چارەنووسى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان

18-07-2023
کاوە گەردی
A+ A-
 
بێگومان پێگەى هەر میللـەتێک لە شەرعیەتى دامودەزگەکانیەتى، هەموومان دەزانین کە دادگەى فیدراڵیی عێراق لە 30-5-2023 بڕیاری راگرتنى کارەکانى پەرلەمانى دا بەبێ ئەوەى بڕیارى چارەسەرى بدات کە ئەمەش ستەمێکى گەورە و نابەرپرسانە بوو بەرامبەر حوکمى هەرێمێکى فیدراڵی بەپێى دەستوورى عێراقى، زۆربەى لایەن و حیزبە سیاسییەکان و دەنگدەران لەم هەرێمەدا رۆژانە بیر لە چارەنووسى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکەنەوە کە ئایا لە ئەمساڵدا هەڵبژاردن دەکرێت یان نا؟ لەم بابەتەدا پێویستە شیکردنەوەیەکى لۆژیکى و مێژوویى بکرێت کە پەیوەستە بەم فاکتەرانەى خوارەوە:
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق
 
دەوری سەرەکی لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە دەستی ئەماندایە و دەتوانن لە ئەمساڵدا ئەنجامى بدەن، چونکە لە رابردوودا ئەزموونی وامان هەبووە وەک لە ساڵی (2005) کە کۆمیسیۆن تازە دامەزرابوو لەدواى رووخانى رژێمى بەعس لە (2003) توانى لە (30/1/2005) سێ هەڵبژاردن ئەنجام بدات لە یەک رۆژ کە هەڵبژاردنەکانى کۆمەڵەى نیشتمانى و ئەنجوومەنى پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانى کوردستان بوو، بە هەمانشێوە لە (2014) لە یەک رۆژدا توانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامبدات، هەروەها لە رووى کاتەوە ئەوەى کۆمیسیۆن پێویستیەتى کە داواى (6) مانگ دەکات، بەڵێ هەیەتى. هەروەها لە رووى هونەرییەوە هیچ کێشەیەکى نییە، چونکە پرۆسەى بایۆمەترى لەدواى هەڵبژاردن (10/10/2020) هەبووە. ئێستاش لە هەرێمی کوردستان و عێراق پرۆسەى نوێکردنەوە تۆمارى دەنگدەران ئەنجام دەدرێت، فەرمانبەرە هەمیشەیى و کاتییەکان لە ئۆفیسەکانى هەرێمی کوردستان ئامادەن و تەجرووبەى هەڵبژاردن لە (2018 و 2021)یان هەیە، پێویستیان بە راهێنان نییە و ئەزموونێکى سەرکەوتوویان هەبوو.
 
پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی کۆمیسیۆن نایەوێت هەڵبژاردن لە ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت؟ لەبەر ئەم هۆیانەى خوارەوە:
 
- حیزبێکی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نایەوێت لە ئەمساڵدا هەڵبژاردن بکرێت، چونکە پێگە و سەنگی لەنێو جەماوەردا کەمبووەتەوە، بۆیە لە رێگەی نوێنەرەکەیەوە لە کۆمیسیۆن هەموو هەوڵێک دەدات بۆ  ئەنجامنەدانی هەڵبژارد. 
 
- هەندێک لایەنی شیعی پێشتریش هەوڵیان دەدا کە شەرعیەت لە هەرێمی کوردستان نەبێت و ئێستاش بە هەمان رێچکە کار دەکەن. 
 
- دادگەی فیدراڵیی عێراق؛ بەپێی ئەزموونی خۆم لە هەڵبژاردنەکانی 10-10-2021، ئەم دادگەیە لەگەڵ کۆمیسیۆنی عێراق و سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق کارێکی نایاساییان کرد کە بووە هۆی لەدەستدانی دوو کورسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگاکانی هەولێر و نەینەوا کە بەمشێوەیە کرا: لە هەموو هەڵبژاردنێک پاش دەرچوونى ئەنجامەکان، ماوەیەک دیاریدەکرێت بۆ تانەلێدان، ماوەکە تەواوبوو، بەڵام ئەوان هەستان بە درێژکردنەوەی ماوەکە بەبێ هۆ و ناویان لێنا پاشکۆی تانەکان کە ئەمە نایاسایى بوو و کارێکی نوێ بوو. 
 
لێرەدا دەمەوێت باسی دانیشتنى دادگەی فیدراڵی لە 18-7-2023 بکەم لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستان کە پێویستە هەر بڕیارێک دەیدات، راسپاردە بێت بۆ پەرلەمانی داهاتووی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن بگۆڕێت نەک ئێستا، تاوەکو هەڵبژاردنی ئەمجارە بە یاسا کۆنەکەی پەرلەمانی کوردستان بێت. 
 
بۆ ئەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 18-12-2023 بکرێت، پێویستە ئەم هەنگاوانە بگیرێنەبەر:
 
- گوشاری زیاتر بخرێتە سەر نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا
- سکاڵا تۆماربکرێت لەسەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە رێگەی دادگەی فیدراڵییەوە
- رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی گوشاری زیاتر بخەنە سەر کۆمیسیۆن لە رێگەی سکاڵا لەسەری، هەروەها لە کۆڕ و سێمینارەکانیاندا باس بکرێت
- راگەیاندن پێویستە رۆڵێکی کارای هەبێت لەم رووەوە

 

کاوە گەردی، نووسەری ئەم وتارە کارگێڕى بەشى هەڵبژاردنى مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستانە
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هیوا جەمال

خاکژمێری

لەسەر خاکی کوردستان هەر نەتەوەیەک بژیت، هەر خاکی کوردستانە، گرنگە ئەمە تۆخبکرێتەوە کە خاکی کوردستانە، نەوەکو خاکی کورد، چونکە لە کوردستان نەتەوەی دیکەی دەژین، کورد نابێت نکۆڵی لەوە بکات، عەرەب لەسەر خاکەکەی بژین، هەروەک چۆن نکۆڵی لە نەتەوەی تورکمان، ئاشووری، کلدان، سریان و ئەرمەن ناکات.