هەرجارێک بۆ کوردستان گەڕابمەوە، هاوڕێ چیرۆکنووسەکانی خۆم لە بایەخی کورتە چیرۆک دڵنیاکردووەتەوە. لەم دونیا نوێباوەدا، کە بەهای شتەکان بە هونەریشەوە لە گۆڕاندان، خەڵک ناهەقیان نییە دڵاودڵ بن. بەڵام یەک لەباری داهاتووی کورتە چیرۆک، تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی ئەوتۆ بۆ دڵەڕاوکێ لەگۆڕێدا نییە. بەڵکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بایەخی ئەم ژانرە لە هەڵکشاندایە. کاتی خۆی من لە سەمتی وتارێکدا، بە سەردێڕی کورتەچیرۆک هێشتا بەڕێوەیە، بەدرێژی ئەم پرسەم ورووژاندووە. لەوێدا هاتووە:
"لە کورتە چیرۆک دڵاودڵ مەبە. بەڵکو تەواو لێی دڵنیابە، کە دەبێت بە ژانری هەرە لەپێشی داهاتوو... بڕوانە کتێبی: لێشاوی دەنگۆ. دەزگەی ئاراس، هەولێر، 2009" من لێرەدا تەنیا سێ هۆکاری بەزیندوومانەوەی ژانری چیرۆک دەخەمەڕوو.
یەکەم: ڕیتمی ژیان زۆر خێرا بووە. مرۆڤی سەردەم لە هەڵپەی کاری ڕۆژانە و ژیاندا سەری قاڵە و فریاناکەوێت بە شێنەیی بابەتی درێژ بخوێنێتەوە. چیرۆکیش هونەرێکە کورت و پوخت، مەبەست و واتا بەدەستەوە دەدات.
دووەم: هەتا دوامای سەدەی بیستەمیش، لە ڕیزبەندی ژانرەکاندا، ڕۆمان لە پلەی یەکەمدا بوو. شیعر بە پلەی دووەم دەهات. بەڵام لەوساوە کە شیعر پاشەکشەی کردووە؛ (دەیان لاپەڕەم لەمەڕ هۆکارەکانی پاشەکشەی شیعر لە دونیای پێشکەوتوودا نووسیوە) چیرۆک جێی شیعری گرتووەتەوەو بووە بە ژانری دووەم. ئەوەبوو خەڵاتی نۆبڵی ساڵی 2013 بۆ خاتوو ئەلیس مۆنڕۆی، ژنە چیرۆک‌نووسی کەنەدایی چوو، کە بە چێخەفی وڵاتی کەنەدا ناسراوە. ئەو خانمە لەسەر کۆی چیرۆکەکانی خەڵاتەکەی وەرگرتووە. ئەم نۆبڵەی خاتوو ئەلیس مۆنڕۆ، تاجی نایە سەر کورتە چیرۆک و ئەوەندەی تر ئیعتیباری کورتە چیرۆکی بەرزکردەوە.
سێیەم: مرۆڤ ناتوانێت دەستبەرداری ژانری چیرۆک، یان ئەدەبی گێڕانەوە بەگشتی ببێت، ئەگەرچی ئەو چیرۆکە لە فۆرمێکی سەرەتاییشدا بێت. تاک ڕۆژانە چیرۆکەکانی خۆی و ئەوانەشی لە ڕێوبانان، لە گەشت و سەیرانان بە چاوی خۆی دەیانبینێت، ڕاستەوخۆ بۆ هاوڕێکانی خۆی لە کێڵگە و کارگە و فەرمانگە دەگێڕێتەوە. هەر لەوێشەوە، ئەوانەیشی کە لەوانی دەبیستێت، دەهێنێت و ناڕاستەوخۆ، واتە لە دەستی دووەمەوە، بۆ ئەندامانی خێزانەکەی خۆی و بۆ ئەوانی تریشی دەگێڕێتەوە. هێشتا تاکی کورد شەقام و چایخانەکانی شار لەپێوە دەدات، تاکو لەوێ ئاشنایەک بدۆزێتەوە و چیرۆکی خۆی بۆ بگێڕێتەوە. منداڵ لە ڕێوبان و لە قوتابخانە، ئەوەی بە چاوی خۆی دەیبینێت، بە چیرۆکی دەکات و لە ماڵەوە بۆ ئەندامانی خێزانەکەی خۆی دەگێڕێتەوە. واتە چیرۆک ڕۆژانە هەم گوێگری هەیە، هەمیش خەڵک هەن ڕۆیدەنێن و دەیگێڕنەوە. ئەگەر جاران حیکایەتخوان، شەوانە لە قاوەخانە و دیوەخانان حیکایەتی گێڕابێتەوە و ڕۆژیش بۆ کاروفرمان بووبێت، ئەوا ئێستا ڕۆژانە، لە قوتابخانەدا، بە شێوەیەکی نوێ، حیکایەت و چیرۆک دەخوێنن و دەگێڕنەوە. شەوانەیش لە فۆرمی زنجیرە دراما یان فیلم‌دا، بە تاسە و ئارەزووەوە بە دیاریەوە دادەنیشن و چێژی لێ دەبینن.
