حەماس و ئیسرائیل؛ ئاشتییەکی مەحاڵ!

18-08-2024
عادل باخەوان
A+ A-
 
لەو ساتەوەختەوەی کە کۆشکی سپی، دانوستاندنەکانی دەوحەی بە "دوا دەرفەت" ناوبرد، دەرکەوت کە چەند دیپلۆماتەکانی، تایپی برێت ماکگۆرگ، بەهەڵەدا چوون، وەک ئەوەی هیچ تێنەگەیشتبن لەو مێژووە درێژەی دانوستاندنی نێوان ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان کە زیاتر لە 50 ساڵە بەردەوامە، بەبێ ئەوەی دەرئەنجامێکی یەکلاکەرەوەی بەدەستەوەدابێت.
 
بێگومان دیداری دەوحە کە ئەمریکییەکان و میسرییەکان و قەتەرییەکان و ئیسرائیلییەکانی لە 15 و 16ـی ئەم مانگەدا پێکەوە کۆکردەوە، دوور لەوەی کە "دوا دەرفەت" بێت، بایەخێکی گەورەی هەیە، چونکە دیسانەوە پردی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا دروستکردەوە. دروستکردنەوەی ئەم پردە لە دوو ساتەوەختی زۆر هەستیاردان. یەکەمیان بریتیە لەوەی کە جەنگی خوێناویی نێوان ئەم دوو لایەنە 10 مانگی تێپەڕاند و ژمارەی قوربانییانی فەلەستینیش 40 هەزار کەسی تێپەڕاند. هەر رۆژێک زیاتر ئەم جەنگە بەردەوام بێت، واتە بەرزبوونەوەی رێژەی قوربانییەکان و درێژەدان بە تەمەنی کارەساتێك کە جیهان لە رێگەی کەناڵەکانی گەیاندنەوە راستەوخۆ دەیبینێت. زۆر بە دەگمەن دەوڵەتێک هەیە کە لەژێر کارایی کۆمەڵگای مەدەنیدا، ئاوات نەخوازێت بەوەی بە زووترین کات ئەم جەنگە کۆتایی پێنەیێت. دووەمیشیان بریتییە لەو دۆخەی کە، پاش تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و فوئاد شوکر، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی حیزبوڵڵا، لە 31ـی مانگی تەممووز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروستبووە، دۆخێک کە هەموو جیهان چاوەڕوانی ئەو چرکەیە دەکات کە چۆن و کەی و لە کوێ و بەچی کۆماری ئیسلامی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی تۆڵەی خۆیان لە ئیسرائیل دەکەنەوە.
 
کۆبوونەوەی دانوستاندنکارانی ئەم چوار وڵاتە لە دەوحەیەک کە لە هەمانکاتدا لەسەر هێڵی راستەوخۆیە لەگەڵ حەماس و ئێراندا و بارهەڵگری نامە و داواکاری و چاوەڕوانییەکانی ئەوانە بۆ نێو ژوورە داخراوەکانی دانوستاندن، بێگومان بەهایەکی بێسنوور گەورەی هەیە و دەکرێت وەک هەنگاوێکی بەرپرسیارانە لە زەمەنێکی ترسناکدا پێناسەی بکەین. دوو رۆژی درێژ لە گفتوگۆی چڕ بە لێدوانێکی "گەشبینی" کۆشکی سپی کۆتایی پێدێت. من سیفەتی "ساویلکە، سادە و خۆشباوەڕ" دەخەمە پاڵ ئەم گەشبینییەی کۆشکی سپی، بەتایبەتی پاش لێدوانەکەی خودی جۆ بایدن کە دەڵێت، "هەرگیز وەک ئێستا لە رێککەوتن نزیک نەبووینەتەوە". کاتێک کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گوێ لەم لێدوانانەی کۆشکی سپی دەگرێت، هەستێکی بۆ دروستدەبێت کە لە چەند کاتژمێر، رۆژ یان چەند هەفتەی داهاتوودا، هەر هیچ نەبێت ئاگربەستێک رادەگەیێنن و هەموو لایەک رێزی لێدەگرن، بەڵام لە راستیدا سەرۆکی نوێی مەکتەبی سیاسیی حەماس، یەحیا سینوار و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهوو، بە خێرایی ریسەکەیان لێدەکەنەوە بە خوری.
 
نەخشە رێگاکەی بایدن بۆ ئاگربەست
 
تیمی دانوستاندنی کۆشکی سپی بە نەخشە رێگەیەکەوە هاتوون کە لە 31ـی مایسی ئەم ساڵدا، هێڵە سەرەکییەکانیان بۆ راگەیاندنەکان ئاشکراکرد. راستە ئەم نەخشە رێگایە دەرەنجامی چەندین توێژینەوەی وردی دۆخی غەززە و ئیسرائیل و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە بەگشتی، بەڵام ئەوەش راستە کە لە 31ـی مایسەوە، خودی سەرۆک بایدن تەبەنیکردووە و بەناوی ئەوەوە بڵاوبووەتەوە. واتە نەخشە رێگەکە چی دیکە تەنیا پێشنیازی چەند ناوەندێکی توێژینەوە نییە، بەڵکو پڕۆژەی خودی کۆشکی سپییە بۆ ئاشتی. 
 
قۆناخی یەکەمی ئەم نەخشە رێگایە بریتییە لە "هودنیەک"ی شەش هەفتەیی بۆ ئەوەی هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل لە هەموو ئەو ناوچانەی کەرتی غەززە بکشێنەوە کە رووبەری گردبوونەوەی دانیشتووانن بە شێوەیەکی چڕ. لە بەرامبەر ئەمەدا، بزووتنەوەی حەماس، بەشێک لەو 115 بارمتە ئیسرائیلییانە ئازاد دەکات کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە دەستی بەسەریاندا گرتووە و تائێستا لە ژیاندا ماون.
 
قۆناخی دووەمیش بریتییە لە ئازادکردنی تەواوی بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە. ئەگەر حەماس رێزی لەم مەرجە گرت و پاشان رێزی لە بنەماکانی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیلدا گرت، پڕۆژەی بیناکردنەوەی کەرتی غەززە بە سەرپەرشتیی ئەمریکا دەستپێدەکات و وڵاتانی ناوچەکە بەگشتی و عەرەبی سعودیە بەتایبەتی بانگهێشت دەکرێت بۆ بەشداریکردن لە بیناکردنەوە و دەستنیشانکردنی چۆنیەتی و چیەتیی فۆرمی ئیدارەکردنی غەززەی پاش جەنگ. قۆناخی سێیەمیش بریتییە لە چارەسەرێکی یەکجارەکیی دووژمنایەتیی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، لە رێگای گفتوگۆیەکی گشتگیری یەکلاکەرەوە، چونکە، وەک بایدن دەڵێت، نابێت ئەم دوو گەلە، فەلەستینی و ئیسرائیلی، بۆ هەمیشە لە جەنگێکی بەردەوامدا بژین.
 
لەنێو ژوورە داخراوەکانی دانوستاندا دۆزەخێک بۆ ئەمریکییەکان!
 
تراژیدیای ئەم نەخشە رێگایە لەوەدایە کە حکومەتەکی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بە دوو ڤێرژنی تەواو جیاوازەوە لێکدانەوەی بۆ دەکەن، بەڕادەیەک کە هیچ یەکێک لەو دوو ڤێرژنە ناڕۆنەوە سەر ئەوەی کە دانوستاندنکارە ئەمریکییەکان بەگشتی و خودی سەرۆکی ئەمریکا بەتایبەتی دەیەوێت. هەر ئەمەش وادەکات کە هەم ئیسرائیل و هەم حەماس، بەردەوام مەرجی تازە بخەنە سەر مێزی گفتوگۆ و ئەو "گەشبینییە سادەیەی" ئەمریکییەکان بخەنە نێو چوارچێوەیەکی رێژەیی فراوانەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەنێو کۆبوونەوە داخراوەکانەوە دەگەنە دەست ناوەندەکانی بڕیار لە ئەورووپا و لەوێشەوە بەشێکیان دزەیان پێ دەکرێت بۆ نێو ناوەندەکانی توێژینەوە، لە دوایین ساتەکانی 16 ـی مانگدا، ئیسرائیل چەند مەرجێکی نوێی خستووەتە بەردەست دانوستاندنکارەکان و کۆی پرۆسەکەی ئاڵۆزکردووە. یەکێک لەو مەرجانە کە حەماس بە رەهایی رەتیکردووەتەوە بریتییە لە مانەوەی هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی سەلاحەدین کە جولەکەکان پێی دەڵێن فیلادلفیا، کە بریتییە لە هێڵێکی بەرتەسکی 14 کیلۆمەتری سەر سنووری نێوان کەرتی غەززە و میسر. هەروەها مەرجێکی دیکەی ئیسرائیلی کە لە دوا ساتەکاندا دێتە سەر مێزی گفتوگۆ و هیچ پەیوەندییەکی بە نەخشە رێگاکەی جۆ بایدنەوە نییە بریتییە لە مافی ڤیتۆی ئیسرائیل لەسەر ئەو فەلەستینیانەی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدان و دەبێت لەبەرامبەر دیلەکاندا ئازادبکردن. واتە حەماس مافی ئەوەی نییە کە ڤیتۆ بخاتە سەر بارمتە ئیسرائیلییەکان، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت مافی ئەوەی هەبێت کە ڤیتۆ بخاتەسەر هەر فەلەستینییەک کە نایەوێت ئازادی بکات.
 
سەرەڕای ئەم مەرجانە و چەندین مەرجی دیکەش کە بزووتنەوەکەی یەحیا سینوار وەک سوکایەتی سەیریان دەکات و زۆر ئەستەمە بتوانێت قبووڵیان بکات، هێشتا لە چەندین ناوەندی گرنگەوە، بەتایبەتی دەوحە و میسر و بەشێک لە ئێرانییەکانیش، گوشاری بۆ دەهێنن کە لە دانوستاندن نەکشێتەوە و تەنانەت هەوڵ دەدەن لە کۆتاییدا واژۆی رێککەوتن بکات. ئێمە دەبێت لەوە تێبگەین کە سەرکردەکانی حەماس چەند دۆگماتیستێکی دابڕاوی نێو ئەشکەوتە دوورەدەستەکانی ئایدۆلۆژیایەکی داخراو نین، بەڵکو ئەو ئەکتەرانەن کە رۆژانە لەگەڵ گەورە دیپلۆماتکارەکانی جیهاندا مامەڵەدەکەن و لەنێو سیستمی جووڵانەوەی پراگماتیزمی سیاسیی رۆژانەدان. لێرەوە، ئامادەیی ئەو هەموو گوشارە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییەش لەسەریان دەبێت وەک فاکتێکی ئاسایی وەربگرین، فاکتێک کە دەتوانێت لە چەندین ئاستدا کارایی بەسەر ئاراستە ستراتیژییەکانەوە دابنێت. بۆ نموونە: کەسمان تووشی شۆک نەبووین کاتێک لە 31ـی مایسی ئەم ساڵدا، لە بەیاننامەیەکدا حەماس دەستپێشخەرییەکی سەرۆکی ئەمریکای بە "پۆزەتیڤ" پێناسەکرد.
 
بەڕاستی ناتەنیاهوو دەیەوێت جەنگەکە رابگرێت؟
 
سەرەڕای ئامادەیی ئەم هەموو دیپلۆماتە ئەمریکی و ئەورووپی و عەرەبی و ئیسرائیلییەی کە لە گفتوگۆی قوڵدان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژانە چ لەسەر ئاستی گوتار و چ لەسەر ئاستی پراکتیک، بەو ئاراستەیەدا دەمانبات کە راگرتنی جەنگ لەسەر ئەجێندای ئەو نییە. بە پێچەوانەوە، ئەو بەردەوام باس لە جەنگێکی سەرتاسەری دەکات کە سەرکەوتنی یەکجارەکیی سەربازی بۆ ئیسرائیل دەستەبەر دەکات. لە دۆخێکی وادا، بەشداریکردنی ئیسرائیل لە پرۆسێسی دانوستاندن هیچ نییە تەنیا کات کوشتن نەبێت، کات کوشتن لەگەڵ سەرۆک بایدنێکدا کە تەنیا چەند هەفتەیەکی ماوە لە کۆشکی سپیدا، کات کوشتن لەگەڵ حەماسێکدا کە ناتەنیاهوو پێی وایە لە دوایین ساتەکانی مردندایە، کات کوشتن لەگەڵ ئەو ئەورووپییانەدا کە لەژێر گوشاری کۆمەڵگاکانیاندا داوای ئاشتی دەکەن، کات کوشتن لەگەڵ ئەو رژێمە عەرەبییانەدا کە خەون بە لەخاچدانی حەماسەوە دەبینن، بەڵام دیپلۆماتەکانی بایدن، ئامۆس هۆشتاين، برێت ماکگۆرک و ئەنتۆنی بلینکنن کە بەردەوام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن، نایانەوێت باوەڕ بەم فاکتە بکەن. لەوەش زیاتر، ستێفان سێژوورنێ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و داڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاشیان هێناوەتە سەر هێڵ و ئەوانیش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن و دەیانەوێت موستەحیل بکەن بۆ ئەوەی نەک هەر جەنگی غەززە رابگرن، بەڵکو رێگا لە تەقینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بگرن.
 
