روانگەی هەر یەکە لە ترەمپ و ئەردۆغان تاوەکو ئاستێک زۆر وابەستەی کاریگەریی کارەکتەری سیاسیی تایبەتیی خۆیانە، بۆیە لە پرۆسەی داڕشتنی بڕیاردا وەک روانگەی زاڵی سەرکردە بەسەر بڕیاری سیاسی سەیر دەکرێت. سەرەتا گرنگە لەوە تێبگەین کە رووخانی رژێمی سووریا دەرفەتێکی مێژوویی دروستکردووە بۆ سەرهەڵدانەوە و بوژانەوەی پرسی کورد لە ناوچەکە و جیهاندا. پرسی کورد قەت وەکو ئێستا داکۆکیکار و بەرگریکاری نەبووە لە ئاستی ناوەندە ئەکادیمی و سیاسییەکانی جیهاندا. ئێستا هەڵوێستی زۆر وڵات زوڵاڵتر و روونترە لە بەرگریکردن لە پرسی کورد. ئەمە بێگومان کاریگەری دەبێت لەسەر پێشڤەچوونی پرسی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش نەک تەنیا لە رۆژئاوای کوردستان.
روانگەی ترەمپ
بۆ تێگەیشتن لە پرسی کورد لە سیاسەتی داهاتووی ترەمپ، گرنگە بزانین پێگەی تورکیا و سووریا لە ستراتیژی دیپلۆماسی "پڕۆژەی 2025" چییە، خاڵی هەستیار ئەوەیە کە ئەم پڕۆژەیە (Project 2025) داوای بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا کردووە. پڕۆژەکە وای دەبینێت، لەبەر رۆشنایی کێبڕکێی جیهانی نێوان ئەمریکا، رووسیا و چین، دەبێت ئەمریکا دڵنیابێت لەوەی تورکیا لە بەرەی رۆژئاوادا بمێنێتەوە. لە پلانەکەدا دان بەوەدا دەنێت کە ئەمە رەنگە پێویستی بە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەنقەرە هەبێت کە واشنتن پشتگیرییەکانی بۆ یەپەگە/پەکەکە رابگرێت، کە ئەنقەرە پێی وایە "مەترسیی وجودی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دروست دەکات"، بەڵام دوای کەوتنی ئەسەد ئێستا دۆخی سووریا و ناوچەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و، پرسی سووریا بۆ ئەمریکا تەنیا کورد نییە، بەڵکو زیاتر تایبەتە بە پرسی ئاسایشی دۆستەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بە تایبەت ئیسرائیل و ئوردن و وڵاتانی کەنداو.
ئەمریکا پێش کەوتنی رژێمی ئەسەد نزیکەی 900 سەربازی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەبوو، ئێستا نزیکەی دوو هەزار سەربازیان هەیە کە بەشێکە لە هاوپەیمانییەکی 80 وڵات بۆ دژایەتیی داعش. دۆناڵد ترەمپ، چەند جارێک گوتویەتی دەیەوێت ئەو هێزانە بکشێنێتەوە. لەم گۆشەیەوە دەتوانین بڵێین کە مانەوەی ئەمریکا لە سووریا گەرەنتی نییە، بەڵام بە ئەگەری زۆر، ئەمریکییەکان هەروا زوو سووریا چۆڵ ناکەن تاوەکو بەڕوونی دۆخی گواستنەوەی دەسەڵاتی سەربازی بۆ مەدەنی نەبینن، واتا چاودێر دەبن لە قۆناخی گواستنەوەی دەسەڵاتی سەربازی بۆ مەدەنی.
لەو قۆناخەدا تورکیا گوشارێكی زۆر دەخاتە سەر ئەمریکا کە بەرگری لە هێزەکانی سووریای دیموکرات نەکەن، بلینکن لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا نەیشاردەوە کە جیاوازیی زۆریان لەگەڵ تورکیا هەیە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لەوانەیە ئیسرائیل کاریگەری لەسەر ئیدارەی دووەمی ترەمپ هەبێت، بەوەی کورد لە سووریا بەتەنیا جێ نەهێڵن. رەنگە دواجار هەر یەکە لە تورکیا و ئەمریکا بگەنە رێکكەوتنێک لەگەڵ هێزە کوردییەکانی سووریا کە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ "پەکەکە" کۆتایی پێبهێنن. هەرچەندە لەناو ئیدارەی دووەمی ترەمپ زۆر كەس هەن کە کورد دەناسن و هەڵوێستی خۆیان بۆ پاڵپشتیی کورد نەشاردووەتەوە، وەک مارکۆ رۆبیۆ (وەزیری دەرەوە)، مارک واڵتز (راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی)، لە کۆنگرێسیش لیندزی گراهام و کریس ڤان هۆڵن، بۆیە پێناچێت رۆژئاوای کوردستان بەو شێوەیە بێت کە تورکیا دەیەوێت. لە قۆناخی راگوزەری دەسەڵات لە سووریا، سیاسەتی ئەمریکا بریتی دەبێت لە کارکردن لەگەڵ ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی.
تۆماس فریدمان چەند رۆژێک دوای کەوتنی رژێمی ئەسەد گوتارێکی لە نیویۆرک تایمز بڵاوکردەوە و گوتی: "ئەگەرێکی زۆر کەم هەیە کۆتاییەکی سەقامگیر لە سووریا ببینین. بە پێچەوانەی رووخانی رژێمی سەدام لە عێراق، لە سووریا ئەمریکا هیچی پێویست نییە جگە لە کەمێک یارمەتیی دارایی و بڕێک هێزی بچووک تا هاوکارییان بکەین بۆ قۆناخی گواستنەوە، بەڵام بەبێ یارمەتی و سەرکردایەتیی ئەمریکا و بڕێک دیپلۆماسییەتی جێگیر و مکوڕ، ئەمە روونادات. کێبڕکێ و ململانێ لەناوخۆی سووریادا – هەروەها لەسەر سووریا لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە بۆ هەموو ناوچەکەدا تەشەنە دەکات. ئەم جەنگە هەتا هەتایە بەردەوام دەبێت، رێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوە و دەرکەوتنەوەی رێکخستنی دەوڵەتی ئیسلامی، لەوانەشە زۆر بە ئاسانی ببێتە هۆی لەقکردن و لەرزاندنی دیموکراسییە فشەڵەکانی عێراق و پادشایەتی لە ئوردون، ئیسرائیلیش بەرەو سووریا رابکێشێت، ئەمەش پێویستی بە ملیارەها دۆلاری هاریکاریی ئەمریکا دەبێت." مەبەستی تۆماس فریدمان ئەوەیە، بۆ ئەوەی ئەمە روونەدات ئەمریکا پێویستە سووریا جێنەهێڵێت و چاودێریی قۆناخی گواستنەوەی دەسەڵات بکات.
بۆیە لەو قۆناخەدا دەسەڵاتی نوێی سووریا خۆی لەنێوان گوشارەکانی واشنتن و ئەنقەرەدا دەبینێتەوە. وەزارەتی دەرەوە بە سەرکردایەتیی مارکۆ روبیۆ و پێنتاگۆن لەژێر گوشاری سێنتکۆم پێدەچێت پێداگری بکات لەسەر هەندێک ئۆتۆنۆمی ئۆپەراسیۆنی بۆ هێزەکانی یەپەگە/هەسەدە لە شەڕیان دژی داعش بە پشتیوانی سەربازیی ئەمریکا بۆ ساڵی 2025 وەک پێوەرێکی مەرجدار بۆ کشانەوەی بەشەکی -(partial withdrawal). ئەگەر یەکە سەربازییە نوێیەکانی سووریا بسەلمێنن کە توانای ئەوەیان هەیە بە شێوەیەکی کاریگەر بەرەنگاری داعش ببنەوە، ئەوا ئەمریکا دەتوانێت لە کۆتایی ساڵی 2026 دا لە سووریا بکشێتەوە. "لە راستیدا دوو گرووپی کێبڕکێکار لەناو تیمەکەی ترەمپدا هەن- یەکێکیان بە قووڵی گۆشەگیرە کە دەیەوێت هێزەکانی ئەمریکا بکشێنێتەوە و پەیوەندییەکانییان لەگەڵ تورکیا چاک بکاتەوە لەسەر پاڵپشتیکردنی کورد. یەکێکی دیکە کە دەیەوێت بمێنێتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی [پاشماوە]ی دەوڵەتی ئیسلامی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا."
هەرچی وڵاتانی عەرەبییە، بە تایبەت میسر و ئوردن و وڵاتانی کەنداو ترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی عێراقیان هەیە لە سووریا، واتا وەک ئەوەی کەوتنی سەدام عێراقی بردە باوەشی ئێرانەوە، ئەوهاش کەوتنی ئەسەد، سووریا بخاتە باوەشی تورکیا، لەو رێگەیەوە تورکیا هەژموون و گوشار بخاتە سەر وڵاتانی ناوچەکە بە ئەمریکاشەوە.
چەند پرسێک هەن کە کاریگەرییان دەبێت لەسەر سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا:
- دڵنیابوون لە ئیدارە و حکومەتی نوێی سووریا، ئایا دەتوانێت سووریا بگوازێتەوە بۆ قۆناخی حکومەتێکی شەرعی و پاراستنی مافی پێکهاتەکان.
- ئایا ئەو حکومەتە تا چەند دەبێتە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل و هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
- ئایا ئەو حکومەت و دەسەڵاتە نوێیەی سووریا دەتوانێت شەڕی دژایەتی تیرۆر بکات، بە تایبەت داعش لە سووریا.
