چاوەڕوانی بەغدا بن، بێ شێو سەردەنێنەوە

27-08-2023
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-
 
زۆر جارى دیکە ئەوەم گوتووە، کورد تێگەیشتنێکى هەڵەى بۆ خۆى دروستکردووە لە ناسین و هەڵسەنگاندنى شیعە لە عێراق. بە حوکمى ئەوەى لە سەدەى رابردوو دەسەڵات لە دەستى عەرەبى سوننەدا بوو، ئەو زووڵم و ستەمکارییانەى بەرامبەر بە کورد ئەنجامدراون، لەلایەن دەسەڵاتدارانى سوننەوە پیادەکراوە، هەروەها لەبەرئەوەى شیعەش تا ئەندازەیەک دەچەوسێندرانەوە و چەند حیزبێکى سیاسى ئۆپۆزیسیۆنیان هەبوو کە لەگەڵ کورد لەیەک سەنگەرى دژ بە بەعسدا بوون، ئیدی کورد هەر لەبەرئەوە پێى وابوو شیعە دۆست و پشت و پەناى کورد دەبن. 
 
لەدواى رووخانى سەدام لەسەر بنەماى ئەو وێنا هەڵەیە بۆ شیعە، کورد پشتیوانییەکى لە رادەبەدەرى شیعەکانی کرد تا جومگە گرنگەکانى حوکمڕانیی عێراق بکەوێتە دەستى ئەوانەوە. بێ ئەوەى ئەو مەترسییە لەبەرچاو بگرێت کە ئەوان لەڕووى ژمارەوە زۆرینەن و رەنگە سبەى پرسى زۆرینە و کەمینە بکەنە پاساو بۆ فەرامۆشکردنى ئەو سازان و لێکتێگەیشتنانەى عێراقى نوێیان لەسەر بونیاتنرایەوە. 
 
هەروەها کورد چاوپۆشییەکى زۆریکرد لەو تاوانکارییانەى شیعە بەرانبەر بە سوننەى عەرەب گرتیانەبەر، بێئەوەى ئەو پێویستییە لەبەرچاو بگرێت کە بۆ کورد واباش بوو جۆرێک لە هاوسەنگى لەنێوان شیعە و سوننە هەبووایە، تا لە ئەنجامى ناکۆکى و ململانێى نێوانیان دەرفەتى یاریکردن بۆ کورد فراوانتر بێت. یان هەست بەو مەترسییە بکات لە حاڵەتى سەرکەوتنى سیاسەتى پاکتاوکردنى سوننە لەلایەن شیعەکانەوە، ئەگەرى ئەوە هەیە ئەو مەیلى پاوانخوازییەى شیعە کوردستانیش بگرێتەوە.
 
هەرچەندە هێشتا بەشێکى زۆرى کورد چى لە ئاستى میلـلی و بەتایبەتى لەناو ئەوانەشدا کە خەریکى سیاسەتن، ئەم راستییەیان نەبینیوە یان درک بەوە ناکەن کە کورد وەک نەتەوە و جوگرافیاکەى وەک کوردستان کەوتووەتە ناو ئەو بازنەیەوە کە شیعە چاوى تێبڕیوە و وەک بەشێک لە پێویستیی تەواوکاریى پرۆسەى هیلالى شیعى دەیبینن. هەموو ئەو ناکۆکییانەش لەدواى کشانەوەى ئەمریکاوە لە کۆتایى ساڵى 2011ـەوە لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان سەریهەڵداوە، بەشێکە لەو ستراتیجەى شیعە لە عێراق، بەڵام لەلایەک بەهۆى خراپ ئیدارەدانى هەرێمى کوردستان و بوونى کێشە و ناکۆکیی زۆر لەنێو هێزە سیاسییەکانى کوردستان، لەلایەکى دیکەشەوە بەهۆى ئەوەى ماڵى شیعى ژمارەیەکى زۆر کوردى هەرزانیان کەوتە دەست کە ئەوان بۆ ماکیاجى سیاسەتى شیعە بەکاربەرن و راى گشتیی کوردستان بەجۆرێک ئاراستە بکەن، خەڵک بە ئاسانى درک بە حەقیقەتى حوکمڕانییەی شیعە و مەترسییەکانى لەسەر ئایندەى کوردستان نەکات. 
 
