رووداو دیجیتاڵ
دوو بەڵگەفیلمی تۆڕی میدیایی رووداو بەناوی 'چیرۆکەکانی دوای جەنگ' و 'کوشتنی شێخ مەحموود' لە چوارچێوەی پێشانگەیەکی هونەریدا لە بانکۆکی تایلەند پێشاندران.
هەردوو بەڵگەفیلمەکە رۆژی شەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2023 لە ناوەندی هونەریی 'جیم تۆپسن' لە بانکۆکی تایلەند پێشاندران، دواتریش لە پانێلێکدا بە ئامادەبوونی حەیدەر عومەر، دەرهێنەر و وێنەگری دوو بەڵگەفیلمەکە و سارۆیان ئیسماعیل بەڕێوەچوو کە کاری مۆنتاژی بۆ دوو بەرهەمەکە کردووە.
دەستپێکی چالاکییەکە لە 24ـی تشرینی دووەمی 2023 بوو و پێشانگەیەکی هونەریی تایبەت بە جەنگ و ململانێیەکان لە کوردستان، عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە رێکەوتنی سایکس - پیکۆ تاوەکو هاتنی داعش کرایەوە.
لە پێشانگەکەدا بەرهەمی د. روشدی ئەنوەر، هونەرمەندی شێوەکار و مامۆستای زانکۆ لە تایلەند خرانەڕوو و بڕیارە تاوەکو ئاداری 2024 بەردەوام بێت.
'چیرۆکەکانی دوای جەنگ' بەرهەمی 2023یە و باس لە جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران لە 1980 تاوەکو 1988 دەکات و کارەساتێکی گەورە بەسەر دانیشتووانی هەردوو وڵاتدا هێنا و کاریگەرییەکانی دوورودرێژ بوون.
گەلی کوردیش بەدەر نەبووە لە زیانە گەورەکانی ئەو جەنگە، یەکێک لەو کاریگەرییانەی تاوەکو ئێستا و لە داهاتووشدا دەمێنێت، دیلەکانی ئەو جەنگەیە.
تاوەکو وردتر بگەڕێی بەدوای ئەو بابەتەدا؛ زیاتر چیرۆکی خەمناک دەدۆزیتەوە، لەم بەڵگە فیلمەی تۆڕی میدیایی رووداودا چیرۆکی پێنج لە دیلەکانی جەنگەکە دەبینن کە مشتێکە لە و خەرمانە گەورەیەی هەزاران ماڵباتی بە بەردەوام دڵتەنگ کردووە.
'کوشتنی شێخ مەحموود' باس لە شێخ مەحموودی حەفید، یەکەم مەلیکی حکومەتی باشووری کوردستان دەکات، بەو پێیەی لە بنەماڵەیەکی دیار و ئایینی و سیاسی پەروەردە بووە؛ لەسەرەتای تەمەنییەوە پێگە و کاریگەری گرنگ و دیاری لە سیاسەتی ناوچەکەدا هەبووە و لەلایەن دۆست و داگیرکەرانیشەوە وەکو کەسایەتییەکی گاریگەر سەیرکراوە.
شێخ مەحموودی حەفید، تەواوی ژیانی لە سیاسەت و ململانێ و داکۆکیکردن لە دۆزی کورد و پرسی نەتەوەییدا بەسەربردووە، لە ژیانی سیاسییدا چەندین رووداوی گرنگ و دیار روویان داون، بەڵام تاوەکو ئێستاش هەندێک لایەنی ژیانی بە نهێنی و شاراوەیی ماونەتەوە، لەم بەڵگەفیلمەی تۆڕی میدیایی رووداودا چەند نهێنییەکی ژیانی دەخرێتەڕوو، گرنگترینیان ئاشکراکردنی کوشتنییەتی لەنێو نەخۆشخانەیەکی شاری بەغدا.
روشدی ئەنوەر، خەڵکی هەڵەبجەی باشووری کوردستانە و لە ئوسترالیا دەژی و ماوەیەکە لە تایلەند دەژی و مامۆستای هونەری شێوەکارییە لە زانکۆ.
لە 1998 چووەتە دەرەوەی وڵات، لەوێ کاریکردووە و خوێندوویەتی، لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا ناوەڕۆکی کارەکانی زیاتر کۆمەڵایەتی و سیاسی بوونە.
پێشتر پێشانگەیەکی کردووەتەوە، کە باس لە بابەتێکی زۆر باڵکێش دەکات، کەسێک لە کوردستان دوو ملیۆن و 300 هەزار مینی لە زەوی هەڵگرتووەتەوە، ئەو کەسەی کردووەتە پاڵەوانی پێشانگەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