زۆرجار بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه ئه‌و وڵاتانه‌ی كوردستانیان داگیركردووه یان كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه، ئه‌گه‌ر وڵاتی دیموكراسی بووایان كێشه‌ی كورد چۆن ده‌بوو؟ هه‌ر زوو راده‌چڵه‌كێم و به ئاگادێمه‌وه، دیموكراسی و داگیركاری دووانه‌یه‌كی دژ به‌یه‌كن، ئه‌گه‌ر دیموكراسی بووان، داگیركاریی رووی نه‌ده‌دا، تا پرۆسه‌ی داگیركاریش به‌رده‌وام بێت، دیموكراسی به‌رهه‌م نایێت. بۆیه چاوه‌ڕوانییه‌كی نالۆژیكییه پێمان وابێت دیموكراسی ده‌توانێت له چوارچێوه‌ی یه‌ك قه‌واره‌دا چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی داگیركراو بكات.
ئه‌شێ دیموكراسی چاره‌سه‌رێكی باش بێت بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئیتنیك و ئایین و مه‌زهه‌بی جیاواز، به‌ڵام پرسی كورد پرسێکی ئیتنیكی و ئایینی و مه‌زهه‌بی و ته‌نیا جیاوازیی نه‌ته‌وه‌ییش نییه؛ بۆ نموونه: هه‌ر یه‌ك له وڵاتانی توركیا و ئێران و عێراق و سووریا بێجگه له كورد و نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ی تورك و فارس و عه‌ره‌ب، چه‌ندین ئیتنیكی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مه‌زهه‌بی جیاوازی تێدایە. ده‌توانرێت به پیاده‌كردنی سیستمێكی دیمكوراسییانه، جۆرێك له دادپه‌روه‌ری ده‌سته‌به‌ر بكرێت كه ئیتنیك و ئایین و مه‌زهه‌به جیاوازه‌كان هه‌ست به جیاكاری نه‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه بۆ كورد و پرسی كورد له‌و وڵاتانه راست نییه، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا پرسی كورد، پرسی داگیركارییه نه‌ك جیاكاریی، كورد خاك و نیشتمانه‌كه‌ی داگیركراوه. ئه‌و پێكهاته و ئیتنیك و ئایین و مه‌زهه‌به جیاوازانه‌ی دیكه، له نیشتمانێكدا ده‌ژین نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته ده‌یانچه‌وسێنێته‌وه، سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات جیاكارییان به‌رانبه‌ر ده‌كات. ئه‌م زووڵم و سته‌مكارییه‌ی سه‌ر ئه‌وان ده‌توانرێت به دیموكراسی چاره‌سه‌ر بكرێت. به‌ڵام بۆ كورد پرسێكی دیكه‌یه.
وه‌ك چۆن ئه‌وه راسته ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌وڵه‌ته‌كانی (سه‌فه‌وی و عوسمانی) دیموكراسیی بووان، داگیركاریی رووی نه‌ده‌دا. ئه‌وه‌ش هه‌ر راسته دوای ئه‌م پرۆسه‌ی داگیركارییانه، توركیا و ئێران و عێراق و سووریا تا پرسی كورد له وڵاته‌كانیان بمێنێ ناتوانن ببن به وڵاتی دیموكراسی، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا دیموكراسی له‌ناو قه‌واره‌ی یه‌ك ده‌وڵه‌تدا چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ناكات. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ببنه سیستمی فیدراڵیش. ئه‌وانه چاره‌سه‌رن بۆ جۆرێك له به‌ڕێوه‌بردن و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات، نه‌ك چاره‌سه‌ری ریشه‌یی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی.
ئه‌مه نه‌ك ته‌نیا هه‌ر بۆ ئێمه‌ی كورد و وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان وایه، بۆ پرسی هه‌موو ئه‌و میلله‌تانه راسته كه خاوه‌ن خاك و جیۆگرافیای خۆیانن و له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی سه‌رده‌سته‌وه خاك و نیشتمانه‌كه‌یان داگیركراوه. له هیچ كیشوه‌رێكی دونیادا دیموكراسی نه‌یتوانیوه ببێته چاره‌سه‌ر ئه‌گه‌ر دابه‌شكاری له وڵاته‌كانیان نەیێتە ئاراوه. گشتپرسییه‌كه‌ی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا له ئیسپانیا كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ گشت‌پرسیی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌رچی له دوو سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی جیاوازی نێو دنیای دیموكراسیی رۆژئاوا و دیكتاتۆریه‌تی رۆژهه‌ڵات بوون، یه‌ك چاره‌نووسمان هه‌بوو. ئیسپانیای ناو سیستمی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و دونیای دیموكراسی ره‌فتاری باشتر نه‌بوو له عێراقی ناو كۆمه‌ڵگەی خێڵه‌كی عه‌ره‌بی و جیهانی ئیسلامی.
