ئامێزی عەشیرەت

18-05-2014
تامان شاكر
نیشانەکردن عەشیرەت هەڵبژاردن
A+ A-

باسكردن لە بنیاتنانی دەوڵەتی كوردی رەنگە بۆ هاووڵاتیی كورد زۆر گرنگ نەبێت، تەنها ئەوكاتە گرنگ دەبێت بەلایەوە و حەماس دەیگرێ، ئەگەر سایتێكی عەرەبی یان بیانی راپرسییەكی دانابێ بۆ دەنگدان، چەند كەسێكی خوێنەر و نەتەوەیی شێری دەكەن لە فەیسبووك و جاڕدەدەن: (تكایە دەنگ بۆ دەوڵەتی كوردی بدەن).

ئەزموونی مانگێك لە هەڵمەتی هەڵبژاردن دڵنیای كردمەوە كە تاكی كورد لە ئامێزی عەشیرەتەكەی زیاتر، لە هیچ شوێنێكی دیكەدا هەست بە دڵنیایی ناكات. دەوڵەت بۆ هاووڵاتیی كورد دەوڵەتی كوردستان نییە كە هەمووان خاوەنی ئەرك و ماف بن و هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن، لەبەر ئەوەی عەشیرەت هەمیشە ئامادەیی تێدایە پشتگیری لە ئەندامەكانی خۆی بكات و لە هەڵبژاردنەكاندا كاندیدی بكات و بەگەرەنتی سەریبخات و لە نەخۆشخانە بەردەركی ژووری پزیشكی بۆ بگرێت و ئەگەر پێویست بێت شەڕی لەسەر بكات، یان سوڵحی عەشایری بۆ بكات هەركاتێك شتێكی لەدەست قەوما.

بۆیە مانەوە لە چوارچێوەی عەشیرەت لە كوردستان دڵنیایی زیاتر دەداتە مرۆڤی كورد. لەكاتی پرۆسەی هەڵبژاردندا  كاندیدەكان خێرا ناوی عەشیرەتەكەیان دەلكێنن بە ناوەكانیانەوە و ئیتر مەكینەی عەشیرەت دەكەوێتە گەڕ بۆ سەرخستنی  ناوی عەشیرەت و كاندیدەكەی، بۆ عەشیرەت گرنگ نییە ئەو كاندیدە بەڕێزە چییە و چی بووە، لە رابردوودا خزمەتی رژێمی بەعسی كردووە یان نا، گرنگ بەرز راگرتنی ناوی پیرۆزی عەشیرەتە.

لە كوردستان مێژوو هەمیشە خۆی دووبارە دەكاتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی كۆمیدی و كوردیش زاكیرەی لاوازە. لە ساڵانی هەشتاكاندا سەددام حوسێن توانی سوپایەكی زۆر گەورە لە كورد دروست بكات و ناوی نا ئەفواج خەفیفە. ئەم فەوجە سووكانە زۆربەیان لەلایەن بەشێك لە سەرۆك عەشیرەتەكانی كوردەوە بەڕێوە دەچوون. هەندێكیان بەشدارییەكی بەرچاویان لە شاڵاوی ئەنفالدا كرد. ئەمڕۆش عەشیرەت ئەم رەونەقەی خۆی لەدەست نەداوە، زۆربەی كاندیدەكان كە هەڵگری بڕوانامەی بەرزن، بۆ سواڵی دەنگ سەردانی سەرۆك عەشیرەتەكانیان دەكرد. لە بیریان چووبوو كە ماوەی چەند ساڵێكە لە شاشەی تیڤییەكانەوە باسی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و ماف و یەكسانی دەكەن لەنێو كۆمەڵگەدا.

دەڵێن رابردوو ئێستا و داهاتوو دروست دەكات، ئەمە بۆ ئێمەی كورد لە درۆیەكی گەورە زیاتر نییە، چونكە رابردووی رەش لێرە داهاتوویەكی گەش بۆ هەندێك كەس دروست دەكات، با منداڵی شەهید و پێشمەرگەش هەر هاوار بكەن و بڵێن باوكم پێشمەرگەی ئەیلول و گوڵان و شۆڕشی نوێ بووە.

پێشنیازی من بۆ ئەوانەی كە دەیانەوێ لە داهاتوودا خۆیان كاندید بكەن بۆ هەر شتێك: ئەگەر عەشیرەت و پارەیان نییە، باشترە ئەو ئەزموونەی ئێمە دووبارە نەكەنەوە، چونكە لەم وڵاتە حیزب كار بۆ منداڵی عەشیرەت دەكات لەبەر دەنگەكانی، خەڵكیش ئەوەی پێخۆشە و لە پەنای ئەواندا دەحەوێتەوە. دیارە مرۆڤی كورد تەنیا لە ئامێزی عەشیرەتدا  دەتوانێ بە ئامانجەكانی بگات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە