رووداو دیجیتاڵ
ئەو بەناو "شێخە" داوای جلەکانی ژێرەوەی لە ئافرەتەکان دەکرد، دواتر دەیگوت دەبێت لەسەر جەستەت نزاکە بنووسم، بۆیە لەسەر سمت یان پشتی بەشێک لە ئافرەتەکان نزای دەنووسی و بەو بیانووەوە رووتی دەکردنەوە و ڤیدیۆی تۆمار دەکردن.
چیرۆکەکە لەو رۆژەوە دەستی پێکرد کە گەنجە بەرگدرووەکە کتێبێکی لەبارەی نزا و نووشتەنووسین بەدەست یەکێک لە کڕیارەکان بینی. داوای لێکرد کتێبەکەی پێبدات، سەرەتا کڕیارەکە نکوڵی لێکرد، بەڵام دوای پێداگرییەکی زۆر کتێبەکەی وەرگرت، بەو مەرجەی کۆپی بکات و بەزووی بیباتەوە، گەنجەکەش کتێبەکەی کۆپی کرد و بۆی گەڕاندەوە.
دوای ئەوە کتێبەکان بوونە خەو و خۆراکی رۆژانەی، چیدی کاتی بۆ هاوڕێکانی نەمابوو، شەو و رۆژ خەریکی خوێندنەوەی ئەو کتێبانە بوو. وای لێهات دوای ماوەیەک وازی لە کارەکەیشی هێنا و تەنیا ئەو کتێبانەی دەخوێندەوە.
دواتر بیرۆکەی ئەوەی بۆ هات کە ئەگەر پەیجێک بۆ نزا و نووشتە لە سۆشیاڵ میدیا دابنێت، دەتوانێت پارەیەکی باشی دەستکەوێت. لە بیرۆکەکەی دوودڵ نەبوو و پەیجێکی دروستکرد.
لە ماوەیەکی کەمدا چەندین نامە و داواکاریی بۆ هات. گەنجەکە تەواو رۆچووبووە نێو کارەکە و بۆ هەر نووشتەیەک پارەیەکی باشی لە موشتەرییەکان وەردەگرت، چونکە داوای هەر شتێکی بکردایە، نەیاندەگوت، "نا". هەر کەسێکیش دەوڵەمەندتر بووایە پارەی زیاتری لێ وەردەگرت.
گەنجە بە ناو "شێخەکە" بیری لەوە کردەوە کە دەکرێت شتی دیکەش داوا بکات، بۆچی تەنیا پارە بێت. سەرەتا بەوە دەستی پێکرد کە داوای جلی ژێرەوەی لە موشتەرییەکانی دەکرد، بەو بیانووەی دەبێت نزاکە لەسەر ئەو جلانە بنووسێت. دواتر بینی بەشێک لە مووشتەرییەکان بەئاسانی ئەوەش جێبەجێدەکەن، بۆیە لە یەکێک لە پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان شووقەیەکی بەکرێ گرت و داوای لێدەکردن، دەبێت بچنە شووقەکە و نزاکە لەسەر جەستەیان بنووسێت.
تائێستاش نازانین چەند کەسی بەو بیانووەوە رووتکردووەتەوە و ڤیدیۆی تۆمارکردوون، چونکە هیچ یەک لە ئافرەتەکان لە ترسی ئابڕووی خۆیان نەیاندەوێرا خۆیان ئاشکرا بکەن و سکاڵا تۆمار بکەن.
رۆژ هات و رۆژ رۆشت، گەنجەکە رۆژ بە رۆژ بەنێوبانگتر و دەوڵەمەندتر دەبوو. جار بە جار کەلوپەلی نزانووسینیشی دەفرۆشت وەکو ئەندامی مێیینەی کەمتیار و شتی دیکەی لەو جۆرە.
رۆژێک کچێک تەلەفۆنی بۆ کرد پێی گوت، "ژمارەی جەنابتم لە هاوڕێیەکم وەرگرتووە"، گەنجەکەش پێی گوت، "داواکاریت چییە؟" کچەکە وەڵامی دایەوە، "من خوێنکاری کۆلێژم، دوو ساڵە لە وانەیەکدا دەکەوم، هەرچەند دەکەم دەرناچم، دەمەوێ چاوی مامۆستاکەم لە ئاست هەڵەکانم دابخەیت و ئەمجارە بەئاسانی دەربچم". گەنجەکەش گوتی، "ئێ ئەوە زۆر ئاسانە، بەڵام پارەی باشی دەوێت".
گەنجەکە داوای دوو هەزار دۆلاری بۆ ئەو نزایە کرد و گوتی، "نابێت بە هیچ شێوەیەک نزاکە بکەیتەوە، ئەگەر سەری نەگرت، تەلەفۆنم بۆ بکەرەوە"، کچەکەش بەشێکی پارەکەی لە براکان و بەشێکیشی لە خوشکەکانی وەرگرت و پێشکێشی شێخەکەی کرد. دوای ماوەیەک نەک لە وانەکەی باشتر نەبوو، بەڵکو خراپتریش بوو.
کچەکە تەلەفۆنی بۆ کردەوە و دەستی بە گلەیی کرد، گەنجەکەش داوای شتی دیکەی دەکرد، بەڵام کچەکە پەتی سەبری پچڕا و گوتی، "تۆ فێڵبازیت و هەر لە سەرەتاوە درۆت لەگەڵ کردووم".
دوای ئەوە کچەکە هەموو چیرۆکەکەی بۆ برایەکی گێڕایەوە، ئەویش گوتی باشترین چارەسەر سکاڵا تۆمارکردنە. چوونە بنکەیەکی پۆلیس و سکاڵایان لەسەری تۆمارکرد و گەنجەکە دەستگیرکرا.
کاتێک دەستگیرکرا، چەند مۆبایلێکی پێبوو و نامەی زیاتر لە 27 ئافرەتیان تێدا بوو کە بەشێکیان وێنەی نیمچەڕووت بوون. بۆیە دانی بە تاوانەکەیدا نا و سزای یاسایی بەسەردا سەپێندرا و ناویشی خرایە لیستی رەشەوە، بۆ ئەوەی هەر جارێکی دیکە کارێکی وا بکات، سزای زیاتر بدرێت.
*عەبدولباست فەرهادی، دادوەری خانەنشین، کە ماوەی 40 ساڵ لە هەرێمی کوردستان دادوەر بووە، لە پۆدکاستی "چیرۆکەکانی دادگە" ئەو رووداوەی گێڕایەوە کە لە هەولێر روویداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