دیپلۆماسیيەتی هاوسەنگ

15-01-2024
کارۆخ خۆشناو
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا
A+ A-
 
هێزی نەرم رەگەزێکی گرنگ و کاریگەری دیپلۆماسیی هاوچەرخ و دونیای دیپلۆماسیی ئەمڕۆیە. هەموو ئەکتەرێکی سیاسیی دەوڵەتی و نادەوڵەتی لەڕێگەی هێزی نەرم و کەناڵە دیپلۆماسییە هاوچەرخەکانەوە بەتایبەت گفتوگۆ و سەردانیکردن، دەتوانێت بەرژەوەندیی کیان و جەماوەرەکەی بپارێزێت و پێگەی دیپلۆماسی و یاسایی وڵات یان هەرێمەکەی بەرزبکاتەوە، بەتایبەت دیپلۆماسیی نێوان هەرێمەکان و دەسەڵاتە فیدراڵییەکان لە وڵاتە فیدراڵی و کۆمەڵگە فرەچەشنەکاندا. 
 
سەردانی ئەمجارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم کاتە هەستیارەدا بۆ بەغدا چارەنووسسازە، چونکە هەرێمی کوردستان بە قۆناخێکی سەختی ئابووری و سیاسیدا تێپەڕدەبێت. چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەرگای خێر و قۆناخێکی تازەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بەسەر هەرێمی کوردستاندا بکاتەوە. بەتایبەت کە بەغدا ناوەندێکی نیگاری دەسەڵات، سیاسەت و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانە بەڕووی جیهانی دەرەوەدا و، هەرێمی کوردستان دەتوانێت لەڕێگەیەوە کێشەکانی خۆی لەگەڵدا چارەسەر بکات، هەروەها پەیوەندییەکی کاریگەرتر لەگەڵ کۆمەڵگەی دیپلۆماسیی جیهانی پەرەپێبدات ئەمەش لەڕێگەی کارەکتەرێکی نەرم و خاوەن سرووشتێکی دیپلۆماسیی تایبەت بەخۆی، وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان. 
 
لەم چوارچێوەیەدا دیدارە چڕ و پڕ و فرەلایەنەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەموو لایەنەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق، وەک کلیلی چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراو و هەمیشەییەکان سەیر دەکرێت، بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە سەختە و گەیشتن بە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ کێشەکان، لەسەرووی هەمووشیانەوە پرسی مووچەخۆران، هەموارکردنەوەی بودجەی عێراق، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هێرشە درۆنییەکان و پرسە ئەمنی و جیۆپۆلەتیکییەکان.
 
لێرەوە، گرنگ و پێویستە سەرنجێک بخەینە سەر دیپلۆماسییەت و هێزە نەرمەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک جۆرێک لە 
دیپلۆماسیی هاوسەنگ: (دیپلۆماسیيەتی هاوسەنگ) بریتییە لە ستراتیژیی راگرتنی باڵانس لەنێوان کۆمەڵێک وڵات، لایەنی یار و نەیار و بکەری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. ئەم ستراتیژییە لەلایەن بەشێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندا لەسەر بنەمای (بەرژەوەندی و بنەمای هاوبەش) پەیڕەو دەکرێت، سەرۆک نێچیرڤان بارزانیش هەوڵدەدات هەمان ستراتیژی جێبەجێ بکات، بەو مانایەی هەوڵدەدات ستراتیژیی دیپلۆماسیيەتی هاوسەنگ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش پەیڕەبکات. ئەم ستراتیژە لە قۆناخەکانی ئێستا و داهاتووشدا باشترین ستراتیژە بۆ پاراستنی پێگە و ستاتۆی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری، سەربازی و ئەمنیی هەرێمەکە و بەرەوپێشچوونی زیاتری قەوارەی هەرێمی کوردستان.
 
پاراستنی هەرێمی کوردستان پێویستی بە راگرتنی باڵانسی ناوخۆیی و هەرێمایەتی هەیە. پرسی ئاسایش و سەقامگیریی و بازاڕ بە تەنها لە دەستی دەسەڵاتی خۆجێیيدا نییە، رەهەندێکی هەرێمی و جیۆپۆلەتیکیشی هەیە. فراوانکردنی بەشداریی، کرانەوەی سیاسی و ئابووری و بازاڕ و بازرگانی، رەخساندنی دەرفەت، بنەماکانی حوکمڕانیی باش و رۆڵی یاسا و دامەزراوەی مۆدێرن و بەدامەزراوەییکردن؛ ئەو مەرج و زەمینەسازییەیە، کە دەبێ لەناوخۆدا هەبن و بنیاتبنرێن بۆ ئەوەی ئاسایش، سەقامگیری و گەشەکردن بەردەوام بن.
 
