کاريگەریی نرخی سوودی بانکی و هەڵاوسان لەسەر نرخی دراو

31-05-2021
محەممەد مستەفا زراری
A+ A-
 
پێنوێنە دارایی و ئابوورییەکان پێوەرن بۆ بەهێزی و بێهێزی ئابووری و دارایی هەر وڵاتێک و، دەکرێ پێوانەشی بکرێت بەوەی کەرتەکانی ئابووری پێ بپێورێت. وەک کەرتی نیشتەجێبوون و بەرهەمی نێوخۆیی و رێژەی بێکاری، واتە بەکورتی دەتوانرێت ئابووریی وڵات پێوانە بکرێت بە نرخی دراوی نێوخۆیی، من لێرەوە دەمەوێ باس لە دوو فاکتەری گرنگ بکەم کەوا راستەوخۆ کاریگەرییان هەیە لەسەر بەهێزی و بێهێزی نرخی دراوی نێوخۆیی کە بریتین لە نرخی سوودی بانکی و هەڵاوسان.
 
 يەكەم: نرخی سوودی بانکی (Interest rate):
 
یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی دیاریکردنی نرخى دراوی وڵات بریتییە لە نرخی سوودی بانکی کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دیاری دەکرێت. کە وەک جۆرێک لە بەرێوەبردنی ئابووریی وڵات بەکاردێت. جا چ لە رێگەی بەرزکردنەوەی نرخی سوودی بانکی بێت بۆ سنووردارکردنی هەڵاوسان. یان کەمکردنەوەی بۆ بەهێزکردن و بەرەو پێشچوون و گەشەکردنى ئابوورى.
 
گۆڕانکاری لە نرخی سوود و شێوازی بەکارهێنانی نرخی سوود وەک فاکتەرێک زۆربەی جار بەمشێوە دەبێت. بانکی ناوەندیی وڵات پارە وەک قەرز دەدات بە هەندێک لە بانکەکان و، نرخی سوودی بنەڕەتی ئەو بانکانە دەیدەن لە بەرامبەر ئەو پارانەی کە وەریانگرتوون و جارێکی دیکە ئەو بانکانە پارە دەدەنە بانکی دیکە و کەسانی دیکە بەشێوەی قەرز. لەسەریان پێویستە نرخی سوود بدەن و کەمترین رێژەی سوود کەوا بیدەن بریتییە لە رێژەی سوودی بنەڕەتی کە لە سەرەتا باسمان کرد.
 
بەرزکردنەوەی نرخی سوود هەڵاوسان سنووردار دەکات و کەمبوونی دەبێتە هۆی گەشەی ئابووری. ئەگەر هاتوو بانکی ناوەندی نرخی سوودی بنەڕەتی بەرزبکاتەوە، قەرزدارەكان ناچارن کەوا بۆ ئەوەی پارەی زیاتر بدەن لە پێناو ئەو پارەی کەوا قەرزیان کردووە. لێرەدا بڕی ئەو پارەی کە قەرزیان کردووە کەمدەبێتەوە و ناتوانن لە کار و چالاکیی دیکە خەرجی بکەن. بۆ نموونە ئەگەر بێتوو خاوەن بارمتەکان لە کەرتی خانووبەرە واتە ئەوانەی بوونەتە خاوەن خانوو لە رێگەی قەرزی بانکی بەهۆی بەرز بونەوەی نرخی سوود ئەو قيستانەی لەسەریانە زیاتر دەبێت و ناتوانن پارەی پێویستیان لەبەر دەستبێت بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە ناپێویستەکان، دەبێت مانگانە پارە زیاتر بدەن بۆ دانی قيستەکانیان. ئەگەر هاتوو بانکی ناوەندی دڵەڕاوکێی هەبوو لە پاشەکشێی ئابووریی وڵات ئەوە کەمکردنەوەی نرخی سوود دەبێتە هۆی ئەوەی گووژمەی قيستەکانیان کەمبێتەوە لەسەر خانووەکانیان، بەوشێوە ئەو خەڵکە پارەی زیاتریان دەبێت بۆ خەرجی مانگانە، ئەمەش پارێزگاری لە ئابووری دەکات. واته کڕینی شتومەک و جوڵەی بازاڕ دەبێتە هۆی سەقامگیری ئابووریی وڵات.
 
نرخی سوود تەنها بۆ دانەوەی بارمتەکانی کەرتی خانووبەرە بەکارنایەت، واتە لە زۆر بواری دیکە نرخی سوود کاریگەریی هەیە لەسەر سێکتەرەکانی دیکەیش. ئەو کۆمپانیایانەی کەوا پارە قەرز دەکەن بە مەبەستی بووژاوەنەوەیان لە رێگەی وەبەرهێنان بێت یان فراوانکردنی لقەکانی کۆمپانیا بێت یان هەر جۆرە کارێکی دیکە کاریگەرییان دەبێت لەسەریان. لەو بارەدا کۆمپانیاکان دەبێت پارەی زیاتر بدەنەوە لەکاتی گەڕانەوەی قەرزەکە بەهۆی بەرزیی نرخی سوودی بانکی. راستەوانە کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی ئەو بڕە پارەیەی کە کۆمپانیاکان لەبەردەستیانە.
 
بەرزیی نرخی سوودی بانکی نیشانەی بوونی ئابوورییەکی بەهێزە و وەبەرهێنەران وای بە باش دەزانن کەوا وەبەرهێنان لەو جۆرە ئابوورییانە بکەن کەوا گەشەدەسەنێت. وە لە ئەنجامدا داواکاری لەسەر دراوی نێوخۆیی زیاد دەبێت. بەوشێوە دراوی نێوخۆیی نرخەکەی بەرز دەبێتەوە. لەلايەكى دیکەوە بەرزیی تێکڕای سوودی بانکی واتە بەدەستهێنانی داهاتێکی زیاتر لەسەر ئەو سەرمایەی کەوا پارێزراون لە بانکەکان. هەروەک چۆن زۆربەی جار وەبەرهێنەرەکان بەو ئاراستە دەڕۆن کەوا ئەو پارەی هەیانە بیبەنە ئەو وڵاتەی کەوا نرخی سوودی تێدا بەرزە بۆ ئەوەی داهاتێکی باش و بێکێشەیان دەست بکەوێت. 
 
هەروەک تورکیا لە ساڵانی رابردوو نرخی سوودی بانکی زیادکرد بۆ نزیکەی %20 ئەوەش بەمەبەستی رێگریکردن لە دابەزینی نرخی لیرە بوو کەوا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی لە ساڵی 2020ـەوه تا رادەیەکی باش توانیی سوود لەو کارە ببێنێت و رێگری بکات لە دابەزینی زیاتری بەهای دراوەکەی.
 
دووەم: هەڵاوسان (Inflation):
 
فاکتەرێکی دیکە لە فاکتەرەکان کە گاریگەریی هەیە لەسەر نرخی دراو بریتییە لە هەڵاوسان و، هەڵاوسانیش بریتییە لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خزمەتگوزاری لە ماوەیەکی دیاریکراو، زیادبوونی هەڵاوسان واتە نرخەکان بەخێرایی بەرز دەبنەوە، ئەگەر هاتوو رێژەی هەڵاوسان کەمیش بێت نرخی کاڵا و خزمەتگوزراییەکان هەر بەرزە، بەڵام بە رێژەیەکی کەمتر، وە ئەگەر بێت و هەڵاوسان زۆر بەرزبێت ئەو داهاتەی کە لەبەردەستیانە بۆ کڕینی پێداویستییەکان بەخێراییەکی زیاتر كەم دەبێتەوە و، ئەوەش کاریگەرییەکی نەرێنی دەبێت لەسەر ئابووریی وڵات و لەسەر دراوی ئەو وڵاتە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر هاتوو لە وڵاتێک نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان روو لە دابەزین بێت وەبەرهێنەرەکان ئەمە بە پێنوێنێک دادەنێن لەسەر ئابوورییەکی لاواز، بۆیە لەو حاڵەتەش کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر نرخی دراو لەو وڵاتە.
 
بانکی ناوەندی کار لەسەر رێژەیەکی مامناوەند دەکات لەسەر هەڵاوسان، بانکی ناوەندی هەوڵ دەدات رێژەیەکی پەسندکراو هەبێت بۆ هەڵاوسان، بۆ نموونە لەنێوان 2-3% بێت ئەو رێژەیە و ئەگەر رێژەی هەڵاوسانەکە بە گوێرەی ئەو ئامانجە بوو کە داڕێژرابوو کاریگەریی ئەوتۆی نابێت لەسەر نرخی دراو، واتە نرخی دراو بە جێگیری دەمێنێتەوە، و پێچەوانەشەوە کاریگەریی دەبێت ئەگەر دەرچوو لەو چوارچێوەی کە بۆی داڕێژرابوو، وە بۆ پارێزگاریکردن لە بەکاربەرەکان لە هەڵاوسانی زیاد بەدەر لە رێژەی خۆی بانکی ناوەندی بەو ئاڕاستە دەڕوات کە نرخی سوود زیاد بکات، ئەمەش که وەک چۆن لە پێشتر باسمان لێوەکرد وادەکات کەوا بەکاربەر توانای کڕینی کەمببێتەوە، وە ئەمەش وا دەکات کە نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان دابەزین بەخۆیانەوە ببینن لەگەڵ کەمیی خواست لەسەریان و، کەمیی خواستیش لەسەر کاڵا و خزمەتگوزاری دەبێتە هۆی ئەوەی کە نرخەکەی داببەزێت.
 
