی لە هێڵی ناوەڕاستدا سەرنجی هەمووانی راکێشا، ئەمەش وایکرد بەیەکێک لە لەو یاریزانە هەرە دیارەکان دابنرێت کە دەکرێت لە داهاتوو گرەویان لەسەربکات.
لە سەردەمی چاڤیدا، لۆپێز رۆڵێکی دیار و بەرچاوی پێدرا و متمانەی تەواوی بەخۆیەوە بینی، بەڵام لەگەڵ هاتنی هانسی فلیک بۆ سەرکردایەتیکردنی تیپەکە، شتەکان گۆڕانکاریان بەسەرداهات. راهێنەرە ئەڵمانییەکە کە هەوڵدەدات شێوازێکی یاریکردنی رێکخراوتر جێبەجێ بکات، پێناچێت لە فێرمین لۆپێز ئەو سیفەتانە ببینێت کە سیستمەکەی پێویستی پێیەتی. تاوەکو ئێستا یاریزانەکە وەرزێکی مامناوەندی بەسەربردووە، ئەمەش دوورە لەو چاوەڕوانییانەی کە پەیوەندییان بە ئاستی پێشوویەوە هەیە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی ئێل ناسیۆناڵی ئیسپانی دەستیکەوتوون، لە یارییەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر لاس پاڵماس، فێرمین لۆپێز بەسەرەکی دەستیپێکرد، بەڵام ئاستەکەی لە خوار ئەو ئاستە بوو کە هانزی فلیک داوای دەکرد.
لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا کە تیپەکە پێویستی بە داهێنان و زیندوویی هەبوو لە هێڵی ناوەڕاستدا، یاریزانە گەنجەکە نەیتوانی چارەسەر پێشکەش بکات یان جیاوازی دروست بکات. لە ناوچە گرنگەکاندا تۆپێکی زۆری لەدەستدا، و هێزی پێویستی بۆ رکابەریکردن لە بەرزترین ئاستدا نیشان نەدا، کە لەو یارییەدا ئاستی لۆپێز بەدڵی هانسی فلیک نەبوو.
بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان، راهێنەرە ئەڵمانییەکە گومانی بۆ دروست بووە سەبارەت بەوەی کە ئایا فێرمین لۆپێز ئەو ئاستەی هەیە کە پێویستە بۆ مانەوە لە تیپی یەکەم، یان گونجاوتر دەبێت بەخواستن یان بیفرۆشرێت بۆ ئەوەی شوێن بۆ یاریزانانی دیکە بکرێتەوە.
لەسەردەمی چاڤی هێرناندێزدا، فێرمین لۆپێز یەکێکبوو لە یاریزانە گرنگەکان، راهێنەرەکە پێیوابوو کە لۆپێز لەگەڵ چەندین رۆڵی هێڵی ناوەڕاستدا دەتوانێت خۆی بگونجێنێت، بەڵام ئێستا شتەکان گۆڕاون و بەهۆی ئەوەی فلیک لە سەرکردایەتی ستافی راهێنەرایەتیدایە، گەنجەکانی ناو تیپەکە دەبێت توانای خۆیان لە هەموو یارییەکدا بسەلمێنن بۆ ئەوەی شوێنی خۆیان لە پێکهاتەی سەرەکیدا بەدەستبهێنن.
فێرمین لۆپێز، لە تەمەنی 21 ساڵیدا، لە قۆناخێکی چارەنووسساز لە ژیانی وەرزشیدا تێدەپەڕێت، کە پێویستە زۆر کاربکات بۆ ئەوەی متمانەی راهێنەرەکە بەدەستبێنێتەوە و بیسەلمێنێت کە دەتوانێت بەشێکی گرنگی داهاتووی بارسێلۆنا بێت. لە هەمانکاتدا یانەکە و هاندەرانیشی هیوادارن ئەو بەهرەیە لەدەستیان نەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