سفربوونەوەی وەبەرهێنانی بیانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان

24-06-2024
مەحموود بابان @MahmoodBaban2
A+ A-
بەرایی
 
رۆژانە لە عێراق و هەرێمی کوردستان باس لە پرۆژەی سەتان ملیار دۆلاری دەکرێت کەوا سەرمایەدارانی بیانی ئامادەییان دەربڕیوە وەبەرهێنانی تێدا بکەن، بەڵام لەڕاستیدا ئەو پرۆژانە تەنیا ناوییان هەیە. تەنانەت ئەو پرۆژانەش کە پرۆپۆزەڵ و دیزاین و گرێبەستەکانیان واژۆکراوە، چەندین ساڵە وادەی تەواوبوونیان تێپەڕیووە و تەواونەکراون. وەک پرۆژەی بەندەری فاو، رێککەوتنەکانی تۆتاڵ ئینێرجی، باڵەخانەی بانکی ناوەندی لە عێراق و پرۆژەی هەپی سیتیی چینی لە هەرێمی کوردستان. رەنگە سەرمایەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە عێراقدا سەتان ملیار دۆلار و لە هەرێمی کوردستان دەیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندبێت، بەڵام ئەمانە تەنیا لەسەر کاخەز و لە چوارچێوەی موڵەتپێدان و رێککەوتننامە و واژۆکردنی گرێبەستەکان بووە، نەوەکو ئەوەی لەسەر خاک ببینرێن. 
 
بەپێی راپۆرتی وەبەرهێنانی جیهانی 2023ی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNCTAD) وەبەرهێنانی دەرەکی لەساڵی 2013وە لە عێراق نێگەتیڤ بووە. هەروەها، لەو ساڵەشەوە وەبەرهێنانی دەرەکی لە هەرێمی کوردستان روو لەدابەزین بووە.  
 
کەمبوونەوەی وەبەرهێنانی دەرەکی و بیانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان واتە کەمبوونەوەی هێزی کار و هاتنە ناوەوەی پارەی بیانی و چوونە دەرەوەی پارەی وەبەرهێنەری نێوخۆیی، بنیاتنەنانی پرۆژەی ستراتیژی و درێژخایەن بۆ داهاتوو دەدات. لێرەدا بەخستنەڕووی داتاکانی وەبەرهێنانی دەرەکی لە عێراق و ئاراستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هەڵوەستەیەک لەسەر سفربوونەوە و تەواونەبوونی پرۆژەکانی وەبەرهێنان دەکەین.  
 
نێگەتیڤی وەبەرهێنانی دەرەکی و چیرۆکی پرۆژە گەورەکان لە عێراق 
 
ساڵانە لە بودجەی گشتی عێراق دەیان تریلیۆن دینار بۆ وەبەرهێنان تەرخان دەکرێت، کە دیارترینیان بودجەی سێ ساڵییە، کە بەپێی بودجەکە بوایە لە 2023دا عێراق  38.2 تریلیۆن دیناری بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا خەرج بکردایە، بەڵام وەزارەتی دارایی لە راپۆرتی کۆتایی ساڵ ئاماژەی بە خەرجکردنی 24.1 تریلیۆن دینار بۆ وەبەرهێنان کرد کە 12 تریلیۆن دیناری لەکۆتا مانگی ساڵەکەدا بوو.  
 
هەروەها، رووکردنە وەبەرهێنان لە دەرەوە و کەمبوونەوەی هاتنەناوەوەی وەبەرهێنانی دەرەکی بۆ عێراق لە ماوەی دەیەی رابردوو، وایکردووە کەوا ئاراستەی وەبەرهێنانی دەرەکی لە عێراق نێگەتیڤ بێت. بەشێوەیەک بەپێی راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەساڵی 2013وە تاوەکو 2022 بەردەوام نێگەتیڤ و لەسەروو 2 تریلیۆن دینارەوە بووە. ئەمەش بەواتای ئەو پارەیەی وەک سەرمایەی وەبەرهێنان رۆیشتووەتە دەرەوە زیاتر بووە لەو پارەیەی وەک سەرمایەی وەبەرهێنان هاتووەتە ناوەوەی عێراق کە ساڵ هەبووە گەشتووەتە سەرووی 10 تریلیۆن دینار وەکو لە گرافیکی یەکەمدا هاتووە. 
 

گرافیک1: وەبەرهێنانی دەرەکی لە عێراق 2006-2022
 
ساڵانە دەیان پرۆژەی گەورە و رێککەوتنی نوێ و هاوبەش لە عێراق واژۆدەکرێن، بەڵام ئەو پرۆژە گەورانەی دەچنەبواری جێبەجێکردن و تەواو دەبن ژمارەیان ئەگەر سفر نەبێت ئەوا  دەگمەنن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ساڵ بە ساڵیش رێککەوتنەکەکان دووبارە و سێ بارە واژۆدەکرێنەوە یان پارەیان لە بودجەی گشتی بۆ تەرخاندەکرێت، کە دیارترینیان یەغدایە، کە لە 2007وە بەردەوام باسدەکرێت و لەساڵانی 2007، 2013 و 2020 لە بودجەی پرۆژەی پەرەپێدانی بەغدا هاتووە و لە  بودجەی 2022یشدا 2 ملیار دۆلاری بۆ تەرخانکرا و لە بودجەی پەرەپێدانی بەغدا لە 2023شدا جارێکی دیکە 913 ملیار دیناری بۆ تەرخانکرا  و لە ئەمساڵیشدا، دیزاینەکەی لەسەر کاخەز  بڵاوکرایەوە. 
 
چیرۆکێکی دیکەی سەرنچڕاکیش لە پرۆژە گەورەکاندا، پرۆژە یان باڵەخانە نوێیەکەی بانکی ناوەندی عێراقە کە دیارترین پرۆژەیە و سیمای دارایی و سەرچاوەی پارە بۆ عێراق دەنوێنێت، کەچی دوای مردنی دیزاینەرەکە هێشتا  تەواونەبوو، لەکاتێکدا دیزاینەکەی لە 2012دا تەواوبوو، بەڵام لە 2018دا دەستکرا بە دروستکردنی و بڕیاربوو لە 2023دا تەواوبێت، بەڵام  هێشتا کارکردن تێیدا بەردەوامە. هەموو ئەمانەش سەرەڕای ئەوەی لەکاتی جێبەجێکردندا دەستکارییەکی یەکجار گەورەی دیزاینە بنەڕەتییەکە کراوە.  
 
هەروەها، ساڵی 2019 کۆمپانیای دایۆ پرۆژەی بەندەری فاوی بۆ بنیاتنانی یەکێک لە گەورەترین بەندەرەکان بۆ دەرچوو، کە بڕیاربوو دوای چوار ساڵ تەواوبێت، بەڵام دوای چوار ساڵەکە وەزیری گواستنەوەی عێراق رایگەیاند هێشتا لە 60% کارەکان تەواوبووە و ئێستاش باس لە تەواوبوونی بەشیکی دەکرێت. 
 
ساڵێک و دوو مانگ پێش ئێستا و لەرۆژی 5ی نیسان 2023دا و دوای دوو ساڵ، جارێکی دیکە کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی رایگەیاند کەوا رێککەوتی کردووە بۆ وەبەرهێنانی 10 ملیار دۆلار لە بنیاتنان و پەرەپیدانی ژێرخانی وزە لە عێراق، لەکاتێکدا لەرێککەوتنی 6ی ئەیلوول 2021ی نێوان تۆتاڵ ئینرجی و حکومەتی عێراق باس لە سەرمایەی 27 ملیار دۆلار دەکرا. بەڵام بەپێی رێککەوتنە نوێیەکە بێت، تۆتاڵ ئینرجی بەڕێژە و پشکی 45%، قەتەر ئینرجی بە رێژەی پشکی 25% و کۆمپانیای بەسرەش بە رێژەی 30% لەم وەبەرهێنانەدا بەشدار دەبن کەوا هەوڵی کۆتایهێنان بە سووتانی گازی هاوەڵ لە سێ کیڵگەی نەوتی عێراق دەدات و، وێستگەیەکی کارەبای 1 گێگاواتی بە وزەی خۆر لە بەسرە بنیات دەنێت و پرۆژەیەکی نوێ بۆ بەکارهێنانی ئاوی دەریا لەجیاتی ئاوی خاوێن لەکاتی بەرهەمهێنانی نەوتدا لە عێراق جێبەجێدەکات، کەچی لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا بۆ جاری سێیەم رێککەوتنێک لەنێوان کۆمپانیای تۆتاڵی ئینێرجی و وەزارەتی کارەبا بۆ بنایتنانی 1 گێگاوات کارەبا بە تیشکی خۆر واژۆکرایەوە، نەک ئەوەی کە دەست پێبکرێت!
 
نیوەی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان هێشتا بەردی بناخەکەی دانەنراوە 
 
هەرێمی کوردستان لە 2006وە لە 13 کەرتی جیاواز بە سەرمایەی 69.2 ملیار دۆلار لە 1225 پرۆژەدا وەبەرهێنانی لێ کراوە. دابەشبوونی پرۆژەکانیش لەو ماوەیەدا بەشێوەیەکە کەوا 1151 پرۆژەیان بە سەرمایەی 57.9 ملیار دۆلار خۆماڵی و بەسەرمایەی نێوخۆ بنیاتنراوە ئەگەر تەواو بووبێت، تەنیا 46 پرۆژەیان بیانی و وەبەرهێنەری دەرەکی بووە  بە سەرمایەی 10 ملیار دۆلار، هەروەها 28 پرۆژەشیان بەهاوبەشی لەنێوان سەرمایەدارانی نێوخۆیی و بیانی بە سەرمایەی 1.3 ملیار دۆلار موڵەتی کارکردنیان هەبووە.  
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە وەبەرهێنانی بیانییە لە هەرێمی کوردستان کە رێژەی 14.5%ی کۆی سەرمایەی وەبەرهێنان پێکدەهێنێت، بەڵام نیوەی ئەم وەبەرهێنانە هێشتا بەردی بناخەی پرۆژەکەی دانەنراوە، کە پرۆژەی هەپی سیتیی چینی بوو، کە بەپێی لێدوانەکانی ئەوکات بوایە دەبوایە کۆتایی ساڵی داهاتوو پرۆژەکە تەواو بوایە. 
 
چیرۆکی هەپی سیتی لە وەبەرهێنانی دەرەکی و هاتنەناوەوەی پارەی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان وەرچەرخانێکی گەورە بوو، بەپێی داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان، چین ببووە یەکەمین وڵات کە بەگوژمەی 4.9 ملیار دۆلار وەبەرهێنان بهێنێتە هەرێمی کوردستان. 
 
لەڕاستیدا هەرچەندە ئێستاش پرۆژەکە بەردی بناخەی دانەنراوە، بەڵام بەمشێوەیە دەستیپێکرد وەبەرهێنەرێکی چینی لە مانگی  ئەیلوولی 2020دا پرۆپۆزەڵێکی بەناوی هەپی سیتی بە گوژمەی 4.9 ملیار دۆلار رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی هەولێر کرد، دوای مانگێک کۆنسوڵخانەی چین وردەکاریی پرۆژەکەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "كۆمپانیای په‌كین بۆ كاری وه‌به‌رهێنان له‌ چین پرۆژەیەکی خستووەتەڕوو بەناونیشانی Happy City، كه‌ بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵگەیه‌كی كه‌لتووری گه‌شتیاری له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان. رووبه‌ری نه‌خشه‌ی ئاماده‌كراو بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ 5 ملیۆن مه‌تر دووجا و بڕی پارەی ته‌رخانكراو بریتییه‌ له‌ 5 ملیار دۆلار، پرۆژەکە به‌شێوه‌یه‌ك دیزاینكراوه کەوا ساڵانه‌ توانای پێشوازیكردنی له‌ 15 ملیۆن گه‌شتیار هه‌بێت و شوێنی مانه‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ 80000 كه‌س دابینبكات. هه‌روه‌ها، 8000 هه‌زار هه‌لی كاری راسته‌وخۆ و چه‌ندین هه‌لی كاری ناڕاسته‌وخۆش ده‌سته‌به‌رده‌كات، بۆ یارمه‌تیدانی هه‌ولێر كه‌ ببێت به‌ ناوه‌ندێكی گه‌شتیاری له‌ عێڕاق و ته‌نانه‌ت له‌ رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، هەپی سیتی لە شاری یاریی 1001، ئه‌كوا پارك، هۆتێلی رووكار، شه‌قامی بازرگانی، ڤێلا و ئه‌پارتمانی گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ سه‌نته‌ری وه‌رزشی، ناوه‌ندی خزمه‌تگوزاری، و ئاسانكارییه‌كانی وه‌ك سوپه‌رماركێت و قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌وه‌ و چه‌ندین شتی دیکە پێکدێت".
 