روانگەی ترەمپ زیاتر بیرکردنەوەی بازرگانییانە ئاراستەی دەکات، بە پێوەری "قازانج و زەرەر نەک بوونی روانگەیەکی ئایدۆلۆژیی یان قوتابخانەیەکی سیاسەتی دەرەوە. ترەمپ لە راستیدا هیچ نموونە و میراتێکی سیاسیی راستەقینەی نییە، بەڵکو لە چاویلکەی رێککەوتنەکانەوە deal-making سەیری پرسە جیهانییەکان دەکات. دەکرێت بڵێین کە روانگەی ئەمریکا تاوەکو ئاستێکی زۆر پەیوەستە بە هاوسەنگیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا، بە مانایەکی دیکە فاکتەری تورکیا و ئیسرائیل کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان. بۆ کورد واباشترە ئەمریکا، سیاسەتێکی روونی هەبێت، نەک میزاجی و شەخسی و راڕا. لە رێگەی دامەزراوەکانەوە بێت، وەک سیاسەتی دەرەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و پێنتاگۆن.. هتد.. هاوسۆز نەبێت لەگەڵ دیکتاتۆرەکان و پاڵپشتی بەها دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بێت لە ناوچەکەدا، بەڵام بەداخەوە هیچ کام لەو خەسڵەتانە پێناچێت جێگەی گرنگی بن لای ترەمپ.
روانگەی ئەردۆغان
هەرچی ئەردۆغانە لە روانگەی مێژووی میراتی سیاسی و سەربازی فراوانی عوسمانییەکانەوە سەیری شام و ناوچەکە دەکات، بەڵام ئەو روانگەیە، دووجار بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵ روانگەی عەرەبی و ئێرانی و ئیسرائیلییەکانیش. وەک بەڵگەنامەکان دەریدەخەن، تاوەکو رووخانی ئەسەد، بوونی رووسیا لە سووریا جۆرێک لە گەرەنتی بووە بۆ ئیسرائیل، ئێستا ئیسرائیل ئەو گەرەنتییەی جارانی نەماوە، بۆیە دەبێت خۆی مشووری خۆی بخوات. لەم رووەوە ئیسرائیل دەیەوێت ئامادەیی سەربازیی لە سووریا هەبێت. ئەمەش وا دەکات کە پلانی تورکیا و ئیسرائیل لە سووریا بەر یەکدی بکەون، چونکە بەرژەوەندیی هەردوولایان جیاوازە، هەفتەیەک دوای کەوتنی ئەسەد، هاکان فیدان گوتی، "ئیسرائیل ئایندەی سووریا دەخاتە مەترسییەوە". ئەمە دەکرێت سەرەتای ئەو بەریەککەوتنە بێت.
دوور نییە، ئەم دۆخەی سووریا لەوانەیە ئاستێکی دیکەی ململانێی هەرێمی لێبکەوێتەوە لەنێوان تورکیا و ئێران لە ناوچەکەدا، ئێرانییەکان و شیعەکان هەرگیز ئەوە لەبیرناکەن کە تورکیا لە سووریا دژی بەرژەوەندییەکانی شیعە لە ناوچەکەدا کردی. ئەمەش دەرگە بۆ دەستوەردانی هەرێمی نوێ لە سووریا، عێراق و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش دەکاتەوە، کە دوور نییە دواجار ببێتە لە دایکبوونی سیستمێکی هەرێمیی نوێ لە ناوچەکەدا و هاوسەنگیی هێزی نوێی لێبکەوێتەوە. ئامانجی سەرەکی ئەردۆغان ئەوەیە، ناساندنی هیزەکانی سوریا دیموکرات و یەپەگە وەک هێزێکی ناشەرعی کە لە سوریا نوێ جیگەیان نەبێتەوە، چونکە بە پێچەوانەوە کاریگەری لەسەر پرسی کورد دەبێت لە باکووری کوردستان.
ناردنەوەی نزیکەی سێ ملیۆن ئاوارەی سووریا لە تورکیاوە بۆ سووریا، چونکە ئەمانە هەمیشە وەک خاڵی لاوازی ئەردۆغان دەقۆسترێنەوە لە لایەن نەیارەکانی. بۆ ئەوەی ئەو دژایەتییەی تورکیا بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان لێکەوتەی نەرێنی نەبێت لەسەر ئاکپارتی و دۆخی ناوەخۆی تورکیا و رای گشتیی ئەورووپا و ئەمریکا لە وێناکردنی ئەردۆغان بە دژە کورد، ئەردۆغان هەڵساوە بە دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە ناوەخۆی تورکیا. لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، راستە کەوتنی ئەسەد دەستی تورکیای واڵاترکردووە بۆ ئەوەی وەک کارتێک دژی نەیارەکانی بیجوڵێنێت، بەڵام لە راستیدا تائێستا ئەردۆغان هیچ ئامانجێکی لە سووریا بەدینەهێناوە!
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