لە وەڵامی ئەم پرسیارەی لای خوارەوەدا، کە (محمد الشماع) لێی کردووە:
ئایا له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕایهدای که ده‌ڵێت هونه‌ری کورته چیرۆک مردووه؟
د.سامی سلێمان، مامۆستای رەخنەی عەرەبیی هاوچەرخ لە بەشی زمان و ئەدەبی عەرەبی لە زانکۆی قاهیرە، دەڵێت: "نا نه‌مردووه، له ساڵانی چلی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه کورته چیرۆک هاتووه‌ته نێو ژانره‌کانه‌وه. وه‌لێ ئێستا ڕۆمان له سه‌ره‌وه‌ی لیستی ژانره‌کاندایه. به‌شوێنیدا کورته چیرۆک دێت. ده‌توانم بڵێم له ئیعتیبار و پێگه‌دا ڕکابه‌ری ڕۆمانه، ئه‌مه یه‌ک له باری نیشتمانی عه‌ره‌ب. له جیهانیشدا جیاوازیی ئه‌وتۆی نییه، ئه‌گه‌رچی زۆرێک له سهردنووسهکان ڕوویان کردووه‌ته نووسینی سیناریۆ. ئێستا چیرۆک و ڕۆمان دیوانی عەرهبن."
مرۆڤ به سروشت مه‌یلی لێیه، ده‌رباره‌ی ژیان و گوزه‌رانی خۆی، له‌مه‌ڕ سه‌روه‌ری و ئه‌و غهدرانەشی که زه‌مانه، یان ئه‌م و ئه‌و لێی کردوون، بۆ ده‌وروبه‌ری خۆی، یان لای که‌م بۆ هاوڕێ نزیکه‌کانی خۆی بدوێت و خەڵکی لێ ئاگادار بکات. مرۆڤ شه‌کوای حاڵی خۆی و ده‌ردیدڵ له‌لای کەسە نزیکه‌کانی خۆی ده‌کات. هاوکات سۆزیشی بۆ ڕابردووی خۆی هه‌یه، سۆزی بۆ ئه‌و که‌سانه‌یش هەیە که سەروەختێک له‌گه‌ڵیاندا ژیاوه. سۆزی بۆ ئەو شوێنانە هه‌یه کە لێیان ژیاوە. مرۆڤ خۆزیاو بریایه‌تی جارێکی تر سه‌ری کۆنه مه‌فته‌نی خۆی بداته‌وه، تاکو بزانێت داخۆ چیی لێ دەگوزەرێ و چیی به‌سه‌رهاتووه.
ئەو پێی خۆشه ئه‌و لانهوبانانه ببینێته‌وه که ژیانی لێ گوزه‌راندووه. هه‌ر نه‌بێت، جاروبار له‌م و له‌و هه‌واڵی ئه‌و ئاشنا و شوێنانه بزانێت که ئەو سەردەمێک له‌گه‌ڵیاندا ژیاوه. هاوکات مرۆڤ چاویشی له داهاتووه و بهتهنگیهوهیه، سڵی لێ ده‌کاته‌وه. داهاتوو تاک تووشی دڵه‌ڕاوکێ ده‌کات، چونکە ئەو ده‌یه‌وێت بە دروستی بیخوێنێته‌وه، بەڵام چەند دەکۆشێت ئەم کارەی بۆ جێبەجێ ناکرێت. داهاتوو وەک تونێلێکی تاریکه، ئه‌وسه‌ری نادیاره، ئه‌گه‌رچی ئه‌و زۆری مه‌به‌سته بزانێت، به‌ره‌وکوێ مل ده‌نێت و لەکوێوە سەر دەردەکات؟ داخۆ داهاتووی ڕووناکه یان تاریک؟ ئەم هەموو دڵەڕاوکێیەش بە چیرۆک ڕایی دەکرێن و تەنیا ئەدەبی گێڕانەوە لە هەقیان دێت. یۆستاین گاردەر دەڵێت "هەتا چیرۆک هەبێت خوێنەریش هەیە. مێشکی مرۆڤ بۆ چیرۆک دروستکراوە."