دواتر لە رۆژی 8ی حوزەێران 2021دا خاوەنی پرۆژەی هەپی سیتی دەرکەوت و ئاماژەی بەوەکرد: "پرۆژەکە بەزووترین کات دەستپێدەکات"، بەڵام دوای مانگێک و  لەرۆژی 10ی تەمموز 2021دا وەبەرهێنانی هەولێریش ئاماژەی بەوەکرد " کە بەمنزیکانە بەردی بناخەی دادەنرێت و پرۆژەکە هەندێک قەرەبووکردنەوەی جووتیاران و شوێنی هاونیشتمانیانی ماوە."  هەر لەو ماوانەدا کە باسەکە گەرمبوو،  نی رۆچی،  کۆنسوڵی پێشووی چین لە هەرێمی کوردستان لە 30ی ئەیلوول 2021دا ئاماژەی بەوە کرد کە "لە نزیکترین کاتدا دەستدەکرێت بە پرۆژەی هەپی سیتی کەوا گەورەترین پرۆژەی گەشتیارییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست"، بەڵام دوای سێ ساڵ هیچ نەبینرا.  
 
گرافیک 2: وەبەرهێنانی، خۆماڵی، بیانی و هاوبەش لە 2006-2024 لە هەرێمی کوردستان 
 
 
کۆتایی 
 
چیرۆکی پرۆژە گەورەکان لە عێراق زۆرن کە واژۆکانیان کرا، بەردی بناخەیان دانرا و دەستکرا بەجێبەجێکردنیان، بەڵام تەواونەبوون. هەرچەندە لەسەرەتادا وادەبینرێت کەوا بەهۆی بەرژەوەندی جیاوازەوە ئەنجامی پرۆژەکان بەوشێوەیە بێت، بەڵام  یەکێکی دیکە لەو پرۆژانە رێگای شەمەندەفەر( ئاسنینی) نێوان عێراق – ئێرانە کەوادادەنرا زۆر ئاسان بێت و تەواوبکرێت، هەربۆیەش  بڕیاریان دابوو لە 18 مانگدا تەواوبێت، بەڵام نیوەی ئەو ماوەیە تێپەڕیووە هیشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی بۆ کارکردن لە پرۆژەکەدا.
 
لە مانگەکانی رابردوودا لەکاتی سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغداد و هەولێر باس لە واژۆکردنی رێککەوتنامەیەک کرا بۆ بەستنەوەی رۆژهەڵات بە رۆژئاواوە لەرێگەی عێراق و تورکیاوە کە بە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان ناسێنرا کە درێژییەکەی 1190 کیلۆ مەترە، لەکاتێکدا رێگەی شەمەندەفەری بەسرە –شەلەمچە (ئەهواز) تەنیا 30 کیلۆمەترە و دەیان بەرژەوەندی نێوخۆیی و دەرەکی ناتوانێت دژی بێت، بەڵام لە رێگەی گەشەپێدان بگرە سەتان بەرژەوەندی نێوخۆیی و دەرەکی رۆڵ دەگیڕێت بەردێکی لەسەر بەرد بۆ دابنرێت جگە لە واژۆکردنی رێککەوتن. 
 
لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش ئەم ئاراستەی کەمبوونەوەی وەبەرهێنانی دەرەکییە پەیوەندی بە کێشەی گەورەی ئەمنی و ناسەقامگیری، هەبوونی چەکدارانی دەرەوەی دامەزراوەکان و نەبوونی سیستەمی بانکی بەهێز و لاوازی دامەزراوەکان بۆ جێبەجێکردیان هەبووە، بەڵام نابێت ئەوەش لەبەرچاو نەگرین کە لە دەیەی رابردوو ئاڕاستەی وەبەرهێنانی دەرەکی لە هەموو جیهان رووی لە دابەزین بووە، بەشێوەیەک لە ئاستی جیهان وەبەرهێنانی راستەوخۆی دەرەکی لە دوو تریلیۆن لە 2015دا کەمبووەتەوە بۆ 1.2 تریلیۆن دۆلار لە 2022دا. 
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەسەن رەمزی

باکووری سووریا؛ گرێکوێرەی دیپلۆماسیی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق

ئەگەر ئەنقەرە نەرمی بنوێنێت لە قەوارەیەکی کورد لە سووریا، ئەو کاتە هەنگاوێک نزیکتر دەبێت لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق، هەروەها چارەسەرکردنی پرسی پەکەکە. ​