رۆڵی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە راگرتنی ئەم هاوسەنگییە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەدا روون و ئاشكرایە. لە زۆر هەڵوێستی جیاوازدا لە رێگەی پەیوەندییە فراوان و هەمەلایەنەکانی و جموجۆڵە دیپلۆماسییەكانی توانیویەتی فشاری وڵاتانی هەرێمی و تەنانەت بەغداش لەسەر هەرێمی كوردستان كەم بكاتەوە و، دەروازەیەک بۆ دەرچوون لە دۆخە چەقبەستووەكان بدۆزێتەوە. رەنگە روونترین نموونەش جگە لەم قۆناخەی ئێستا، ئەو بارودۆخە بێت، دوای گشتپرسیی سەربەخۆیی ساڵی 2017 بۆ هەرێمی كوردستان هاتە پێشەوە، هەرچەندە گشتپرسییەکە پەیڕەوكردنی مافێكی سادەی خەڵكی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام فشارەكانی قۆناخی دواتری بەغدا و وڵاتانی هەرێمیش بۆ سەر هەرێمی كوردستان بە رادەیەك زۆر بوون، كاریان كردبووە سەر ژیانی خەڵك و ترسیان خستبووە دڵی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانەوە.
 
لەو كاتە هەستیارەدا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، بە دووربینی و خوێندنەوەی واقیعیانەی بۆ بارودۆخی ئێستا و ئەو كاتە، دەستی بە جموجۆڵە كاریگەرەكانی كردووە و لە رێگەی چەند گەشتێك و هەوڵێكی دیپلۆماسییەوە، رۆڵێكی گرنگی گێڕا لە كەمكردنەوەی فشارەكانی سەر هەرێمی كوردستان و تێپەڕاندنی ئەو قۆناخە هەستیارە بۆ قۆناخێكی دیكە، كە دڵنیایی زیاتریان بە خەڵكی هەرێمی كوردستان دا. هەروەک چۆن لە وتاری دەستبەکاربوونیدا جەنابیان گوتی "ئەرکی سەرۆکی هەرێم دەبێت، رێخۆشبکات و زەمینەسازی بکات بۆ لێکنزیکبوونەوەی هەرێم لەگەڵ دراوسێکان، بۆ گەشەپێدانی ئابووری، بازرگانی و بەهێزکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی و دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ گرفت و بەرژەوەندیی هاوبەش. ئەم جۆرە کارکردنانە هیچ کات نابنە مەترسی بۆ عێراق، بەڵکو دەبنە هۆی پتەوکردنی دۆستایەتی و پەیوەندیی دراوسێیەتی لەگەڵیاندا. پاراستن و گەشەپێدانی پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ دۆستان و هێزی نێودەوڵەتی، کە مانەوە و سەقامگیریی هەرێمیان مەبەستە و بە بەرژەوەندیی دەزانن، ئەرکی سەر شانی سەرۆکی هەرێمە. هەموومان دەزانین بەبێ هاوکاری و هەماهەنگی و فریاگوزاریی هێزی نێودەوڵەتی، داعش دەیتوانی زیانێکی زۆر زیاتر بە کوردستان و عێراق و جیهانیش بگەیەنێت."
 
ئێستا دەبێت جارێکی دیکە ئەوە بەبیرخۆمان بهێنینەوە؛ هێزی نەرم، دیپلۆماسیی هاوچەرخ و سرووشتی دیپلۆماسیی سەرۆکی هەرێم، دەرگەیەکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی مانەوەی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشەکان و گۆڕینی هەڕەشەکان بۆ دەرفەت، بەتایبەت لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند و بەغدا. نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت؛ هەولێر و بەغدا دوو ئەکتەری سەرەکیی دەوڵەتی عێراقی دوای ساڵی 2003 و عێراقی تازەن و، سەرۆکی هەرێم ئێستا سەرکردایەتیی کیانی هەرێمی کوردستان دەکات لەڕێگەی هێزی نەرم و دیپلۆماسییەتی تایبەت بەخۆیەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق

عێراقی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران!

پەیوەندیی نێوان ئێران و میزۆپۆتامیا کە دواتر دەبێت بە عێراق، چەندین سەدە تێدەپەڕێنێت و ناکرێت بە تەنیا لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کورت بکرێتەوە. لەبیرمان نەچێت ساسانییەکان یەکەم پایتەختی خۆیان لە میزۆپۆتامیا و شاری تێسیفۆن کە تەنیا 30 کیلۆمەتر لە بەغدای ئێستاوە دوورە