ئه‌ده‌ب به گشتی، چیرۆک بە تایبەتی، هه‌ر ته‌نیا به‌شوێن جوانییه‌وه نییه، به‌ڵکو به پله‌ی یه‌که‌م به‌شوێن که‌شفکردنی ڕاستیدا وێڵه. ئه‌وه‌نده‌ی به‌شوێن دیوی ده‌ره‌وه‌ی شته‌کاندا عەوداڵەو چاو ورد ده‌کاته‌وه، دوو ئه‌وه‌نده، بگرە زیاتریش بە ناخی شته‌کاندا شۆڕده‌بێته‌وه، ڕۆده‌چێت و ده‌یه‌وێت ده‌روونی تاکه‌کانیش بخوێنێته‌وه. چیرۆک زیاتر له ناخی دیارده و مرۆڤه‌کان ده‌کۆڵێته‌وه، تا له ڕووکه‌ش و دیوی ده‌ره‌وه‌یان. نووسه‌ر له‌ڕێی گوتوبێژ، تێکه‌وتن، هه‌ڵه‌و ملانێی نێوان مرۆڤه‌کان خۆیانه‌وه، دزه‌ده‌کاته نێو ناخیان و ده‌یانخوێنێته‌وه. سەرنجی خوێنەر بۆ لای ئەو دیاردانە ڕادەکێشێت، کە لە دەوروبەردا هەن و ئەو هێشتا هەستی پێ نەکردوون. ئەو لێرەوە خوێنەر بەرەو ڕامان و بیرکردنەوە دەبات.
لەلایەکی ترەوە، ئەوە گرنگ نییە، نووسەر لەو دەقەدا چیی وتووە و چیی گێڕاوەتەوە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە، نووسەر ئەوەی کە ویستوویەتی بیڵێت و بیگەیەنێت، چۆنی وتووە و چۆنیشی گێڕاوەتەوە؟ ژانری چیرۆکیش بواری زۆری بۆ مانۆڕ، ئەزموونەگەری، فرەڕەنگی لە تەکنیک و فرەدەنگی لە گێڕانەوە تێدایە.
(د.پائر العژاری) له وتارێکیدا به ناونیشانی (جسد الحکایە و جسد النص القصصی) ئاوا ده‌ڵێت: "یه‌که‌م ڕسته‌ی چیرۆک ئه‌و ته‌ڵه‌یه‌یه که خوێنه‌ر بۆلای خۆی کێش و دیل ده‌کات، ئه‌و ئیتر ناتوانێت لێی ده‌رچێت، تا نه‌گاته ڕسته‌ی کۆتایی، ئه‌مه ڕسته‌یه‌کی فریودەرە، به چه‌ند وشه‌یه‌کی که‌م زانیاریی زۆر پێشکه‌ش به خوێنه‌ر ده‌کات، به‌ڵام زانیاریگه‌لی ناته‌واون، فزوولی خوێنه‌ر ده‌ورووژێنن و بۆ پێشه‌وه پاڵی پێوه‌ده‌نێن بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌قه‌که."
چیرۆک ژانرێکی کورتە، لەڕێی گی دی موپاسان، ئەنتوان چێخەف و ئەدگار ئالان پۆوە، وەک هونەرێکی جوان، بە تایبەتمەندیی خۆیەوە ناسرا. پشت بە سەرنج و تێبینیی وردی نووسەر لەسەر مرۆڤی تاک دەبەستێت. ئەگەر ڕۆمان ئەدەبی گێڕانەوەی فرەدەنگی بێت، ئەوا کورتە چیرۆک زیاتر هونەری گێڕانەوەی تاک دەنگییە. ئەمیش وەک ژانری شیعر، دەست بە وشەوە دەگرێت. کارەکتەرێکی سەرەکیی هەیە، بە ڕەهەندەکانی جەستەیی، کۆمەڵایەتی، دەروونی و هزرییەوە، ئەگەرچی بواری درێژەپێدانی ئەم ڕەهەندانەشی نییە، مەگەر لێرەو لەوێ ئاماژەیان پێ بدات. لە دەوری تاکە بیرۆکەیەک دەسووڕێتەوەو یەک ئامانجیشی هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا، ژانرێکی هێژایە و لە ڕیزی پێشەوەیە. بەو واتایەی بە جەماوەری بووە و خوێنەری زۆری هەیە. وێڕای ئەوەی چیرۆکی بەپێز بۆی هەیە ببێت بە کەرەسەی خاو بۆ کاری شانۆیی و فیلم. واتە ژانرێکە بەگەڕدەخرێت، شانۆ و تەلەڤزیۆن و سینەما کەڵکی لێ وەردەگرن. ئەمەیش یەکێکە لە هۆیەکانی مانەوەی وەک ژانرێکی هێژای زیندوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