کاتێک كه‌سێک تووشی شێرپەنجە دەبێت، هه‌موو چاوه‌كان له‌سه‌ر چارەسەریی پزیشکییه، هه‌موو به‌دواى باشترین ده‌رمان و پزیشكدا ده‌گه‌ڕێن - ئه‌مه نه‌ک گرنگه، به‌ڵكو بنه‌مایه‌كى سه‌ره‌كییه بۆ چاره‌سه‌ریی - به‌ڵام ئه‌وه به ته‌نیا به‌س نییه.
ئه‌ندامانى خێزان له ناویشیاندا دایبابه‌كان رووبەڕووی نادڵنیاییەکی زۆر دەبنەوە، نەک تەنیا سەبارەت بە تەندروستیی ئه‌و كه‌سه‌ى دووچارى نه‌خۆشییه‌كه بووه، بەڵکو سەبارەت بە توانای خۆشیان بۆ رووبەڕووبوونەوە و هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه‌دا.
گەشتى رووبەڕووبوونەوەى شێرپەنجە پڕیه‌تى له بوێری، پڕیه‌تى له پرسیاری بێ‌شومار و هه‌ندێک جاریش بێ وه‌ڵام. گەشتێکە کە تێیدا بێدەنگی و هه‌واڵ نه‌پرسین له‌لایه‌ن كه‌سانى دیکە‌وه، دەتوانێت وەک خودی نه‌خۆشییه‌كه بۆ بارى ده‌روونیی نه‌خۆش و ئه‌ندامانى خێزانه‌كانیان زیانبەخش بێت.
ئه‌نجامه‌كانى توێژینه‌وه‌یه‌كى ئه‌م دواییه‌ى ئێمه، كه له گۆڤارى بى ئێم سیی پزیشكى ده‌روونیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه و زیاتر له 300 دایبابى كورد كه منداڵه‌كانیان تووشى شێرپه‌نجه بوون تێیدا به‌شداربوون، ئه‌وه‌ى خستووەته روو كه دایبابه‌كان له باردۆخێكى ده‌روونیی ناته‌ندروستدا ده‌ژین. له پاڵ تووندى نه‌خۆشى منداڵه‌كانیان و سه‌ختى بارى ئابوورییان، ئه‌وه‌ى كه له رووى ده‌روونییه‌وه ئه‌وانى خه‌مگین و بێهێز كردووه ئه‌وه‌یه، كه كه‌سه نزیكه‌كانیان، هه‌موو قسه‌كردنێكیان له‌سه‌ر شێرپه‌نجه‌ى منداڵه‌كانیان سنوردار كردووه و بوارێكى وه‌هایان بۆ ناڕه‌خسێنن، كه بتوانن هه‌ست و سوز و نادڵنیاییه‌كانیان سه‌باره‌ت به نه‌خۆشى منداڵه‌كانیان ده‌رببڕن.
به‌رمه‌بناى ئه‌م ئه‌نجامانه، وه‌ک چاره‌سه‌ركارێكى ده‌روونى، ده‌مه‌وێت هه‌ندێک رێنمایی گشتى بخه‌مه‌ڕوو، به ئومێدى ئه‌وه‌ى كه بتوانین باشتر هاوكارى تووشبووانى شێرپه‌نجه و كه‌سوكاره‌كانیان بین.
یه‌كه‌م: ئەگەر تۆ کەسێک ده‌ناسیت خۆى یان ئه‌ندامێكى خێزانه‌كه‌ى تووشى شێرپه‌نجه بووه، ئەوەت لەبیربێت کە ئامادەبوون و قسەکانت دەتوانن گۆڕانکاریی گه‌وره له ژیانى ئه‌و كه‌سانه‌دا دروست بکات. خۆت لە قسه‌كردن له‌سه‌ر شێرپه‌نجه‌ى خۆیان یان كه‌سه نزیكه‌كانیان بەدوور مەگرە، شەرم لە ئازارەکانیان مەکە، لێیان بپرسە کە چۆنن، هه‌ست به‌چى ده‌كه‌ن؟ به وردى گوێ لە وەڵامەکانیان بگرە، کەشێکیان بۆ بڕه‌خسێنه تا بتوانن قسه له‌سه‌ر ئازار، ترس و هیواکانیان بکەن. بیرت نه‌چێ رۆڵی تۆ چاککردنه‌وه‌ى نه‌خۆشیه‌كه‌یان نییە، بەڵکو رۆڵى تۆ ئەوەیە کە شانبەشانی ئەوان لەگه‌ڵ ئازاره‌كانیاندا بڕۆى.
دووه‌م: كاتێک ئه‌وان قسه له‌سه‌ر ئازاره‌كانیان ده‌كه‌ن، باسى ئازار و نه‌هامه‌تییه‌كانى خۆت مه‌كه، مه‌ڵێ گوێ مه‌ده‌یه، مه‌ڵێ منیش ئازارم هه‌یه، منیش نه‌خۆشم. بابه‌ته‌كانیان لێ مه‌گۆڕه، ئه‌گه‌ر نه‌توانى هه‌ر هیچ مه‌ڵێ، له‌برى ئه‌وه، به‌و په‌ڕى ئاماده‌ییه‌وه دابنیشه و گوێیان لێ بگره، ده‌رفه‌تێكیان بۆ بڕه‌خسێنه تا هه‌سته‌كانیان ده‌رببڕن.
سێیه‌م: پێیان مه‌ڵێ "بە هێزبە". هەرچەندە مەبەست له‌م جۆرە دەستەواژانە، ئیلهامبەخشین و هاندانه، بەڵام رەنگە بەبێ مەبەست گوشار بخەنە سەر نه‌خۆشه‌كه یان دایبابه‌كان بۆ شاردنەوەی لاوازیی خۆیان، یان سەرکوتکردنی هەستەکانیان.
ئه‌م جۆره ده‌سته‌واژانه ره‌نگه ببنه هۆى ئه‌وه‌ى كه‌سه‌كه شه‌رم بكات باسى ئازار و كۆژانه‌كانى بكات. زۆرجار ئەوەی مرۆڤەکان لەم بارودۆخانەدا پێویستیان پێیەتی دروشمی پاڵنەر و پێبه‌خشینى بیرۆكه‌ى "بەهێزبە" نییە، بەڵکو هاوسۆزی و پشتیوانی کردارییە. داننانه بە هەستەکانیان، دروستكردنى کەشێکە بتوانن لاوازى خۆیانى تێدا باس بكه‌ن.
چواره‌م: كاتێک كه‌سێک تووشى نه‌خۆشییه‌كى درێژخایه‌ن یان مه‌ترسیدار ده‌بێته‌وه، شکاندنی بەربەستەکانی بێدەنگی لەناو خودى خێزانەکاندا زۆر گرنگە. گفتوگۆی کراوە دەتوانێت لێکتێگەیشتن دروست بکات و هەمووان لێک نزیک بکاتەوە. پێویستە دایبابه‌كان و ئه‌ندامانى دیکەى خێزان هەست بکەن ده‌توانن باسی نیگەرانییەکانیان بکەن، بەبێ ئەوەی بارگرانی لەسەر کەسانی دیکە دروست بکەن. خوشک و براکان پێویستیان به کەشێک هەیە، كه بێ ئه‌وه‌ى كه‌س تانه‌یان لێبدات بتوانن ئه‌وه ده‌رببڕن، کە دۆخى نه‌خۆشیه‌كه چ کاریگەریه‌كى هه‌یه لەسەریان، چۆن به‌رنامه‌ى ژیانیانى گۆڕیوه، هه‌روه‌ها چۆن بتوانن به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر ژیانى رۆژانه‌یان و له هه‌مانكاتیشدا چاودێریی و هاوكارى نه‌خۆشه‌كه‌یان بكه‌ن.
پێنجه‌م: وەک کۆمەڵگەش دەبێت دان بەوەدا بنێین، کە ئه‌و خێزانانه‌ى كه‌سێكیان تووشى شێرپەنجە بووه، زۆرجار رووبەڕووی گرفتى زیاتر دەبنەوە لە ده‌ره‌وه‌ى نەخۆشییەکە. خراپیی بارى دارایی و گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی و ئه‌و گوشاره‌ى ژینگه‌ى ده‌وروبه‌ر دروستى ده‌كات، كه هه‌میشه پێمان ده‌ڵێن ده‌بێت به بەهێزى بمێنینه‌وه بارگرانیه‌كه زیاتر ده‌كات. له‌م بارودۆخانه‌دا پێشکێش‌کردنی یارمەتی پراکتیکی، وەک هاوكارى دارایی و چاودێریکردنی منداڵه‌كانیان، یاخود ئاماده‌كردنى خواردن بۆیان، یارمه‌تیدانیان له پاككردنه‌وه‌ى ماڵه‌كانیان، دەتوانێت بەشێک لەو بارگرانیه‌یان له لا کەم بکاتەوە، ئه‌م ره‌فتاره میهرەبانانه بیریان دەخاتەوە، کە ئه‌وان تەنیا نین.
شه‌شه‌م: پزیشک و كارمه‌ندانى تەندروستی، پێویسته ئه‌و راستیه بزانن، كه له‌پاڵ چاره‌سه‌رییه پزیشكییه‌كاندا، گەورەترین دیاری کە دەتوانیت بیبه‌خشن به نه‌خۆش و خێزانه‌كانیان تێگەیشتنە له ئازار و نه‌هامه‌تییه‌كانیان، سه‌یركردنیانه وەک مرۆڤ نه‌ک "كه‌یسێكی كلینیكى". بیرتان بێ كه بارى ده‌روونى ئه‌وان بە هەمان شێوەی چاره‌سه‌رییه پزیشکییەکان گرنگن. هاوسۆزی و ئارامى له پڕۆسه‌ى چاره‌سه‌ریدا دەتوانێت یارمەتیان بدات تا باشتر و ئاسانتر ئه‌م گه‌شتى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى شێرپه‌نجه‌یه ئه‌نجامبده‌ن.
حه‌وته‌م: داواى هاوكارى له پسپۆڕى ده‌روونى وه‌كو پزیشک و چاره‌سه‌ركارى ده‌روونى، هیچ نه‌نگى و كه‌موكورتیه‌كى تێدا نییەو نیشانەی لاوازیش نییە. گرنگه نه‌خۆش و ئه‌ندامانى خێزانەکانیان هان بدەین بیر لە راوێژکردن بە چارەسەرکارانی دەروونی بکەنەوە، بۆ ئەوەی باشتر لەو ئالنگاریه سۆزداریانە تێبگەن، کە رووبەڕوویان دەبێتەوە، وه‌رگرتنى چاره‌سه‌رى و چاودێرى كه‌سى نه‌خۆش به بارودۆخێكى ده‌روونى جێگره‌وه ئه‌نجامێكى باشتر و پڕ به‌رهه‌مترى لێ چاوه‌ڕێده‌كرێت.
لە کۆتاییدا تووشبووانى شێرپەنجە و خێزانه‌كانیان پێویستیان بە پشتیوانی راستەقینە و هاوسۆزى هه‌ریه‌كه‌مانه. پێکەوە وەک كۆمه‌ڵگه دەتوانین ئەم گەشته‌یان بۆ ئاسانتر و هیوابەخشتر بکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