لێره‌دا ئه‌وه‌ی بۆ هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆی كورد جێی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر دیموكراسی راسته‌قینه نه‌توانێت ببێته رێگەچارهیهكی لۆژیكی بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد له‌و وڵاتانه‌ی كوردستانیان داگیركردووه، چۆن دیموكراسییه‌كی خه‌ڵه‌تێنه‌ری رووكه‌شانه‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ی له توركیا و عێراق له ئارادایه، یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ر؟ به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌توانرێت ئه‌وه بسه‌لمێندرێت كه ئه‌م جۆره دیموكراسییه ژه‌هرێكی مه‌ترسیداره ده‌كرێته ناخی كورده‌وه، ره‌نگه كورد له‌وه‌دا شانسی هه‌بووبێت كه له سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی دروستبوونی ده‌وڵه‌ته‌كانی توركیای نوێ و عێراقی عه‌ره‌بی ئه‌م شێوازه له دیموكراسیی رووكه‌شانه پهیڕهونهكراوه؛ ئه‌و زووڵم و سته‌مكارییانه‌ی به‌رانبه‌ر به كورد گیراونه‌ته‌به‌ر، یارمه‌یتده‌ر بوون له دروستكردنی گیانی به‌رگریی و مانه‌وه‌ی كورد، ئه‌گه‌رچی هه‌موو رێگەیه‌ك بۆ سڕینه‌وه‌ی گیراوه‌ته‌به‌ر.
مه‌به‌ستمه بڵێم زه‌بروزه‌نگ و سته‌مكاری داگیركه‌رانی كوردستان، لێكه‌وته و كاردانه‌وه‌كانی، ئه‌و بزووتنه‌وه كوردییانه‌ی به‌رهه‌مهێناوه كه له رابردوودا به‌رگرییان له بوون و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد كردووه له به‌شه جیاجیاكانی كوردستان. سه‌رباری به‌خشینی قوربانیی بێ‌شومار، ئازار و مه‌ینه‌تیی چه‌ندین نه‌وه‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌كی میلله‌ته‌كه‌مان، كۆمه‌ڵكوژیی و ده‌ربه‌ده‌ری و ئاواره‌بوون، به‌ڵام نه‌توانراوه كورد و ناسنامه‌ی نیشتمانه‌كه‌ی بسڕنه‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا وه‌ك تاكتیك و سیاسه‌تێكی نوێی ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ر له توركیا و عێراق بهڕێوەدهبرێت به‌ناو رێگه‌خۆشكردن بۆ به‌شداریی كورد له پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت، له 100 ساڵی رابردوو په‌یڕه‌وی لێبكرایە، كاریگه‌ریی زۆر خراپی ده‌بوو له‌سه‌ر خۆوابهستهكردن به نه‌ته‌وه‌ی سهردهستهوە، چونكه ئه‌گه‌ر سته‌مكاری رووحی به‌رگریی چاندبێت، وابه‌سته‌بوون كورد به قه‌ده‌ری توانه‌وه ده‌سپێرێت.
ته‌ماشا بكه‌ن له رابردوودا له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ئه‌و سیاسه‌ته نه‌كراوه، هه‌ر كوردێك نه‌ك له‌ڕووی كردارییه‌وه ئه‌گه‌ر به بیركردنه‌وه‌ش باوه‌ڕی به‌وه هه‌بووبێت ده‌كرێت له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندگه‌رایی ده‌وڵه‌ته‌كان مامه‌ڵه بكرێت، وه‌ك نه‌نگییه‌ك بۆیان تۆماركراوه. ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌ندێك له سیاسی و نوخبه‌ی خوێنده‌واری كورد بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت له باشووری كوردستان بۆ رووكردنه ناوه‌ندی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ی عه‌ره‌ب له به‌غدا، ئه‌گه‌ر پێش په‌یڕه‌وكردنی ئه‌م ستراتیجه نوێیه‌ی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كان، هه‌ر سیاسی و خوێنده‌وارێ له هه‌زاردا یه‌كی ئه‌مه‌ی بگوتبایە، شه‌رمه‌زار ده‌كرا، به‌ڵام ئێستا به ئاشكرا وه‌ك شانازی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت.
بۆ میللـه‌تێكی چه‌وساوه و خاك داگیركراوی وه‌ك كورد، تا ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته ستهمكارتربن، لێكه‌وته‌كانی بۆ دروستكردنی گیانی به‌رگریكردن لای كورد باشتره له دیموكراسییه‌كی رووكه‌شی خه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌ی وه‌ك ئێستا كه ئاراسته‌یه‌كی به‌رهه‌مهێناوه كورد به‌ره‌و شوێنێكی زۆر خراپ ده‌بات.
چاره‌سه‌ری ریشه‌یی پرسی كورد له ناوچه‌كه، پێدانه‌وه‌ی ئه‌و مافه‌یه كه لێی زه‌وتكراوه، ئه‌ویش دهستههڵگرتنیانه له داگیركاریی خاكه‌كه‌ی. هه‌ر رێگەیه‌كی دیكه وه‌ك ده‌روازه‌ی چاره‌سه‌ر بگیرێته‌به‌ر، سه‌رئه‌نجام ئاو ده‌كاته ئاشی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌وه كه كوردستانیان داگیركردووه. بۆیه له هه‌ر به‌شێكی كوردستان هه‌ر ده‌رفه‌تێك به‌ناوی ئاشتی، به‌ناوی به‌شداریی كورد له پرۆسه‌ی حوكمڕانی هاته‌پێش، ده‌بێت كورد وه‌ك وێستگه‌یه‌ك بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ره ریشهییهكه كه‌ڵكی لێوه‌رگرێت، نه‌ك وه‌ك چاره‌سه‌ر بیبینێت، چونكه ئه‌گه‌ر ئامانجه ستراتیجییه‌كه سه‌ربه‌خۆیی نه‌بێت، له هه‌ر وێستگه‌یه‌كی كاتیدا به‌شێك له خه‌سڵه‌تی كێشه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات و دواجار به‌پێی تێپه‌ڕبوونی كات شتێك نامێنێته‌وه به‌ناوی كێشه‌ی كورد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