بۆیە هێشتا کارێکى ئاسان نییە بتوانرێت لە کوردستان تێگەیشتنێکى گشتى بۆ حەقیقەتى حوکمڕانى و ناسینى ستراتیجى شیعە دروستبکرێت. سەربارى ئەوەى وا نزیکدەبێتەوە لە 10 ساڵ شیعە سیاسەتى برسیکردنى خەڵکى کوردستانى گرتووەتەبەر، بۆ دوو ساڵیش دەچێت خەریکى لێدانە لە ژێرخان و سەرخانى ئابووریی کوردستان. خەریکى داڕشتنى پلانیشە بۆ لەبەریەکهەڵوەشانەوەى بنەما یاسایى و دەستوورییەکانى حوکمى خۆبەڕێوەبەرێتیی ناوچە کوردییەکان، بەڵام جێى داخە ئەم حەقیقەتانە هەموو نابیندرێن و زۆرن ئەوانەى لە هەموو ئەو ململانێ و ناکۆکییانەى لەنێوان کورد و بەغدا هەیە، کەوتوونەتە ژێر ئەو تەوژمە چەواشەکارییانەى بۆ گۆڕینى سایکۆلۆجیاى شەقامى کورد لە برەودایە و هەر پێیان وایە بەغدا لەسەر حەقە و هەمووى خەتاى کوردستانە.
 
ماوەى زیاتر لە پێنج مانگە بەغدا توانیویەتی رێگە لەوە بگرێت کوردستان نەوت هەناردە بکات کە ئەوە یەکێک لە ئامانجە ستراتیجییەکانى حوکمڕانیی شیعە بوو، بەڵام ئامادە نییە نەک بودجە، تەنانەت بەشى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان پارە بنێرێت. بەپێى ئەو راگەیێندراوانەى لە کۆبوونەوەى هاوبەشى وەفدى هەرێمی کوردستان و بەغداوە بڵاودەکرێنەوە، بەغدا هەر جارە و داواى شتێکى زیادە لە هەرێمى کوردستان دەکات. بەپێى لێدوانى وەزارەتە پەیوەندیدارەکانى هەرێمی کوردستان و بەرپرسە باڵاکانیشى، هیچ شتێک نەماوە کە بەغدا داواى کردبێت و هەرێمی کوردستان پابەند نەبووبێت، بەڵام بەغدا ئامادە نییە پشکى هەرێمی کوردستان لە بودجەى گشتیی عێراق رەوانەى هەرێمی کوردستان بکات. 
 
هەرچەندە ئەم گەمارۆ ئابوورییەى بەغدا کاریگەریی خراپى بۆ سەر ژیانى خەڵکى کوردستان هەبووە، سەتان کێشەى خێزانى و کۆمەڵایەتى لێکەوتووەتەوە، خەڵک لە دۆخێکى خراپدان، بەڵام ئەشێ درێژەکێشانى یارمەتیدەربێت لەوەى وردە وردە خەڵکى کوردستان بەئاگابێنەوە لەوەى ئەوە جەوهەرى حوکمى شیعە و نیەتى راستەقینەى شیعەکانە کە نایانەوێ کورد نینۆکى هەبێت سەرى خۆى پێ بخورێنێت. 
 
هیچ کات لەگەڵ ئەوە نەبوومە کورد سازش بۆ بەغدا بکات، بەڵام لەپێناو دەرخستنى راستییەکان و تێگەیشتنى خەڵکى کوردستان، هەروەها بۆ راستکردنەوەى ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەى لە ناسینى شیعەدا کورد بۆخۆى دروستیکردووە و بەئاگاهاتنەوەى کورد کە لەبەردەم چى ستراتیجێکی مەترسیدارى شیعەدایە، پێشنیازى ئەوە بۆ حکومەتى هەرێمی کوردستان دەکەم پرۆسەى ئەو شتانەى بەغدا داواى دەکات خێراتر بکات، نەک هەر مەلەفى نەوت و دەروازە سنووریەکان، نەک هەر داهاتە جۆراوجۆرەکانى ناوخۆ، بەڵکو داوا لە بەغدا بکات فەرمانبەرى عەرەبى شیعە بنێرن ماڵ بە ماڵ پارەى ئاو و کارەباش کۆبکەنەوە. داوا دەکەم حکومەتى هەرێمی کوردستان داوا لە بەغدا بکات لیژنەیەکى وەقفى شیعی عێراق رابسپێرن بێنە کوردستان تا پارەى زەکات و سەرفترەش کۆبکەنەوە و بیبەن بۆ بەغدا. 
 
دڵنیابن کوردستان هەموو ئەوانەش بکات، بەغدا ئامادە نییە مانگى ملیارێک دۆلار بداتە هەرێمی کوردستان، بەڵام خەڵک هەمووى لەم راستییە تێناگات، هەرێمی کوردستان دەبێت زوو ئەو رێگایانە بگرێتەبەر بۆ ئەوەى ئەم راستییە روونبێتەوە. دواى ئەوە پێویستە بەدواى تەگبیرى حاڵى خۆیدا بگەڕێت، چونکە یەقینبن لەوەى خەڵکى کوردستان چاوەڕوانى نانى بەغدا بن، بێ شێو سەردەنێنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.