کاتێک داتاکانی هەڵاوسان بەرزترە لەوەی کەوا پێشبینیکراوە ئەوانەی کەوا ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن هەڵدەستن بە کڕینی دراوی ئەو وڵاتە لە ترسی ئەوەی نرخی سوودی بانکی زیاد ببێت لەلایەن بانکی ناوەندی، ئەمەش مانای ئەوەیە کەوا نرخی دراوی ئەو وڵاتە بەرز دەبێتەوە بەهۆی داواکاری زۆر لەسەری، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە کارە کارێکی رێژەیيە نەک ستانداری بێت، لەبەر ئەوەی هەڵاوسانی بەرز سەردەکێشی بۆ داخورانی نرخی سەرمایە لەنێو ئەو جۆرە ئابوورییە و ئەمجارە دەبێتەوە هۆی دابەزینی نرخی دراوی ئەو وڵاتە، ئەمە وادەکات کەوا بڵێین تێکڕای هەڵاوسان پێنوێنییەکی ئاڵۆزە کە بتوانرێ نرخی دراوی پێ دیاری بکەین.
 
تووندکرنەوە و شلکردنەوە (Tightening or loosening): دوو چەمک هەن لە زانستی ئابووری، تووندی و نەرمی ئەو دوو چەمکە هەڵوێستی بانکی ناوەندی دیار دەکات لە راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان هەڵاوسان و بووژانەوە، ئەگەر هاتوو بانکی ناوەندی دڵەڕاوکێی هەبوو لە هەڵاوسان ئەو سیاسەتە دەگرێتە بەر کەوا تووندی بێت و نرخی سوود بەرزبکاتەوە، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر بانکی ناوەندی دڵەڕاوکێی هەبوو لە گەشەی ئابووریی سیاسەتی نەرم بەکاردێنێت و، نرخی سوود دادەبەزێنێت.
 
لەوەی رابردوو کە باسمان کرد چەند خاڵێکی گرنگمان بۆ دەردەکەوێت کەوا بریتین لە:
 
1- پێنوێنە ئابوورییەکان بەڵگەن لەسەر بەهێزی و بێهێزی ئابوورییەکی دیاریکراو.
2- ئەوانەی کە ئاڵوگۆڕ بە دراو دەکەن سوود لەو راپۆرتانە دەبینین بۆ نرخی دراو لە داهاتوو.
3- نرخی سوود یەکێکە لە فاکتەرە گرنگەکان کە نرخی دراو دیاریدەکەن. 
4- بەرزبونەوەی نرخی سوود بۆ رێگەگرتن لە هەڵاوسان و نزمبوونەوەشی بۆ بووژانەوەی ئابووری بەکاردێت.
5- زۆربەی کات تێکڕای نرخی سوودی بەرز دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دراو و، نزمبوونەوەشی دەبێتە هۆی نزمبوونی نرخی دراو.
6- بانکی ناوەندی کار لەسەر ئەوە دەکات بگاتە ئاستێکی گونجاو لە هەڵاوسان، ئەگەر هاتوو تێکڕای هەڵاوسان نزمبووەوە لە ئاستەکانی کە پلانی بۆ داناوە ئەوە کاریگەرییەکی خراپی دەبێت لەسەر نرخی دراو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق

عێراقی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران!

پەیوەندیی نێوان ئێران و میزۆپۆتامیا کە دواتر دەبێت بە عێراق، چەندین سەدە تێدەپەڕێنێت و ناکرێت بە تەنیا لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کورت بکرێتەوە. لەبیرمان نەچێت ساسانییەکان یەکەم پایتەختی خۆیان لە میزۆپۆتامیا و شاری تێسیفۆن کە تەنیا 30 کیلۆمەتر لە بەغدای ئێستاوە دوورە