ئەی ئێران و بەرەی موقاوەمەت؟
 
تەواو بە پێچەوانەی خواستی ئەمریکی و ئەورووپییەکانەوە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەخوازێت، بە هەر میکانیزمێک بووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران رابکێشێتە نێو جەنگێکی هەرێمایەتیی گشتگیرەوە و پێی وایە کە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە نەک هەر ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران، بەڵکو خودی رژێمیش کۆتایی پێبێت.
 
ئایەتوڵاکانی تاران زۆر بە باشی لەم ستراتیژیەتەی بنیامین ناتەنیاهوو تێگەیشتوون، بۆیە بە عەقڵێکی ئێجگار ساردەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا دەکەن. بێگومان وەک هەر کۆمەڵگایەکی دیکەی جیهانی، لە ئێرانیشدا زیاتر لە هێڵێکی بیرکردنەوە ئامادەن، بەڵام لە کۆتاییدا دادوەر کە رابەری گشتیی کۆماری ئیسلامییە، تەنیا و تەنیا ئەو بڕیاردە دەدات کە لەبەرژەوەندیی داهاتوی رژێمدا بێت و بەرژەوەندیی رژێمیش لەوەدایە هیچ جۆرە چەکێک بەکارنەهێنێت کە دواتر خودی خۆی پێبکوژێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئێران و میلیشیاکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا (حەشدی شەعبی، حیزبوڵڵا، حوسییەکان و گرووپەکانی سووریا) هیچ جۆرە وەڵامێکیان لە بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکادا نەبێت. بە پێچەوانەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، فۆرمەکانی وەڵامدانەوە و تۆڵەکردنەوە وەک سەرچاوەیەکی وەبەرهێنان لەسەر پرسی شەرعیەتی بوون و ئامادەبوونی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەبینێت و ناتوانێت خۆی لە بەکارهێنانی مەحرووم بکات. 
 
کۆتایی
 
لەنێو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، هەموو گریمانەکان بە کراوەیی دەمێننەوە، بە گریمانەی ئاشتییەکی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا کە جێگەی ئێران و ئیسرائیلیشی تێدا ببێتەوە، بەڵام لە راستیدا، لە ئێستا و ئێرەدا، هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوەمان دەبەن کە هیچ گەرەنتییەک لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی دیپلۆماتەکانی ئیدارەکەی جۆ بایدن سەرکەوتووبن لە سەپاندنی ئاشتی بەسەر رکابەرەکاندا. هیچ گەرەنتییەک لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی جەنگەکە، سەرەڕای نەبوونی خواستی بەریەککەوتنی فراوان لە تاران لە واشنتن، تەشەنە نەکات و چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەگرێتەوە، هەر لە ئێرانەوە تا دەگاتە عێراق و لوبنان و سووریا و یەمەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دڵنیا رەحمان

جیهان لە چاوی کامێرای کوردستان دا

کچێکی کوردی سنەییم، کۆڵەپشتی رۆژنامەڤانیم لە پشتە، دەچم بۆ نێو جەرگەی شەڕێکی گەورەی نێوان بە رواڵەت دوو دەوڵەت، بەڵام تۆ وادابنێ دوو جەمسەری جیهان. هەرچەند رووماڵی شەڕ مەترسیدارە، بەڵام کارەکە هەستێکی تایبەتم پێدەدات، لەبەرئەوەی ئێمەی کورد زۆر کارەساتمان بەسەر هاتووە و گلەییمان هەبووە کە راگەیاندنی دنیا وەک پێویست بایەخی پێنەداون، کە کۆڕەوی بەهاری 1991ی باشووری کوردستانیش روویدا، هەر راگەیاندنی جیهان بوو، کردییە رۆژەڤی گەورە و جیهانی لێ ئاگادارکردەوە، کەواتە کورد لە بایەخی میدیا تێگەیشتووەو، ئێستا خۆی خاوەنی دەزگایەکی میدیایی ئەوتۆیە کە رووداوەکانی جیهان بە زمانی کوردی دەگوازێتەوە و بە زمانی دیکەش لەگەڵ جیهان دا بەشی دەکات.